شادی و هەڵپەڕکێی ئاوێتە لەگەڵ دروشمی شۆڕشگێڕانە و دژە حکوومەتی لە شەوی چوارشەممەی سووریدا

ئێوارەێی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممە، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک و بەتایبەتی لاوانی کچ و کوڕ بە کردنەوەی ئاگر و سەما و هەڵپەڕکێ و بازدان بەسەر ئاگرەکەدا، کۆتا چوارشەممەی ساڵی ١٠٤٢یان کرد بە مەیدانی نەبرددێکی سیاسی تر، مەیدانی خەباتگێرانی درێژەپێدەری شۆڕشی ژینا لە دژی کۆماری ئیسلامی. نەبەردی ئەمساڵ لەبەر چاوی هێزە زۆر و زەوەندەکانی ڕژیم و بەتایبەت لیباس شەخسییە بەکرێگیراوەکان و سەرەڕای پڕوپاگەندەی بەربڵاوی میدیا دەوڵەتییەکان دژ بە ڕێوڕەسمەکانی شەوی چوارشەممە سووری و دوابەدوای شکست و ناکامی حکوومەتی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا، لە ئاستێکی بەربڵاوتر لە ساڵانی ڕابردوو، بەڕێوەچوو. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵگرییەکان و ئەو وێنە و ویدئۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لاوانی تێکۆشەر بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “ئازادی، ئازادی، ئازادی” ئاگری شەوی چوارشەممە سوورییان داگیرساند و لە دەوری ئاگرەکە دەستیان کرد بە سەما و شادی و هەڵپەڕکێ. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتووە، ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووری لە سەدان شار و گوندی جۆراوجۆر، لەوانە گەڕەک و شارۆچکە جۆراوجۆرەکانی تاران، ئیسفەهان، ڕەشت، سنە، دیواندەرە، سەقز شوێنی لە دایکبوونی ژینا ئەمینی ئازیز، ڕەوانسەر، زاهیدان، قوروە، کرماشان و گوندەکانی ئەوێهەنگ، تەنگیسەر و هتد، بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوەچوون. بەشدارانی ڕێوڕەسمی شارۆچکەی ئەکباتانی تاران، وێڕای سووتاندنی وێنەی خامنەیی و وتنەوەی دروشمی مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی، یادی ئارمیتا گراواند گیانبەختکردووی شۆڕش و نافەرمانی مەدەنییان بەرز ڕاگرت. لە کوردستان دایە شەریفە دایکی ڕامین حسێن پەناهی زیندانی سیاسی، کە ساڵی ٩٧ لە سێدارە درا، هاوکات لەگەڵ ئاگرکردنەوەکان، لە ئەکتێکی ڕەمزیدا دژ بە ئێعدامەکان، پەتێکی سێدارەی ئاگر تێبەردا. لە ناحیەی گیشای تاران، خەڵک وێڕای وتنەوەی دروشم لە دەوری ئاگرەکە، سەمای کوردییان کرد.

