ڕۆژی یه‌كه‌شه‌ممه ١١ی مانگی گوڵان، ئه‌ندامانی سه‌ندیكای كرێكارانی خه‌بازی سنه به‌بۆنه‌ی هاتنی ڕۆژی جیهانی كرێكار به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاو كرده‌وه و تێیدا كۆی گشتی داخوازییه‌كانیان به‌یان كرد.
له‌به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، یه‌ك سه‌د و سی و سێ ساڵ به‌سه‌ر كومهڵكوژكردنی كرێكارانی شیكاگۆی ئا‌مریكا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ساعه‌تی كار له ١٠ ساعه‌ته‌وه بۆ ٨ ساعه‌ت بوون. ئه‌مڕۆ ئێمه وه‌كوو به‌شێك له چینی كرێكاری ئێران و جیهان هاوڕێ و هاوشانی كرێكارانی دیكه كه به‌بۆنه‌ی ١ی مه‌ی ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، دروشمی “نان،كار، ئازادی” به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه. ساڵانێكه كه ئێمه‌ی كرێكار به ده‌ست دۆخی خراپی مه‌عیشه‌ته‌وه ده‌ناڵین، ساڵانێكه داخوازییه‌كانمان به‌یان ئه‌كه‌ین به‌ڵام وڵامی ڕژیم ته‌نیا سه‌ركوت و زیندان و كوشتن بووه. ئه‌مساڵ هه‌نگاوێكی جیددی بۆ دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌یه‌كی سه‌رانسه‌ری چینایه‌تی و جه‌ماوه‌ری هه‌ڵ ده‌گرین چوونكه چینی كرێكاری ئێران به‌بێ هه‌بوونی تهشهكۆلێكی سه‌ربه‌خۆی سه‌رانسه‌ری ناگات به خواسته‌كانی. ئێمه خوازیاری ئه‌منیه‌تی پیشه‌یی، به‌رابه‌ری نێوان ژن و پیاو، وه‌لانانی كاری زۆره‌ملێ منداڵان، قه‌ده‌غه‌ی به‌دواداچوونی قه‌زایی بۆ چالاكانی كرێكاری، پێكهێنانی تهشهكۆلی سه‌ربه‌خۆ، حه‌قده‌ستی هاو ئاراسته‌ی هێڵی هه‌ژاری و دابینكردنی بیمه‌ی ده‌رمانی و ئازادی ته‌واوی زیندانیانی سیاسین.