مانگرتنی گشتی ئێستا هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، بەمەبەستی چاوترسێن کردنی هەرچی زیاتری خەڵکی ناڕازی، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمپەینی دژە ئێعدام و بە تایبەتی لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ شەپۆلێک لە دژایەتی ئێعدام، موحسین مەزڵوم، محەممەد فەرەمەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فەتحی، هاوکات لەگەڵ هاوسۆزییەکی بەربڵاوی جەماوەری خەڵک لەگەڵ بنەماڵەکانیان، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەو چوار هەڵسووڕاوە سیاسییەی لە سێدارە دا. واقیعییەت ئەوەیە کە هەستی ترس لە ڕووخان و داڕمان، سەرتاپای حکوومەتی ئیسلامی داگرتووە. ئەم ترسە، قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، قەیرانی شەرعیەت، شکستی یەک لە دوای یەک لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و لە سەرووی هەمووشیانەوە خەباتی کرێکاران، خانەنشینان، ژنان، دادخوازان و ورە و شێلگیربوونی خەباتکاران لە دژی سزای لەسێدارەدان و هەڵوەشاندنەوەی، خستوویانەتە دڵی بەرپرسانی داماو و سەرلێشێواوی ڕژیمەوە. ئەم ترسە ڕیزەکانی دەست و پێوەندەکانی ڕژیم و هێزەکانی سەرکوتیشی داگرتووە و بە تایبەتی لەم ڕۆژانەدا زیاتر پەرەی سەندووە. هەربۆیە ڕژیم لە پێناو ڕازیکردنی لایەنگران و پاراستنی جێگە و پێگەی خۆی لەناو بازنەی بەرتەسکی ئەو بەشەدا و بۆ سەقامگیرکردنی خۆی لە بەرامبەر ئەو ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆییەی کە پشتی لێکردوون، هەموو ئامرازێکی جینایەتکارانەی خۆی خستۆتە گەڕ بەمەبەستی بێدەنگکردن و پاشەکشە پێکردن بە ئازادیخوازان و خەباتکارانی خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیم. یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی کە ئەم ڕژیمە فاشیستە بەکاری دەهێنێت، بریتییە لە ئێعدام. هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و چەوسێنەرەوە، دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لەسەر بنەمای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و جینایەتکارانە لە دەستبەسەرکراوان، لە بەناو دادگاکاندا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و لەلایەن ئەو جەللادانەوە کە بەرگی دادوەریان پۆشیوە، بەکارهاتووە و تا ئێستاش وەک دەیەی شەست بەکاری دەهێنێت. بەڵام سیاسەتی درێژەدان بە مانەوە، بە پشت بەستن بە سێدارە، بە پێچەوانەی دەیەی شەست، جەماوەری تووڕەی نەک هەر چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو زیاتر هانی داون و ڕایکێشاون بەرەو خەباتێکی ڕاستەوخۆ لە دژی ڕژیم و بەمەبەستی ڕووخاندنی.
حزووری بەربڵاوی خەڵک لە مەیدانی خەبات لەدژی ئێعدام و خەبات بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی، تەنانەت لە ناو قەسابخانەکانی ڕژیم و لە بەر چاوی پاسەوانانی زیندان و جەلادەکاندا، دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەیە. ئەمڕۆ ٦١ زیندانی سیاسی بەندی ژنان لە زیندانی ئێڤین، بوێرانە ئاڵای ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە و ٣٧ ژنی زیندانی سیاسی دەرەوەی زیندانیش پێیانەوە پەیوەست بوون. ئەم دەنگە بەرزەی ناڕەزایەتییە بەگوێی هەڵسووڕاوانی سنفی مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان، هونەرمەندان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، دادخوازان و ئێرانیانی تاراوەگە گەیشتووە و بە گەرمی پشتیوانی لێکراوە.

 بزووتنەوەی خەبات لە دژی ئێعدام، تەنیا خەبات بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەم ناڕەزایەتییە یەک دەنگ و ئاشکرایە، خەباتێکە لە پێناو قەدەغەکردنی هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک لە ژێر هەر ناونیشانێکدا و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێرانی ئەمڕۆ و سبەینێ دا. ئێعدام سزایەکی نامرۆڤانەیە هەم بۆ زیندانیانی سیاسی و هەم بۆ زیندانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان. لەمڕووەوە پێویستە ئەو خەباتەی ئێستا لەدژی کردەوەی لە سێدارەدانی جینایەتکارانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بکرێتە خەباتێکی ڕێکخراو لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە دوا ڕۆژی شۆڕشی ئێراندا، نابێت هیچ کەسێک تەنانەت جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیش حوکمی ئێعدامیان بەسەردا بسەپێندرێت. ئەمە دەبێتە بەڵگەنامەی باڵادەستی ئەخلاقی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شۆڕشی داهاتوودا. دەبێ ئەم سەردەمی تۆڵەسەندنەوە و خوێنڕشتنە کۆتایی پێبێت. جینایەتکاران دەبێ لە دادگایەکی سەربەخۆدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و لەبری سزای لەسێدارەدان، سزای تریان بەسەردا بسەپێنرێت. جەماوەری کردنەوەی خەبات لەپێناو “قەدەغەکردنی هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک لەژێر هەر ناونیشانێکدا” و “هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان” یەکێکە لەو ئەرکانەی کە ئەمڕۆ دەبێت شێلگیرانە و بەهەموو هێز و تواناوە کاری بۆ بکرێت. پێویستە ئەو ئاڵا پڕ لە شانازییەی کە ٦١ ژنی سیاسی لە زیندانی ئێڤین بەرزیان کردووەتە، بکرێتە ئاڵای خەباتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. لەمڕووەوە هەوڵدان بۆ گشتگیرکردنی خەبات لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هەوڵێکە بۆ یەکخستنی خەباتی دادخوازانی دەیە خوێناوییەکانی ڕابردوو، چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەم خەباتە هەوڵێکە بۆ هاوڕاکردنی بزووتنەوەکانی خوێندکاران، کرێکاران و خانەنشینان لەگەڵ بنەماڵە داغدار و ئازار چێشتووەکان. پێویستە دروشمی “زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن” و “حوکمی لەسێدارەدان هەڵبوەشێنرێتەوە”، بکرێتە دروشمی سەرەکی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران. هەوڵبدەین ئەم دروشمانە بکەینە یەکێک لە دروشمە مێحوەرییەکانی یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەمەبەستی بەرەوپێشچوون و ڕووناککردنەوەی ڕێگای داهاتوو.

هەر ئاستێک لە بەرەوپێشچوونی ئێمە لەم بوارەدا، دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامبوون و بەهێزکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. ئێعدام، ئەم تاوانە ئاشکرا حکوومەتییە، دەبێت ڕابگیرێت. هەموو سزاکانی لەسێدارەدان دەبێ بەبێ شەرت و مەرج هەڵبوەشێنرێتەوە. پێویستە سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی دەستبەجێ ئازاد بکرێن و دەستبەسەرکردنەکان کۆتاییان پێ بێت. مانگرتنی ڕۆژی سێ شەممە هەنگاوێکی گرینگ دەبێ لەو پێناوەدا

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

چ ژانویه 31 , 2024
لە بۆسە و تەقەی ڕاستوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیمدا، کۆڵبەرێک بریندار بوو بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، نیوەی شەوی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بەهۆی بۆسە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم کۆڵبەرێک بە ناوی “جەبار وەیسی پاریاب”، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی “جوجار” سەر بە سەلاس باوەجانی، بە دەمانچەی ساچمەیی […]

You May Like