جێگە و پێگەی مانگرتنی ئەم دواییەی کرێکارانی فولاد

دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللی فولاد ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە ڕێگەی کەناڵی تێلگرامی خۆیەوە ڕایگەیاند کە خولی نوێی مانگرتنەکانی فولادی ئەهواز بە شێوەیەکی مەرجدار کۆتایی پێهاتووە. دوایین خولی مانگرتنەکان کە بە شێوەیەکی وشیارانە و بە بەشدار کردنی هەر سێ هەزار کرێکارەکەی فولادی ئەهواز لە بڕیارەکاندا، ڕۆژی سێشەممە سێهەمی مانگی ڕێبەندان دەستیپێکرد. گرنگترین ویست و داواکارییەکانی کرێکاران بریتی بوو لە جێبەجێکردنی تەواو و دەستبەجێی تەرحی تەبەقەبەندی پیشە، یەکسانکردنی حەقدەستی کرێکارانی شیرکەتە فولادەکانی دراوسێ و لەسەر بنەمای هەزینەی بژێوی خێزانێکی ٤ کەسی؛ بە داییمی کردنی سەرجەم ئەو کرێکارانەی کە بە شێوەی گرێبەستی کاتی کار دەکەن؛ دەرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەندەڵ و لێسەندنەوەی خاوەندارێتی بانکی میللی و بەشداریکردنی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی شیرکەتەکە و شەفافیەتی باڵانسی دارایی شیرکەت، کە هی هەموو خەڵک و کۆمەڵگایە. خولی نوێی مانگرتن و خەباتی کرێکارانی فولاد، دوای ناڕەزایەتییەکانیان لە مانگی خەرمانان و مانگرتن و خۆپیشاندانی یەکگرتووانەی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ بەڕێوەچوو. ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، دوای ڕێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگا و بانکی میللی، لەسەر پێدانی مانگانە بڕی دە ملیۆن تمەن وەک پێشەکی تا کاتی جێبەجێکردنی بە تەواوی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و بەڵێنی گەڕانەوە بۆسەر کاری کرێکارە دەرکراوەکان، مانگرتنەکەیان کۆتایی هات. کرێکارەکان سێ ڕۆژ مۆلەتیان داوە بە بەرێوەبەرایەتی شیرکەتەکە بۆ ئەوەی سکاڵاکەیان لە دژی کرێکاران، لە دەزگای دادوەری وەربگرنەوە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی فولاد و بانکی میللی وەک ئۆرگانی باڵای فولادی ئەهواز، بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد. هەر بۆیە خولی نوێی مانگرتنەکانی ئێستا بە ڕێپێوانێک لە شاری ئەهواز و کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگای خوزستان دەستی پێکرد. ئەمجارەشیان بەڕێوەبەرایەتی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پارێزگا، بەلێنییان دا کە تەرحی تەبەقەبەندی لە ماوەی دوو ڕۆژدا جێبەجێ بکەن. بەڵام لەبری جێبەجێکردنی بە تەواویی ئەو تەرحە، تەنیا حازر بوو پێنج لەسەد بە حەقدەستەکانیان زیاد بکات.

