“سەردار شامورادیان” خوێندکاری بەشی کەرەستەی پزیشکی خەڵکی سنە ماوەی ٥٦٨ ڕۆژە لە بێ ئاگایی و دەستبەسەری کاتی بەسەر دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، “سەردار شامورادیان” تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری بەشی کەرەستەی پزیشکی زانکۆی زانستی کرداری سنە، لە ڕۆژی ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ لە ماوەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا و لە ڕۆژی ٤٠ی ڕێوڕەسمی گیانبەختکردوانی ئەم ڕاپەڕینە لە سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەرکرا و لەوکاتەوە تا ئێستا بە بێ ئاگایی لە گرتوخانەی ناوەندی ئەم شارە بەندکراوە.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەم بارەیەوە بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاند کە ناوبراو ماوەی ٢ مانگ لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئەشکەنجەی زۆر دراوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی ناچاری، بە جۆرێک کە ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەی ناوبراو زۆر دیار بووە.
ناوبراو پاش بەسەربردنی ٢ مانگ لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دەستبەسەری کاتی بۆ “گرتوخانەی ناوەندی سنە” گواسترایەوە و لەوکاتەوە تا ئێستا بە بێ ئاگایی لەم گرتوخانە ماوەتەوە.
تا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و هاوڕێیانی ناوبراو لە دەزگا ئەمنیەکانی سنە و پارێزگای کوردستان هیچ ئەنجامێکی نەبووە.