نەوسوود؛ گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک و برینداربوونی کوڕە ١٥ ساڵانەکەی لە هێڵی سنووری نەوسوود

دوو ڕۆژ پێش لە گیانلەدەستدانی “محەمەد بایر محەمەدی” بەهۆی وەستانی دڵ، کوڕە تەمەن ١٥ ساڵەکەی “میلاد بایر”یش لە هێڵی سنووری نەوسوود بە سەختی بریندارببوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لە شاخ لە هێڵی سنووری نەوسوود، قاچی شکاوە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “میلاد بایر محەممەدی”، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “زیران”ی سەر بە شاری جوانڕۆ ڕاگەیەندراوە.

میلاد بایر کوڕی “محەمەد بایر محەممەدی” تەمەن ٤٨ ساڵە، کە دوێنێ یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بەهۆی وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا لە هێڵی سنووری نەوسوود گیانی لەدەستدا.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەقز؛ گیانلەدەستدانی منداڵێکی کۆڵبەر بەهۆی سەرماوە

س مارس 26 , 2024
منداڵيکی کۆڵبەر بەهۆی بارینی بەفر و سەرما لە سنوری (میشاوی سەقز) گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ؛ ئێوارەی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، منداڵێکی کۆڵبەر بە ناوی (هەستیار عەبدولکەریمی) تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە لە سنووری (میشاوی سەقز) بەهۆی بارینی بەفر و سەرما گیانی لەدەستدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەیانی […]

You May Like