پۆلیس و ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ڕژیم، سەرجەم ئەو دیمەنانەیان سانسۆر کرد و تەنیا ڕووداوەکانی سەرچاوەگرتوو لە دروستکردنی نارنجۆکی دەستی و ئاگرکەوتنەوە و هێرشی خەڵک بۆ سەر ماشێنێکی ئاگرکوژێنەوەیان بڵاوکردەوە کە لە ڕاستیدا لەلایەن پۆلیسەوە بەکارهاتبوو. پۆلیس و ڕاگەیاندنەکانی ڕژیم بە ئەنقەست ئەو ڕاستییەیان چەواشە کردووە و دەیشارنەوە کە پۆلیس ئەو ماشێنی ئاگرکوژێنەوەی بەکار هێناوە و جەماوەری وشیار بەوجۆرە بێزاری و تووڕەیی خۆیان دژ بەو کردەوەیەی سەرکوتگەرانی ڕژیم دەربڕیوە. ئەوان هیچ ئاماژەیەکیان بەوە نەکردووە کە ئەو یارییە ئاگرین و نارنجۆکانەی کە هەندێک جار بەرەو هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیم فڕێدراون، نیشانەی تووڕەیی و ڕق و بێزاریی قووڵی جەماوەری ناڕازی و گەنج و لاوەکانە دژ بە کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوەکانی. خەڵک جگە لە هەژاری و بێکاریی، حەقدەستی کەم و مەمرە و مەژی، گرانی و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام، لە دەست پڕوپاگەندەی نەریتی دواکەوتووانەی ئایینی، لەخۆدان و ماتەمینی و مەرگیش وەزاڵە هاتوون و لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی بە سەما و هەڵپەڕکێ و یاریی ئاگرین و شێوازەکانی دیکەی شادی دەربڕین، دەچنە شەڕی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپەرست و جینایەتکارە. ڕژیمی ئیسلامی لە جەژن و شادی خەڵک دەترسێت. ئەم ڕژیمە نەک هەر لە نەورۆزدا، بەڵکوو بە درێژایی ساڵ نایهەوێ بزەی شادی و خۆشی بکەوێتە سەرلێوی خەڵک، خەمۆکی و نائومێدی و بێهیوایی خەڵک، هۆکار دەبێت بۆ درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕژیمە کۆمەڵگایەکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دەوێت کە تێیدا مرۆڤەکان لە ئاست ئەو چارەنووسەی کە ڕژیم بۆی دیاریکردوون، سەر دابنەوێنن. ڕێوڕسمەکانی هاوسەرگیری بە بیانووی ئەوەی کە تێیاندا حیجابی ئسلامی ڕەچاو ناکرێت و مەودای نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو ناگیرێت، تێکدەدات. ڕێگری دەکات لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت و مۆسیقا. ئەو گەنج و لاوانەی کە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە و ساتێکی خۆش بەیەکەوە بەسەر دەبەن، دەداتە بەر ئەزیەت و ئازار و سوکایەتیان پێدەکات. لە ڕاستیدا ئەگەر دونیا بە ویستی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوایە، ئەم کۆمەڵگایە دەبوو بە درێژایی ساڵ و هەموو ڕۆژێک بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەشپوش و ماتەمبار بێت. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاست ڕژیمی ئیسلامیدا سەریان دانەنەواندووە. هەروەک دەبینین، سەرەڕای هەڕەشە و تەنانەت گرتن و زیندانی کردنیش لەم پێوەندییەدا، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران هیچ گرنگییەک بەو دژایەتیانە نادەن. مۆسیقا و هونەر و گۆرانی و سەما و شادی لە حەشارگەکان هاتوونەتە دەرەوە. مەراسمەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆز لە زومرەی ئەوانەن.

لە بەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی زاڵدا، خۆڕاگریی پێشکەوتنخوازانە سەریهەڵداوە.
 
ئەو جەژن و ڕێوڕەسمانانەی چوارشەممە سووری کە ئاماژە بە چەند نموونەیەکیان کرا، سەرەتای ڕێوڕەسمگەلێکی نەورۆزی دەبێت، کە پتر لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ساڵانی ڕابردوو، سیاسی و یەکگرتووانە و خەباتکارانە دەبێ و دیمەنێکی ترە لە ورەی بەرزی جەماوەری فیداکار و ناڕازی سەردەمی شۆڕشی ژینا. تا ئێستا ڕژیم و هێزه سەرکوتگەرەکانی هاوشێوەی مەیدانەکانی دیکەی ناڕەزایەتی و خەبات و خۆڕاگریی، لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا پاشەکشەیان پێکراوە. پێویستە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژانی هەستیاری داهاتوو، وێڕای شادی و خۆشی و چێژ وەرگرتن و هەروەها پاراستنی سەلامەتی گیانی بەشداربووان، ئامادەکارییەکی هەرچی زیاتریش بێت بۆ نەبەردە چارەنووسسازەکانی داهاتوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود: لێدان و ئەشکەنجە و دەستبەسەرداگرتنی کۆڵی کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی

پ مارس 14 , 2024
هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود هەستان بە لێدان و ئەشکەنجە و دەستداگرتن بەسەر کۆڵی ژمارەیەک لە کۆڵبەران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووریی نەوسوود بە تەقەی ئاسمانی و بەکارهێنانی توندوتیژی دەستیانگرت بەسەر کۆڵی ژمارەیەک لە کۆڵبەران و لێدان و ئەشکەنجە و بێ […]

You May Like