سڵامەتی شوێنی کار تەنیا بە خەباتی کرێکاران، بەسەر سەرمایەداراندا دەسەپێنرێت.

کاتژمێر حەوت و نیوی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانان، یەکێک لە تونێلەکانی کانگای خەڵووزی تەزرەی دامغان، داڕما و بە هۆی ئەو ڕووداوەوە ٦ کرێکار بە ناوەکانی بێهرووز ئەفرووز، قوربانعەلی کەماڵی، حوسێن غەزائیان، حەمید ئیزەدی، ئەبولفەزل غەنایی و محەممەد نەعیمی، لە قووڵایی ٤٠٠ مەتری ئەو کانەدا  گیانیان لەدەستدا.

لەم ساڵانەی دواییدا ئەمە سێیەم جارە کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە لەم کانەدا بەهۆی ناستاندارد بوونی سیستەمی سڵامەتی، ڕوودەدات و بۆ چەندەمین جار کۆمەلێک بنەماڵەی داغدار کردووە. ئەم کانگایە سەر بە شیرکەتی کانگای خەڵوزی ئەلبورزی ڕۆژهەڵاتە کە وەک یەکێک لە یەکەکانی سەربە شیرکەتی تواندنەوەی ئاسنی ئیسفەهان کاردەکات. کرێکارەکان چەندین جار بەرامبەر بە بارودۆخی نائەمنی کارکردن لەو ناوەندە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بە فەرمی سکاڵای یاسایی خۆیان لە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە، بەڵام دەزگای دادوەری و بەرپرسانی ئەو کانە هەرجارە و بە بیانووی ئەوەی کە گۆیا شیرکەتەکە نەک هەر داهاتی نەبووە بەڵکوو زیانیشی بووە، خۆیان لە دابینکردنی هەزینەی باشترکردنی دۆخی سڵامەتی دزیوەتەوە. ئەو کرێکارانەی کە لە ترسی لەسەرکار دەرکردنیان ئامادە نەبوون ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، بە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی مێهریان وتووە: ” بەرپرسان بە چاوپۆشی کردن لە خەتای خاوەنکار، هۆکاری مەرگی ئەو ئازیزانە دەگەڕێننەوە بۆ کەمتەرخەمی کرێکاران، لەحاڵێکدا ئەو کرێکارانە بەبێ بوونی ئیمکاناتی سڵامەتی و هێزی فریاگوزاری لێهاتوو و تەنانەت خاوەن ئەزموون، پزیشک و بەشی فریاکەوتنی گونجاو لەگەڵ شوێنی کار، جل و بەرگی کار، ماسکی ستاندارد و چەکمەی کار و هیتر، ناچارن کار بکەن. خاوەنکار و بەرپرسانی شیرکەت تەنیا بیر لە داهات و قازانجی کانەکەیان دەکەنەوه، نەک لەو کرێکارەی کە ناچارە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە قووڵایی پتر لە ٤٠٠ مەتری زەویدا، خەڵووز دەربهێنێت. بەرپرسانی دادوەریش لەولاوە دادەنیشن و تەنیا سەیری لەدەستدانی گیانی کرێکارەکان دەکەن. بەدرێژایی چەندین ساڵ شاهیدی مەرگی دڵتەزێنی ژمارەیەک لە هاوکارەکانمان بووین و بەداخەوە هەر ئێستاش شاهیدی ئەم ڕووداوە تاڵەین و وادیارە ئەم بەرپرسانە ئەم مردنانە بە شتێکی سروشتی دەزانن. بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ناوەندە ئامارییەکانی ڕێژیمەوە بڵاوکراوەتەوە، ساڵانە بە بەشێوەیەکی گشتی دوو هەزار کرێکار لە ئەنجامی ڕووداوەکانی شوێنی کاردا گیان لەدەست دەدەن و چەند هێندەی ئەو ژمارەیەش بریندار  دەبن و لەکار دەکەون. گرنگی ڕووداوەکانی کار لە ڕوانگەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانەوە دوو هێندەیە. هەر کرێکارێک کە گیانی خۆی لەدەست دەدات، خێزانێک لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. لە بنەماڵەیەکدا ئەگەر کرێکارێکی نافەرمی گیان لەدەست بدات، ئەندامانی تری بنەماڵەکەی ناتوانن مووچەی خانەنشینی وەربگرن. واتە ناناوەرێک لەدەست دەچێت.

