بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، دڕکێ چاوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا

جینایەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات هەروا بەردەوامە. ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان، بەرپرسانی خۆجێیی کوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) ڕایانگەیاند، هێزی ئاسمانی تورکیا جارێکی دیکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەرتەشی تورکیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ بەدواوە بە کەڵک وەرگرتن لە سەرقاڵبوونی میدیاکان و ڕای گشتی لەسەر هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لە درێژەی هێرشەکانی پێشوویدا بە بەردەوامی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات بۆردومان دەکات. لەم هێرشە وەحشیانەدا، وێستگەکانی کارەبا و سەرچاوەکانی گواستنەوەی وزە و پاڵاوگەکانی نەوت لەناوچوون. ئەوان چەندین جار نەخۆشخانە و نانەواخانە و سەرچاوە ئاوییەکانیان داوەتە بەر هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی. ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە لەناوبردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و “هێزەکانی سوریای دێموکراتە” کە تیایدا ئۆرگانە سیاسی، دادوەری، پەروەردەیی، ئیداری و سەربازییەکانی ڕۆژئاوا، لەوانە یەپەگە (یەکینەکانی پاراستنی گەل) و یەپەژە (یەکینەکانی پاراستنی ژنان ) ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. ئەرتەشی تورکیا جگە لە هێرشی ئاسمانی، هێزە بەکرێگیراوەکانیشی بۆ هێرشی زەمینی بەکارهێناوە، کە بەهۆی بەرخۆدانی بوێرانەی هێزە چەکدارەکانی ژنان و پیاوانی ناوچەکە بەرپەرچ دراوەتەوە. بەڵام سەرەڕای هێرشە تاوانکارییەکانی ئەرتەشی تورکیا، دامەزراوە دێموکراتیک و جەماوەرییەکانی هەڵبژێردراوی خەڵک، خزمەتگوزارییە گشتیەکانیان لە هیچ بوارێکدا ڕانەگرتووە. هاوکات هاوپشتییەکی بەربڵاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی وئێرانییەکانی سەرچاوەگرتوو لە هێرشی دڕندانەی ئەرتەشی تورکیا و هێزە بەکرێگیراواەکانی، پێکهاتووە. لە ئاوا دۆخێکدا مەراسیمی دەرچوونی ٢٥٠ خوێندکاری زانکۆی کۆبانی، لە یاریگای ئەم شارە بەڕێوەچوو کە هەزاران کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە تیایدا بەشدار بوون. بڕیار بوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و لە پێناو پاراستنی ئەمنییەتی دەنگدەران، بۆ ماوەیەکی کاتی دواخراوە.

هاوکات لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژئاوا بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک، هەوڵەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەمەبەستی یارمەتیدانی خەڵکی خەباتکاری ڕۆژئاوا بەردەوامە. لەم دواییانەدا لە بڕلین کەمپەینێکی نێونەتەوەیی بە ئامانجی دانانی پانێڵی خۆر، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ دامەزراوە گشتییەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و هتد، دەستیپێکردووە. شەرڤان بێری، پزیشک و ئەندامی دامەزرێنەری مانگی سووری کوردستان، کە تا ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەی ئەو دامەزراوەیەش بوو، لە مەراسیمی دەستپێکردنی کەمپینەکەدا لە بەرلین ڕایگەیاند: لەژێر سێبەری شەڕی غەززەدا، تورکیا چەندین مانگە بە هێرشەکانی خۆی، تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات، بەبێ ئەوەی کۆمەڵگای “ڕۆژئاوا لەم بابەتەوە هیچ کارێک بکات”. ناوبراو وتی کە هێرشەکان ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای تا ڕادەیەکی زۆر پەکخستووە. سەدان گوند و کۆمەڵگەی جەماوەری بەهۆی هێرشەکانەوە، بەتەواوی لە دونیای دەرەوە دابڕاون و دانیشتوانەکەیان ناچارن بەبێ کارەبا و لە تاریکیدا بەسەر ببەن. مەدیکۆ ئینتەرناشناڵ کە ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستە و لە ئاڵمان چالاکی دەکات، پشتگیری خۆی لە کەمپەینی “هاوپشتی خۆر” ڕاگەیاندووە. هەروەها ئیبۆ محەممەد لە ڕێکخراوی “هەینییەکان بۆ داهاتوو” سەر بە لقی ئاڵمانیش، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم کەمپەینە ڕاگەیاند و وتی: ئێمە قەرزاری خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاین و دەبێت هاوکاریان بکەین. لە هەمان کاتدا بیرمەندانی بەناوبانگی جیهانی وەک نوام چۆمسکی، دەیڤید هارۆی لە ئەمریکا، ئایدا شبلی لە فەلەستین و ڕاژێندرا سینگ لە هیندستان و دەیان بیرمەندی دیکەی بەناوبانگی جیهانی، پشتیوانییان لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی و نیزامی کۆمۆنیی ڕۆژئاوا کردووە. دەوڵەتی تورکیا کە ناتوانێت بوونی هیچ ڕادەیەک لە دێموکراسی و ئازادی هەڵبژاردن لەم ناوچەیە تەحەمول بکات، بڕیاری لە ناوبردنی داوە، بەڵام خۆڕاگریی دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پاڵپشتی ئینساندۆستان، سۆسیالیستەکان و سەرجەم ئازادیخوازان، بووەتە هۆی ئەوەی کە “هێزەکانی سوریای دێموکرات” ئەردۆغان و هێزە نیزامی و بەکرێگیراوەکانی، لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بکەنەوە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

شنۆ؛ برینداربوونی هاووڵاتییەک لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە

ی ژوئن 9 , 2024
هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری شنۆ برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری شنۆ بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ هاووڵاتیەکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کردە ئامانج و ناوبراویان بریندارکرد. ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە “جەعفەر گەردی” […]

You May Like