ئەم بەڕێوەبەرایەتیە لە هەمان کاتدا سکاڵایەکی لەسەر ٢٤ کرێکاری ڕادیکاڵ تۆمار کرد. ئەو کرێکارانەی کە سەرکەوتووانە مانگرتنی یەکگرتووانەی ئەم دواییەیان ڕێبەرایەتی کرد و بە هاوکاریی هەموو کرێکارانی بەشدار لەو شۆڕایەدا بەرەوپێشیان برد، ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندان ڕاگەیاندنێکی لەقاودەرانەیان بڵاوکردەوە. ئەوان لە ڕاگەیاندنەکەیاندا نووسییان پشتگیری لەو هاوکارە خەباتکارانەیان دەکەن کە بە هۆی پێداگری لەسەر مافەکانیان لە دادسەرای ئینقلابی ئەهواز لە دژیان پەروەندەسازی کراوە و جەختیان کردەوە کە ئەم پەروەندەسازییانە تەنیا بۆ تۆڵەسەندنەوەیە لە دەستکەوتەکانی مانگرتن و هۆشداریشیان دا کە چیتر تەحەمولی ناکەن. ئەوان هەروەها نووسییان: تا ئەو کاتەی دەنگی هاواری کرێکاران شاری داگرتبوو، ئەوان خۆیان شاردبووەوە و لە ئاست یەکگرتوویی ئێمە کونە مشکیان لێ ببوو بە قەیسەری. کۆبوونەوە ئەمنییەکان و هەڕەشە و تەماع وەبەرنان بەس نەبوون، سەرلەنوێ بەنیازن بە گوشار خستنە سەر هاوکارە مافخوازەکانمان، هێزی گرووپی میللی تاقیبکەنەوە، کە وادیارە ئەوان لەو هەڵەیە دەرسیان وەرنەگرتووە چونکە ئێمەش تەنیا چاوگەیەکی بەڵێنەکەمان بە کردەوە دەرهێناوە. ئەوان ئاماژەیان بەوەشکردووە کە لەم نەبەردەی ئێستادا، کرێکار لە لایەک وەستاوە و لەبەرامبەریدا لەشکرێک لە مافیا و بەڕێوەبەر و بەکرێگیراو و دادوەر و نوێنەر، ڕیزیان بەستووە. “دەوڵەتمان بە کەران سپارد و سەروەری بە سەگان!” لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ هاوکارانی گرووپی میللی، بێ بنەمان و ئەوەش وەبیر هێنرایەوە کە کرێکارە خەباتکارەکانی گرووپی فولاد هێشتاش ئاسەواری گوللە و ئەشکەنجە و زیندان و شەلاق بە جەستەیانەوە دیارە و گاڵتەیان بە بوختان و تۆمەتی تاقمێک ناکەس و بێ ئابڕوو دێت.

ئەم ئاستە لە بوێریی و چاونەترسییەی کە لە ڕاگەیاندنەکەدا بەرچاودەکەوێت، ڕەنگدانەوەی بوونی ئاستێکی بەرزی ئازایەتی و بوێرییە لە کۆمەڵگادا. ئەم بوێری و چاونەترسییە بووەتە هۆی ئەوەی کە شێوازی خەباتی ئەم هێزە کرێکارییە ناوازەیە، جێگە و پێگەیەکی تایبەت لە نێو کرێکارانی مافخوازی سەرانسەری وڵاتدا بەدەست بهێنێت. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بە مانگرتنی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە کوردستان، شکۆیەکی تری لە زیندووبوونی خۆی نیشان دا، لە خوڵقاندنی ئەو کەشوهەوا خەباتکارانەیەدا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە. ئێستا کرێکارانی فولادی ئەهواز بەهۆی بەدواداچوونی بوێرانەیان بۆ ئاشکرا کردن و لەقاودانی مافیای فولاد، دیفاعی قارەمانانە لە هاوکارە داواکراوەکانیان، خستنەڕووی کۆمەڵێک ویست و داخوازیی هەنووکەیی کە بەدیهاتنیان مومکینە، بەکارهێنانی دروستی شێوازەکانی خەباتی نهێنی و ئاشکرا، خۆپیشاندانی شەقام و کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگاری خوزستان و بانکی میللی و بەرەوپێشبردنی خەبات بە شێوەیەکی، جێگە و پێگەیەکی دیاریان لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا بەدەست هێناوە. هەر بەم هۆیەوە لە لایەن بەشە پێشڕەوەکانی بزووتنەوەی کرێکارییەوە پشتیوانییان لێ کراوە. پێویستە ئەم دەستکەوتانە بپارێزرێن و بەهێز بکرێت

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە و ناردنی خۆراک و یارمەتی پزیشکی، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە

د فوریه 5 , 2024
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی کە ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕێبەندان لە ماڵپەڕەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ٨٠٠ کەس لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بە ناوی “فەرائاتلانتیک” خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بوون. ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ژمارەیەک لە کارمەندانی دەوڵەتی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و یازدە دەوڵەتی ئوروپاییەوە واژۆ کراوە کە بریتین لە بریتانیا و فەڕانسە و ئاڵمان. […]

You May Like