گەلێک جار ئیدارەی کار و دەزگای قەزایی ڕژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامی، خاوەنکارانی بەمەبەستی دەربازکردن لە دانی قەرەبوو یان بیمەی لەکارکەوتووی بە قوربانیانی شوێنی نائەمنی کار، لە کەمتەرخەمی و دابیننەکردنی ئەمنیەتی شوێنی کار بێبەری کردووە و بەپێچەوانەوە کرێکارە بریندارەکان تاوانبار کراون. خاوەنکارەکان بەهۆی قازانجپەرستی و چاوچنۆکی خۆیانەوە هیچکات نە حەز بە باشترکردنی سڵامەتی شوینی کار دەکەن و نە نیگەرانی لەدەستدانی کرێکاران لە ئەنجامی ڕووداوەکانی شوێنی نائەمنی کارن. ئەوان تەنانەت نیگەرانی ئەوەش نین کە کرێکارەکان لە ترسی گیانی خۆیان کارەکانیان بەجێبهێڵن. چونکە دەزانن هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن لە نێو ئەرتەشی ملیۆنی بێکاراندا کرێکاری دیکە دابمەزرێنن و هەر لەو شوێنی کارە ناستاندارد و مەترسیدارەدا، هەر کارێکی دژوار و تاقەت پرووکێن بەسەریاندا بسەپێنن. سەرمایەداران جگە لە کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەنەوە. ئەوان نایانەوێت هەزینەی دابینکردنی ئاسایش لە شوێنی کار بدەن. ئەگەر ترسی خەباتی کرێکاریی بەسەر سەریانەوە نەبێت، تەنانەت لەبیریان دەچێتەوە کە کرێکاریش مرۆڤە، نەک ئامرازێک بەدەستی ئەوانەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانج. گیانلەدەستدانی کرێکار لە شوێنی کار و یان برینداربوونی، چ بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی سڵامەتی بێت یان بەهۆی ماندوێتی و سەعاتکاری زۆر و درێژماوە بێت، چ بەهۆی سەختی کارەکەوە بێت یان بەهۆی نەبوونی ڕاهێنانی ئەمنی، کە پێویستە لە خولی جۆراوجۆردا بە کرێکاران بدرێت، هەمووی ئەمانە دەکەونە خانەی تاوانکارییەوە. بەهۆی هەر ڕووداوێکی کە سەرچاوەگرتوو لەم هۆکارانەوە بێت، پێویستە خاوەنکار بهێنرێتە سەر مێزی لێپرسینەوە و دادگاییکردن.

برینداربوونی کرێکار تا ئەو کاتەی لە دادگایەکی عادڵانە و بە حزووری لێژنەیەکی سوێندخواردووی پێکهاتوو لە خودی کرێکاران پێچەوانەکەی نەسەلمێندرابێت، خاوەنکار بە تاوانباری سەرەکی دادەنرێت. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا کە ڕەنگە ئەم هۆکارانەش کاریگەر نەبووبێتن، کرێکاری بریندار و بنەماڵەکەی لەهەرحاڵدا دەبێت بە تەواویی بیمە بیانگرێتەوە.

تا ئەو کاتەی کە شەپۆلی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداریی لەگۆڕ نەنابێت، کرێکاران خۆیان دەبێت لە فکری خۆیاندابن و بەپشت بەستن بە خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان خاوەنکار و دەوڵەت ناچار بکەن ئاسایشی شوێنی کارەکانیان بۆ دابین بکەن. پێویستە گیان لەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی نائەمنی کار، وەک کوشتنی بە ئەنقەست هەژمار بکرێت. ڕووداوەکانی شوێنی کار، چ بە هۆی ماندوێتی کرێکارانەوە بێت یان لە ئەنجامی نەبوونی ستانداردەکانی سڵامەتی، دەبێت بخرێنە ئەستۆی خاوەنکارەکان. دابینکردنی سڵامەتی شوێنی کاریش وەک هەر داواکارییەکی تر تەنها بە زەبری خەبات و هاوپشتی چینایەتی کرێکاران، بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتە پشتیوانەکانیاندا دەسەپێندرێت.

EmailWhatsAppTelegramاشتراک گذاری

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

س سپتامبر 5 , 2023
دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە و سەقز بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری “هەنگەژاڵ و کێڵێ “بەسەختی برینداربوون. بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ سێشەممە١٤خەرمانانی١٤٠٢،هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵلی سەقز بە ناوی حامدفەرەجپوور بە سەختی […]

You May Like