هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕانە و خەبات و داواکاری کرێکاران

دوازدەهەمین خولی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و ئەو ناوەندەی کە خەڵک بەدروستی پێی دەڵێن مەجلیسی نووستوەکان، لە بازنەیەکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسکتر دەبێتەوە و لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە ناوی هەڵبژاردنی لێنراوە، له دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت که له ژێر گورزی قورسی بەشە جۆراوجۆرەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” دایه. خەبات و تێکۆشانی کرێکاران، خەباتی سەرتاسەری و بوێرانە و سەرکەوتووانەی ژنان، خەباتی شکۆداری دژبە سزای لە سێدارەدان کە مانگرتنی گشتی و سەرکەوتووانەی ١٠ی ڕێبەندان لە جوگرافیای کوردستان، سەرتاسەری کردەوە، خەباتی کچان و کوڕانی لاو و زیندانیانی سیاسی ژن و پیاو لە زیندانەکانی ڕژیمدا، چەند هێما و بواری بەردەوامیی، ئەم شۆڕشەن. کرێکارانی دڵ پڕ لە ڕق و توڕەیی، ڕۆژ بەڕۆژ خەباتەکیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان، لەدژی ستەم و چەوساندنەوەی حکوومەتی سەرمایەداری ئیسلامی و خاوەنکارەکان قووڵتر و بەربڵاوتر کردووە. بەرپرسانی ڕژیم دەزانن کە خەڵکێکی کەم لە ڕووی ناچاری یان بەهۆی جیرەخۆرییانەوە لە نمایشی گاڵتەجاڕی دەنگداندا بەشداری دەکەن. ئەوان نیگەران نین لەوەی کە ئەمجارە زۆرینەی ڕەهای خەڵک ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئێستا بەرپرسانی ڕژیمی زۆر نیگەران کردووە و خەوی لە چاویان زڕاندووە، بریتییە لە ئەگەری سەرهەڵدان و ئاخێزی بەرینی جەماوەریی لە ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوودا بە ناوەندییەتی خەبات و داواکاری کرێکاریی. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، کرێکارانی فەرمی، کرێکارانی ئەرکانی سالس و شیرکەتی نەوت و پێترۆشیمیی لە ڕووی ئاستی خەبات و ناڕەزایەتی و ژمارەی ئاکسیۆن و ویست و داواکاری ڕادیکاڵەوە، پێشەنگی بزووتنەوەی کرێکاریی بوون. ئەوان کۆمەڵێک داواکاری گرنگیان هەیە، کە یەکێک لەوانە بریتییە لە دوورخستنەوەی پەیمانکارەکان. ئەم داواکارییانە لە هەندێک بابەتدا دەستەبەر بوون، کە نموونەیەکیان لە کۆمەڵگەی پێترۆشیمی تەورێز بە گۆڕینی گرێبەستی زیاتر لە هەزار و ٢٥٠ کرێکاری پەیمانکاری و دوورخستنەوەی ٩ شیرکەتی پەیمانکار بە کردەوە دەرهاتووە.

کرێکارانی فولادی ئەهواز لەم بوارەدا نموونەیەکی هەرە دیارن. ئەوان لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا خولی دووەمی مانگرتنەکانیان دەستپێکرد. کرێکارانی خەباتکار و شێلگیری فولاد کە دوای مانگرتنێکی چەند ڕۆژە لە مانگی ڕێبەنداندا، بە مەرجی جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و گەڕانەوە بۆ سەر کاری کرێکارانی دەرکراو کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو، دوای ئەوەی کە بەڵێنەکان بەکردەوە دەرنەهاتن، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان، مانگرتنەکەیان سەرلەنوێ دەست پێکردەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خەباتی ئەم کرێکارانە ئەوە بووە کە لە کاتی مانگرتنەکەیاندا پشتیان بە شۆڕا و بڕیارە بە کۆمەڵەکان بەستووە. دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللی، ٩ی ڕێبەندان لە بەیاننامەیەکدا لە ژێر ناوی “بۆچی مانمان گرتووە” ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی “نائەمنکردنی کار” و “بە کاتیکردنی هێزی کار” گرت و لەسەر داواکارییەکانیان کە بریتین لە جێبەجێکردنی تەواوی تەرحی تەبەقەبەندی، گۆڕینی دۆخی کارمەندانی شیرکەتی شەفەق، یەکسانکردنی حەقدەستی کرێکاران، بەشداریکردنی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندە و کۆتایی هێنان بە داگیرکاری بانکی میللی، پێداگرییان کرد.

