خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێنێت

شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەو ڕووداوێکی هەژێنەر دەکات، کە شارەداری زەنجان سەردانی قوتابخانەیەکی قورئانی دەکات. لەم سەردانەدا بەرپرسانی قوتابخانەکە کچەکانیان ناچار کردووە لە ئاست شارەدار دا کڕنۆش ببەن و لەبەردەمیدا تا کەمەر خۆیان بچەمێننەوە. وەک ئەوەی کچەکان خزمەتکارێک بن کە لەبەردەم ئاغاکەیان دا کڕنۆش دەبەن و پێ و قەدەمی گوڵباران دەکەن. لە بەیاننامەکەدا بەدروستی ئاماژە بەوە کراوە کە بە کۆیلەکردنی کچان و ژنان مەحاڵە، چونکە کچانی ئێران بە خۆڕاگریی بەردەوامی خۆیان لە قوتابخانەوە تا شەقام، ئیدئۆلۆژی باڵادەستیان تێکشکاندووە. خۆڕاگریی بوێرانەی ژنان و کچان لە بەرامبەر وەحشیگەری مەئموورانی گەشتی ئیرشاد و دەست و پێوەندە سەرکوتگەرە “ئاتەش بەئیختیارەکان” قووڵتر و ئیلهامبەخشتر بووە و بۆتە جێگەی ستایشی شایەتحاڵەکان. مسافیرێک لە قەولی شۆفێرێکی ئاژانسەوە کە زاتی چوونە ناو گفتوگۆ و باسی سیاسیی
نەبووە دەگەڕێتەوە، کاتێک دەگەنە خەتی پیادەڕەو، چەند ژنێکی ئازادپۆش دەبینن کە لە شەقامەکە دەپەڕنەوە. شۆفێرەکە لەبەر خۆیەوە دەڵێت بەڕاستی دڵ و جورئەت ئەوانە هەیەیانە نەک کەسێکی وەک من. ئاستی ئیلهامبەخشی خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بەرچاو دەکەوت.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی هەینی ١٦ی گوڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، مەئمورێکی پۆلیسی پیاو، دوای لێدان و ئەزیەت و ئازاری ژنێک، لەگەڵ دوو مەئمووری دیکەدا ئەم هاوڵاتییە بە زۆر دەخەنە ناو ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسەوە. دیمەنی ئەو کردەوە دژە ئینسانییە، توڕەیی و بێزارییەکی بەربڵاوی بەکارهێنەرانی لێکەوتەوە. دایکێکی دادخوازی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، لە ستۆری ئینستاگرامەکەیدا ناڕەزایەتی خۆی بەمجۆرە نیشان دەدات: ” ئایا تۆ بەم شێوەیە لە ژن و منداڵەکەی خۆشت ئەدەی؟ ئەگەر ئەو دەمانچەیە بە قەدتەوە نەبووایە و ئەو ژنەش بیتوانیبا دەست بکاتەوە، ئایا جورئەتی ئەوەت دەکرد؟” ڕەنگدانەوەی ئەو هەموو ئازایەتییە لە میدیاکانی دەرەوەشدا دەبینرێت. ڕۆژنامەی فیگارۆ چاپی فەڕانسە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان، لە بابەتێکدا وێنەی ئەم خۆڕاگرییەی خستەڕوو. نووسەری بابەتەکە وێڕای ئاماژە بە توندوتیژیی لەڕادەبەدەری پۆلیس لە شەقامەکان، باس لەوەش دەکات کە ڕژیم لە ئامرازی ئابووری لە دژی ژنانی ئازادپۆش کەڵک وەردەگرێت. ڕاپۆرتەکەی فیگارۆ هەروەها باس لە دەرکردنی هەندێک لە ژنانی بەناو “بەد جیجاب” یان بێکارکردنی ئەو ئەکتەرانە دەکات کە بەهۆی بەناو “جل و بەرگی نەگونجاو”، ئیزنیان پێنادرێت لە شانۆدا ڕۆڵ بگێڕن. بەڵام هەروەک لە هەندێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، گەنجەکان هەروا خۆڕاگریی دەکەن. نووسەری بابەتەکە، ئەزموونی بەشێک لە کچانی تەمەن ١٦ بۆ ١٧ ساڵ دەگێڕێتەوە کە بە شانازییەوە باسیان لە بەرەوڕووبوونەوەی خۆیان لەگەڵ مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب و نەچوونەتە ژێر باری زەخت و زۆرەکانی ڕژیم کردووە. یەکێک لەو کچانە بە پەیامنێری فیگارۆ دەڵێت: سەرەنجام ماندوویان دەکەین.”

ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی، بە هاوکاری میدیاکانی بۆرژوازی لە دەرەوەی وڵات، دەیانەوێت خەبات و خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی پشتیوانیان، تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئیختیاری جلوبەرگ دا، بەرتەسک بکەنەوە. گومان لەوەدا نییە کە خەبات بۆ ئازادی جل و بەرگ، یەکێکە لە بوارە گرنگەکانی بزووتنەوەی ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمی دەسەڵاتداردا، بەڵام ئەم بزووتنەوە خەباتکارە تەنیا بەوەوە سنووردار نابێت. خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە دژی پۆلیس و هێزە “ئاتەش بەئیختیارەکان” بەشێکە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و نیشانەی زیندوو بوونییەتی. چین و توێژی جۆراوجۆر لەم شۆڕشەدا بەشدارن. ئەوان هەر لە ئەمڕۆوە هاوپەیمانانی خۆیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و سبەینێی خۆیاندا هەڵدەبژێرن. ئەو ژنە پێشڕەوانەی کە لە پێناو خۆ ڕزگارکردن لە دەسەڵاتی ستەمکار و سەرەڕۆ، چەوسانەوە، سەرمایەداری و پیاوسالاری جێکەوتوودا خەبات دەکەن، وێڕای هاوکاری لەگەڵ هێزە خەباتکارەکان لەدژی سەرەڕۆیی مەزهەبی، گرنگییەکی تایبەتیش بە هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی خۆیان دەدەن. هاوپەیمانی ڕاستەقینە و شێلگیری بزووتنەوەی ژنانی پێشڕەوی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی، لە بەرەی سۆسیالیزمی زانستیدا خۆی دەبینێتەوە؛ ئامانجی کۆتایی بزووتنەوەیەکی لەو چەشنە، بریتییە لە ڕزگارکردنی مرۆڤ لە هەر چەشنە ستەمێکی جێندەری، چەوساندنەوە و سەرەڕۆیی بە هەموو شێوەکانییەوە و هەروەها بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە نابەرابەری و دابینکردنی خۆش بژێویی و ئازادی بۆ هەمووان.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

جوانڕۆ؛ بەردەوامی دەستبەسەرکرانی «خالید مەحمودی» لەلایەن هێزەکانی ئەمنی

ش مه 18 , 2024
«خالید مەحمودی» هاوڵاتی خەڵکی شاری ڕوانسەر و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتی جەماوەری ١٤٠١، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئەمنی شاری جوانڕۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی هەینی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٣، «خالید مەحمودی» هاوڵاتی ٢٠ ساڵ تەمەنی خەڵکی گوندی «شانڕەش» سەربە شاری ڕوانسەر و دانیشتووی شاری جوانڕۆ لەلایەن […]

You May Like