با بە مانگرتنی گشتیی، کۆڵنەدانی کوردستان پێشانی تاران بدەینەوە!
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی ئێران بە درێژایی سەت ساڵی ڕابردوو، بۆ سەپاندنی حوکمی داگیرکاریی و کڵۆنیالییان، ھەموو جۆرەکانی لە ناوبردنیان بە ژێنۆساید و زمانکوژی و کوشتاری بەکۆمەڵی ڕەمەکیی و ئێعدامی تاک تاک و پۆل پۆلی ڕێکخراو، دژی کوردستان و کورد و دانیشتوانەکەی خوڵقاندووە.
لەچوار دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی پتر لە ڕابردوو و زیاتر لە حکوومەتەکان و بەڕێوەبەرانی پێشووی دەوڵەت، تاوان و جەنایەتیان لە شێوازی فرەچەشندا ئەنجام داوە .
ئەمڕۆ حکوومەتی تاوانی تاران لە درێژەی ئەو ڕەوت و ڕەفتارەدا، بە ئێعدامی چوار ڕۆڵەی نیشتمانەکەمان: پژمان فاتحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی ، جەنایەتێکی دیکەی لە کارنامەی سەت ساڵەی دەوڵەت فارس دژی کوردستان و کورد و مرۆڤ و مرۆڤایەتیی تۆمار کرد.
بەمبۆنە دڵتەزێنەوە وێڕای دەربڕینی خەم و ،سەرەخۆشیی لە کەس و کاری شەهیدانی تازەی نیشتمان، داوا لە ڕۆڵەکانی نیشتمانە زامدارەکەمان دەکەین، سبەی سێشەممە ١٠ ی ڕێبەندان، بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی،
خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی کوردستان لە حاست دەوڵەتی تێرۆر و تاوانی ئێران، پێشان بدەنەوە .
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
٩ی ڕێبەندانی٢٧٢٣ ک
٢٩ ی ژانویەی ٢٠٢٤ز