“مەنسوور ڕەحیمی”، چالاکوانیی کۆمەڵایەتی و وێنەگری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، پاش تێپەڕبوونی سێ هەفتە لە گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری مەهاباد بۆ بەندی گشتی زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مەنسوور ڕەحیمی، چالاکوانیی کۆمەڵایەتی و وێنەگری خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی هەینی بیستی پووشپەڕی ١٤٠٤، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ ماڵی باوکی لە شاری مەهاباد، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی، لێدان و ئەشکەنجە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. هێزەکانی ڕژیم لەم هێرشەدا، دەستیان بەسەر هەموو کەرەستەی ئەلیکترۆنی بنەماڵەکەی، وەکو مۆبایلی تایبەتی و لاپتۆپی ناوبراودا گرت.
سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەی مەنسوور ڕەحیمی ڕایانگەیاندووە کە مەنسوور ڕەحیمی پاش سێ هەفتە لە دەستبەسەرکرانی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بۆ بەندی گشتی زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد گواستراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مەنسوور ڕەحیمی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە بینینی پارێزەر و بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە مەنسوور ڕەحیمی پێشتر لە نۆزدەی گوڵانی ١٤٠٤، بەهۆی پشتیوانی لە گردبوونەوەی جووتیارانی زیانمەند لە تەرزەبارین لە شاری مەهاباد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرابوو.

