خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکا و ئوروپا

خوێندکارانی دژە ئاپارتاید و چەندین یەکێتی کرێکاری و ژمارەیەک لە جەماوەری دژە جینۆساید، بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی بزووتنەوەی “دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” وەڵامی وەحشیگەرییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و پۆلیسی ئەو وڵاتەیان لە دژی خوێندکارانی خەباتکار داوەتەوە. ئێستا ١٥٠ زانکۆ لە ئەمریکا و لانیکەم ٤٠ زانکۆ لە ئوروپا، چەندین زانکۆ لە ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن و هەندێک لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دژ بە هاوبەشی بەرپرسانی سیاسی و ئەکادیمی ئەمریکا لەگەڵ پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستینییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی شەڕ، بەو بزووتنەوەیەوە پەیوەست بوون. خوێندکاران و کرێکارانی خەباتکار بە دروشم گەلێکی وەک “نە بە ناوی ئێمە!”، “ئێوە دژە یەهوودن نەک ئێمە!”، ” ڕاگرتنی شەڕ هەر ئێستا!”، “ئازادی بۆ فەلەستین!” و هیتر، وڵامی هێرشەکانی پۆلیس و لایەنگرانی دەستدرێژیکاری ئیسرائیلیان داوەتەوە. بزووتنەوەی “دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” کە ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر لە زانکۆی بەناوبانگی کۆڵۆمبیا لە شاری نیویۆرکەوە دەستی پێکرد، درێژەی ئەو خەباتەیە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەر و هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای دەوڵەتی ئەمریکا لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی غەززە لەلایەن جۆبایدنەوە، دەستیپێکرد. لە ئەمریکا چەندین یەکێتی کرێکاری لەوانە “یەکێتی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل“، “یەکێتی کارەبا و ڕادیۆ و ئۆتۆمبێلی ئەمریکا“، “یەکێتی کرێکارانی پۆستی ئەمریکا” و ئەندامانی ڕێکخراوی تازە دامەزراوی “کرێکارانی یەکگرتووی ستارباکس“یش بە دروشمی ” ئاگربەستی دەستبەجێ هەر ئێستا” پشتیوانی خۆیان لە بزووتنەوەی ” دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی” ڕاگەیاند. ئەم بابەتە پێشهاتێکی زۆر گرنگە لە بزووتنەوەی کرێکاری ئەمریکادا، کە ساڵەهایە دیفاع لە دەوڵەتی ئیسرائیلی بەناو “ستەم لێکراو” و بە کردووە و جینایەتکار کردووە. ڕۆژی ٢٧ی ئاوریل، لقی “٩ی ئەلفی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل” چالاکانە لە خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە خەڵکی شاری سیاتێل لە ویلایەتی واشنگتۆن دا بەشدارییان کرد. خۆپیشاندەرانی شاری سیاتێل بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەری نۆ یەکێتیی ناوچەیی، خۆپیشاندانیان کرد و پشتیوانیان لە داواکارییەکانی خوێندکاران کرد، کە بریتین لە: ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە؛ وازهێنان لە ناردنی پووڵ و پارەی ئێمە لە ژێر ناوی یارمەتی دارایی و سەربازیی ئەمریکا بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕاگرتنی هەر چەشنە وەبەرهێنانێک لە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئیسرائیل و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ بۆ ئەو دەوڵەتە لە ئەمریکا و لەم دواییانەشدا داواکاری “هەڵوەشاندنەوەی تەواو و بێ شەرت و مەرجی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ سێ هەزار خوێندکاری دەستبەسەرکراو.

