سەردەشت؛ کوژران و برینداربوونی ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە سنووری سەردەشت تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا ٣ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە بەرزاییە سنوورییەکانی “قەندیل”ی شاری سەردەشت دەستیان بە دانانی بۆسە و تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناسنامەی “کیان زەینی” کوژرا. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، دوو برای کۆڵبەریش کە هەردووکیان خێزاندارن، بە ناسنامەی “کەیوان قادری” و “پەیمان قادری” بە سەختی برینداربوون. جێگای ئاماژەیە کە ئەو ٣ کۆڵبەرە خەڵکی گوندی “ڕەشەهرمە”ی سەر بە شاری سەردەشتن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرته، دوو کۆڵبەرە بریندارەکە بەمەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام خومەینی” سەردەشت گواسترانەوه و نەشتەرگەریان بۆ کراوه.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا (٨٧٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢٢٢ حاڵەت واتا (٨٢٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.

ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵ ٢٠٢٤ زاینی، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ زاینی، ئێمە شایەتی بەرزبوونەی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنوورری کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کوردستان؛ کوژران و برینداربوونی ١٥ کۆڵبەر لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم

س جولای 16 , 2024
لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، لانیکەم ٢ کۆلبەر کوژراو و ١٣ کۆڵبەری دیکەش لەناویاندا منداڵێکی کۆڵبەر بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە نێوان ڕۆژانی ١٦ بۆ ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزە سەربازییەکانی ڕژیم بە درێژایی سنووری پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ […]

You May Like