پێویستی پەرەسەندنی خەبات دژ بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران

هەواڵنێری مافی مرۆڤی هێرانا، لە ڕۆژێکدا کە هەواڵی تەسلیم بوونی خامنەیی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترامپ بۆ ڕەتکردنەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، بڵاوکرایەوە، ڕاپۆرتێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە: “بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە، فەرهاد شاکری، عەبدولحەکیم عەزیم گورگیج، عەبدولڕەحمان گورگیج، تاج محەممەد خورماڵی و مالیک عەلی فەدایی نەسەب، زیندانیانی سیاسی – ئەمنییەتی زیندانی وەکیلابادی مەشهەد، لە سێدارەدران .” بنەماڵەی دوو کەس لە زیندانییە ئێعدام کراوەکان لە گفتوگۆ لەگەڵ هێرانا، هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە.  

چوار کەس لە ئێعدام کراوەکان لە شوێنکەوتووانی ئه‌هلی سوننە بوون و مالیک عەلی فەدایی نەسەب تەنیا تاوانبارێکی شێعە بوو لەم دۆسیەیەدا. بەڵام هەموویان لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و بە تاوانی “بەغی” لە ڕێگەی”ئەندامێتی لە گرووپە سەلەفییەکان” و “بەرەی یەکگرتووی نیشتمانی ئه‌هلی‌سوننەتی ئێران” بە ئێعدام محکووم کرابوون.

بە وتەی بنەماڵەی ئەم کەسانە کە هێشتا لە بەردەم زیندانی مەشهەد چاوەڕێی وەرگرتنی تەرمی ئازیزەکانیانن، “جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بە بێ پێدانی دەرفەتی دیداری کۆتایی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بەڕێوە چووە.” یەکێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵانە بە هێرانای وت: “بنەماڵەکان تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەم زیندانییانە ئاگادارکراونەتەوە.” 

ئەم دۆسیەیە ١٢ تاوانباری لە خۆگرتبوو کە لە نێویاندا ١١ کەسیان ئه‌هلی‌سوننە و یەک کەسیان واتە (مالیک عەلی فەدایی نەسەب) شیعە بوون. ئەم هاووڵاتیانە ساڵی ١٣٩٤ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران. نزیکەی ساڵێکی خایاند تا لە زیندانە نهێنییەکانەوەگواسترانەوە بۆ زیندانی وەکیلابادی مەشهەد. ئەم زیندانییانە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ لە نامەیەکدا ئازار و ئەشکەنجە و وەحشیگەرییەکانی ناو زیندانەکانی ڕژیمیان ئاشکرا کردبوو. ناوەڕۆکی نامەکە بەم سەردێڕە لەسەر ماڵپەڕەکان بڵاوکرایەوە: “زۆر جاران شاهیدی ئەوە بووین کە لە زیندانەکانی ئێراندا چی بەسەر هاوڵاتیانی بێ دیفاعماندا هاتووە.” ئەم زیندانییە سیاسی – ئەقیدەتییانە لە ٦٣ەمین ڕۆژی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان”دا ئێعدام کران. ئەم کەمپەینە لە ڕاگەیاندنی ئەم هەفتەیەی خۆیدا نیگەرانی خۆی لە ئەگەری لە سێدارەدرانی ئەم زیندانییە سیاسی – ئەقیدەتییانە دەربڕیبوو. ڕاگەیاندنەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:

“لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی نەورۆز، کە تێیدا ژمارەی ئێعدامەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی کەم ببووەوە، سەرلە نوێ شاهیدی پەرەسەندنی بەرچاوی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانین. لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان گواستراونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. بۆ نموونە ڕۆژی دووشەممە، لایەنیکەم ١٠ زیندانیی لە زیندانی قزڵحەسار گواسترانەوە بۆ بەندی ئەمن، ئەوە بەو مانایەیە کە ئەگەری لە سێدارەدرانیان نزیکە.” 

هاوکات لەگەڵ ئەوە، واتە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە، بەرامبەر لەگەڵ ٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥، ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر ماڵپەڕەکان بڵاوکرایەوە. ئاگنێس کالامار، سکرتێری گشتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە بارەی ئێرانەوە وتی: “لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ئێران لەسەر کەڵک وەرگرتن لە بەکارهێنانی سیستەماتیکی لە سێدارەدان بە مەبەستی سزادانی ناڕازیانی دژبە حکوومەت لە سەردەمی بزووتنەوەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’دا بەردەوام بوو.”

ئامارەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، کە بە وتەی نووسەرەکانی، ئامارێکی تێروتەسەل نییە، نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی لەسێدارەدانەکانی گەیاندووەتە ٩٧٢ حاڵەت و بەم شێوەیە بە تەنیایی بەرپرسیارە لە ٦٤ لە سەدی کۆی گشتی لە سێدارەدانەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٢٤. ئەم ئامارە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی

موتڵەق لە بواری ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لە پلەی یەکەمدایە.

ڕاپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیشان دەدات کە بەلووچەکان لانیکەم ١٠ لە سەدی لەسێدارەدراوەکان پێکدێنن، لە کاتێکدا تەنها پێنج لەسەدی کۆی گشتی دانیشتوانی ئێرانن. هەروەها هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڵسوکەوتی هەڵاواردن و جیاکاری لە دژی کۆچبەرانی ئەفغانستان لە ئێران، لە سێدارەدانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش سێ هێندە زیادی کردووە و لە ٢٥ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣وە گەیشتووەتە ٨٠ کەس لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کە نیوەیان بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لە سێدارە دراون. لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٣٠ ژن لە ئێران لە سێدارەدران کە هەندێکیان قوربانی توندوتیژی خێزانی بوون. چوار کەسیش کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوان، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە، لە سێدارەدران.

لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە دەرچوونی سزای لە سێدارەدان بۆ چالاکانی وەک شەریفە محەممەدی، چالاکی مافەکانی ژنان و کرێکاران، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی کوردستانیش کردووە.

ئەم ڕۆژانە ئاژانسە هەواڵییە ڕاستڕەوەکان بە ئەنقەست هەوڵدەدەن هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە وەک مەترسی سەرەکی بۆ سەر ڕژێم و بە قازانجی هاووڵاتیانی ئازادیخواز، نیشان بدەن. بەڵام خودی خامنەیی مەترسی ناوخۆیی، واتە پەرەسەندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری، بۆ حکوومەتی ئیسلامی، بە مەترسییەکی گەلێک گەورەتر لە هەڕەشە دەرەکییەکانی لە قەڵەم داوە. پەرەسەندنی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام هەموو بەڵگەکان نیشان دەدەن کە چڕبوونەوەی هەنگاوە سەرکوتکارییەکان و بە تایبەتی پەرەسەندنی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان، تەنها تووڕەیی و ئیرادەی ئازادیخوازان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی سەرمایە، بەهێزتر دەکات و دواڕۆژی دەسەڵاتی ڕێژیم نزیکتر دەکاتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی چیاکۆ قوروەیی، چالاکوانی مەدەنی

چ آوریل 9 , 2025
چیاکۆ قوروەیی، چالاکوانی مەدەنی شاری سنە، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئەم شارەدا دادگایی کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، چیاکۆ قوروەیی، چالاکوانی مەدەنی شاری سنە، بە تۆمەتەکانی وەکو «بانگەشە دژی ڕژیم» و «تێکدانی یاسا و ئاسایشی گشتی» لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنە […]

بابەتی پەیوەندیدار