یەکێک لە نوێنەرانی یەکێتییەکان لە ناو ئاپۆرەی خۆپیشاندەرانی سیاتێل دا وتی: من نوێنەری ٩ ملیۆن ئەندامم. ئێمە خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ و بەردەوامین. لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، دەستەی کارگێڕی یەکێتییەکەمان بە کۆی دەنگ، دەنگیدا بە ناردنی پەیامێکی ڕوون بۆ جۆ بایدن کە دەبێت شەڕ کۆتایی پێبێت. یەکێک لە خوێندکارانی یەهوودی لایەنگری ئاشتی بەشداربووی خۆپیشاندانەکەش وتی: “بەگوێرەی میدیاکانی لایەنگری ئیسرائیل، حەماس لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا هەزار ئیسرائیلی کوشت، بەڵام ئیسرائیل لە بەرامبەردا لەو ڕۆژەوە تا ٢٩ی ئاوریل، ٣٤ هەزار کەسی کوشتووە، کە ٩ هەزاریان منداڵ بوون“. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “سیاسەتمەدارەکانی ئێمە لەم جینۆسایدەدا هاوبەش بوون و ئێستا ئیتر دەبێت ناچاریان بکەین کە دەست لە بەشداریکردن لەم جینایەتە هەڵبگرن“. یەکێتی وردە فرۆشان و بەقاڵییەکانیش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بایدن کرد هەر چەشنە هاوکارییەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت و کار بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام و ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە بکات. لەو ڕووەوە کە پەیام و داواکارییەکانی ئەم یەکێتییە لەلایەن “جۆبایدن“ەوە بێ وەڵام مایەوە، بەرپرسانی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل داوایان لە بەدەنەی ڕێکخراوەکە کرد کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی داهاتوودا ڕۆڵی بایدن لە کوشتنی خەڵکی غەززە و وێرانکردنی ماڵی خەڵک و نەخۆشخانە و ناوەندەکانی پەروەردەیی و یارمەتی گەیاندن و زۆر شتی تری لەو چەشنەیان لەبیر بێت. هەروەها ئەندامی یەکێک لە لقەکانی “یەکێتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا” لەم دواییانەدا داوای لە ئەندامەکانیان کرد کە لە کاتی چوون بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، درۆکانی بایدن بەمەبەستی پاساو کردنی جینۆسایدی غەززە و سەرکوتی خوێندکاران لە ئەمریکا لەبەرچاو بگرن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بزووتنەوەی “کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” کە لەلایەن “خوێندکارانی کۆلۆمبیا دژی ئاپارتاید“ەوە ڕێکخرا و درێژەی پێدرا، سەد گرووپی خوێندکاری لەخۆدەگرێت و ڕێکخراوی سەراسەری، لە مێژینە و قازانج نەویستی “یەکێتی ئەمریکایی ئازادییە مەدەنییەکان” لە نیویۆرک لە ڕووی دارایی و یاساییەوە پشتگیری کردن. بەپێی دوایین هەواڵەکان، “پارتی سۆسیالیزم و ئازادی“، “دەنگی یەهوودییەکان بۆ ئاشتی” و “خوێندکارانی خوازیاری دادپەروەری بۆ فەلەستین” ئەو بزووتنەوە خوێندکارییە ئاراستە دەکەن. ڕاگەیەنەرەکانی خەتی فەرمی زۆرتر تیشک دەخەنە سەر بەشداری لایەنە ئیسلامییەکان و بە ئانقەست بەرجەستەی دەکەنەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، خوێندکارانی هەڵگری بیروباوەڕی جۆراوجۆر و (لەوانە یەهوودی و موسڵمان) لەو ناڕەزایەتییانەدا بەشدارن. هەندێک لە لیبراڵەکانیش، کە بیروڕای گشتی ڕێگەیان پێ نادات نکۆڵی لە ڕادیکالیزمی خوێندکارە ناڕازییەکان بکەن، بە هەڵە ئاماژە بەوە دەکەن کە خوێندکار سەر بە هیچ چین و توێژێک نییە، لەمڕووەوە ئەوە ڕاستە. یەکەم، هیچ خوێندکارێک نییە کە وابەستەیی چینایەتی نەبێت، وەک چۆن بەداخەوە لە ئەمریکا ژمارەیەکی بەرچاو خوێندکاری لایەنگری هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و هەروەها کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە هەن، کە هەندێک جار بە هاوکاریی پۆلیس هێرشیان کردووەتە سەر کەمپە هاوپشتییەکان. هێرشی دڕندانەی پۆلیس بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، بووە هۆی ئەوەی کە نەفرەت و توڕەیی خوێندکاران و خەڵکی ئازادیخواز پەرە بستێنێ و بەشێک لە زانکۆکانی فەڕانسە، بریتانیا، ئیسپانیا، ئیتالیا، سوئید، فینلاند، دانیمارک، سویس، هولەند، ئوتریش، یۆنان، بلژیک، مکزیک، ئوسترالیا، هیند و لوبنانیش بگرێتەوە.

بزووتنەوەی “کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” دەستکەوت گەلێکی زۆری بەدەستهێناوە، کەلێرەدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەکرێت: ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتیی جەماوەرێکی زۆر بەرەولای پرسی جینۆساید؛ هەوڵدان بۆ ڕسواکردنی پۆلیس و زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و ئوروپا و ئەمریکا و لە سەرووی هەموویانەوە، جۆ بایدن و ناودێر کردنی بە ” کۆمەڵکوژ“، ئاشکراکردن و ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و شیرکەتە زەبەلاحە پاڵپشتەکانی لەلایەن هەندێک لە زانکۆکانی وەک بارسێلۆنا، هەوڵدان بە مەبەستی بەدەستهێنانەوەی ئەو مافە دێموکراتیکانەی خەڵک کە لەلایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانەوە لێیان زەوت کراوە، مافەکانی وەک ئازادی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕێکخراوە، ئازادی کۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەکان، ناسینی ڕاستییەکان، ئاشکراکردنی بودجە شاراوەکانی دەوڵەت و و زانکۆکان، بەدەستهێنانی پشتیوانیی هەندێک لە یەکێتییە کرێکارییەکان، بەدەستهێنانی پشتیوانی حیزبی سۆسیالیستە دێموکراتیکەکانی ئەمریکا و کەسایەتییەکانی وەک بێرنی ساندەرز و زۆرێک لە مامۆستا و بیرمەند و هونەرمەند و چالاکانی سیاسی. جیگای ئاماژەیە کە ژمارەیەک خوێندکاری ناڕازی لەپێناو دەستەبەرکردنی ویست و داواکارییەکانی بزووتنەوەی “کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە“، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن، کە ئەو بابەتە دەسەڵاتدارانی گەلێک نیگەران کردووە و هەروەها ژمارەی ئەو زانکۆیانەی کە وتوێژ و دانوستانیان لەگەڵ نوێنەرانی خوێندکاران قبوڵ کردووە، ڕوو لە زیاد بوونە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

پاوە؛ نالەباری دۆخی تەندروستی کۆڵبەرێک پاش برینداربوونی لە سنووری نەوسوود

ی مه 12 , 2024
“محەممەد موحەمەدی” کۆڵبەری برینداری خەڵکی “شوشمێ”ی سەربە شاری پاوە بەهۆی بێتوانایی لە پێدانی تێچووی نەخۆشخانە، ئەگەری لەکارکەوتنی هەمیشەیی جەستەی هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، محەمەد موحەممەدی کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی “شوشمێ”ی سەربە شاری پاوە لە ئێوارەی دووشەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣، لەگەڵ چەند کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی […]

You May Like