لە بەشێک لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە: ” ئەم شیرکەتە بەر لە هەموو شتێک هی ئێمەیە، ئەو کارەساتەی حکوومەت بە ڕادەستکردنەکان، بەسەر ئەم پیشەسازییەیدا هێناوە، هۆکاری سەرەکی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەکانە”. حکوومەت خۆی بەرپرسیارە لەو سپیکردنەوەی پارەیەی کە لە قازانجی زۆر و زەوەندی گرووپی میللی و شەفەق و ئەکسین دا ڕوودەدات. بانکی میللی شایستەی بەڕێوەبردنی ئەو شیرکەتە نییە چونکە ئێرە بە شوێنێکی ئەمن و سڵامەت بۆ سەرمایەکەی خۆی دەزانێت. تەنها ئێمە دڵسۆز و پارێزەری ئەم کارگەیەین و توانایی بەڕێوەبردنی بەشەکان و وەکارخستنی هێڵەکانمان هەیە. ئەمجارە مانمان گرتووە و تا گەیشتن بە ویست و داخوازییەکانمان شێلگیرانە بەردەوام دەبین و خەڵکی ئازیزی ئەهوازیش لەگەڵ خۆمان دەخەین. ئەوان دروشمی ” عەداڵەتمان نەدیوە، ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”یان داهێنا و لە خۆپیشاندانی شەقامەکانی شاری ئەهوازدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەرزیان کردەوە و کردیان بە وێردی سەر زمان. مانگرتنی شکۆداری ئەم کرێکارانە ئیلهامبەخش بووە و شەپۆلێکی پشتیوانی لە نێو ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکاریی و مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی خانەنشینان و چالاکانی کۆمەڵایەتیدا هەڵخراند. شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان نووسیوییان: کرێکارانی گرووپی میللی فولادی ئەهواز بە ناڕەزایەتییەکی گەورە و شکۆدار شەقامەکانی شاریان بۆ خەڵک گەڕاندەوە. ئەوان دروشمی ئەو کرێکارانەیان بە ” ژیرانە و پێشکەوتنخوازانە” ناوبرد.کرێکارانی خانەنشین و زەحمەتکێش لە بەشی پیشەسازی و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان، کە بە کۆبوونەوەی ڕێکوپێک و بەردەوام ستایش و پشتیوانییەکی بەربڵاوی کۆمەڵگایان بەرەولای خۆیان ڕاکێشاوە، ڕێکخستنەکانی خۆیان باشتر کردووە و جگە لە داواکاری سنفی- بژێوی، کۆمەڵێک داواکاری سیاسی گرنگیشیان بەرز کردووەتەوە کە بریتین لە: یان مردن یان ژیان، شەرمەزاری بۆ ئەم کۆیلایەتییە- عەداڵەتمان نەدی و تەنیا درۆمان بیست، یەکگرتویی و یەکێتی لەدژی هەژاری و گەندەڵی، کرێکار و مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێن و دادپەروەریمان نەبینی، دەنگ بە دزەکان نادەین. کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانەوە بە تووندی کەوتووەتە بەر نەفرەت و بێزاری، لە دوایین خولی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، بە هیوای بەهێزکردن و یەکدەستکردنی دەسەڵات، کەسێکی گوێ لەمست و بەدناوی هێنایە سەرکار. ئێستا دەبێت بزانین ئەمجارەیان ئەم سیناریۆی گاڵتەجاڕییە سەبارەت بە هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، چۆن بەڕێوە دەبرێت؟

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کوردستان؛ برینداربوونی ٢٠ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود

د فوریه 26 , 2024
برینداربوونی لانیکەم ٢٠ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، داڵاهۆ، سەلاس باوەجانی، مەریوان، سەوڵاوا، سنە و پاوە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی نەوسوود. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە دەمانچەی ساچمەیی تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە هێڵی سنووریی نەوسوود کردووە، […]

You May Like