لەناوبردنی بە ئەنقەستی ژینگەی کوردستان

گەرمای هاوین لەڕێدایە و مەترسی ئاگرکەوتنەوە هەموو ساڵێک هەڕەشە لە دارستانەکانی زاگرۆس دەکات. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین زیانی بە ژینگەی ئێران گەیانووە، بەڵام لە کوردستان، بە هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی، بە ئەنقەست خەریکی لەناوبردنی ژینگەی ئەم ناوچەیەیە. بۆ نموونە زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی بوونی هێزەکانی سپا لە ناوچە سنوورییەکان و تەقەی نابەرپرسانەی ئەوان ڕوودەدات. ڕەوتی وێرانبوونی ژینگە لە ئاکامی سیاسەتە دژە خەڵکییەکانی کۆماری ئیسلامی، تەنیا دارستانەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەخۆ ناگرێت. لە سەرانسەری ئێران ساڵانە ١٢٥ هەزار هێکتار دارستان لەناو دەچن. پێشبینی دەکرێت ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا هیچ ئاسەوارێک لە دارستانەکانی ئێران نامێنێت. بەڵام ئەم پرۆسەیە لە کوردستان بەشێوەیەکی خێراتر ڕوودەدات. ئەم ڕژیمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، بە ئەنقەست و پێی پلان ویستوویەتی ژینگەی کوردستان لەناو ببات. سووتاندنی دارستانەکان بە بیانووی دابینکردنی ئەمنییەت بۆ هێزە سەرکوتگەرەکان، دروستکردنی بەنداوی ناکارناسانە، بیناسازی بە مەبەستی قازانج پەرستی یان سەربازی، فڕێدانی زبڵ و پاشماوەی ناتەندروستی شارەکان، چاندنی مین لە ناوچە سنوورییەکان، تۆپبارانکردنی ناوچە شاخاوی و لەوەڕگەکان، تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان، دەرهێنانی بێ بەرنامەی کانگاکان، وشککردنی بەشێنەیی دەریاچەی ورمێ و زەریبار، وشککردنی تاڵاوەکان، گواستنەوەی پاشماوە ژەهراوییەکان بۆ دەرەوەی شارەکان و تەنانەت پیسکردنی ڕووبارەکان و ڕاکێشانی ڕێگای سەربازی بۆ سەر شاخ و گردەکان، تەنیا چەند نموونەیەکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان.

بەپێی هەڵسەنگاندنی چالاکانی ژینگەپارێز، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ٤ ملیۆن هێکتار لە کۆی نزیکەی دە ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوە و هۆکارگەلێکی دیکە لەناوچوون. نەبوونی وەبەرهێنان و نەڕەخساندنی هەلی کار لە کوردستان، بەکردەوە بووەتە هۆی مەترسی لەسەر ژینگە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا جگە لە بڕینی دارەکان، هانی خەڵکی کوردستانی داوە بۆ ڕاوکردن و فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە کێویەکانی وەک سمۆرە، ڕێوی، گورگ، ورچ، کەو و هیتر. ئاو کە گرینگترین پێویستی مرۆڤ و هەر بوونەوەرێکی زیندووی ترە، بەهۆی سیاسەتە داگیرکارییەکانی ڕژیم لە کوردستان، لەگەڵ قەیرانێکی جیددی بەرەوڕوو بووەتەوە و ئێستا نەبوون یان کەمبوونی ئاو لە یەکێک لە پڕئاوترین ناوچەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە شتێکی ئاسایی و بەردەوام. نەبوونی تەکنەلۆژیای گونجاو بۆ سەرلەنوێ بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان و پاککردنەوەی بەتەواوەتی ئاوەڕۆکان، دەبێتە هۆی پیسبوونی هەرچی زیاتری ئاو و خاک و هەروەها دروستبوونی مەترسی بۆسەر مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەرانی دیکەی کوردستان. ڕژیم، جگە لە هەوڵی سیستماتیک بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان و پیسکردنی خاک و هەوا و ئاو، لەگەڵ چالاکانی ژینگەپارێز وەک دوژمن و مەترسییەک هەڵسوکەوتی کردووە و بە گرتن و ئەشکەنجە و زیندانیکردن و تەنانەت کوشتنیشیان، بزووتنەوەی دیفاع لە ژینگەی کوردستانی، لەگەڵ گرفت و مەترسی زیاتر بەرەوڕوو کردووەتەوە. لەناوبردنی ئەم سروشتە جوان و شوێنی حەوانەوەی سەدان جۆر ئاژەڵی دەگمەنە. لەبەر چاوی دام و دەزگا پان و بەرینە نیزامی و ئیدارییەکانی ڕژیم ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بەمەبەستی ڕاگرتنی، بگیرێتەبەر. ئەوە تەنیا خەڵکی ناوچەکە بوون کە بە دەستی بەتاڵ و خستنە مەترسی گیانی خۆیان، تا ئەو جێگایەی کە توانیبێتیان دارستانەکانیان لە بڵێسەکانی ئاگر ڕزگار کردووە.

هەڵسووڕاوانی مەدەنی لە کوردستان، بە درککردن بەو کارەساتەی کە بەمشێوەیە ژینگە لەناو دەبات و بەمەبەستی بەرگریکردن لە ژینگە، لەبەرامبەر ئەم وێرانکارییە دا دەست بەکار بوون. ئەم هەڵسووڕاوانە هەوڵیان داوە سەرنجی هەمووان بەرەولای ئەم پرسە گرنگە ڕابکێشن و بەش بەحاڵی خۆیان ڕۆڵیان هەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگی پێشڕەوانە لەم بوارەدا. پێکهاتنی دەیان ناوەند و ڕێکخراوی دیفاع لە ژینگە، دژایەتی لەگەڵ ڕاوکردن و بەرگریکردن لە مافی ئاژەڵان، دانانی خولی ڕاهێنان بەمەبەستی پێویستی پاراستنی ژینگە، چاندنی نەمام و ڕێگریکردن لە بڕینی دارستانەکان و تەنانەت هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بە دەستی بەتاڵ و بە کەمترین ئیمکانات، بووەتە کار و چالاکییەکی ڕۆتین و بەردەوام لە کوردستان.

خاوێنکردنەوەی گوندەکان و گەڕەکەکانی شار لە زبڵ و پاشماوەکان لەلایەن جەماوەرێکی خۆبەخشەوە، هەندێک کرداری ڕەمزی دژ بە جگەرەکێشان و لەناوبردنی جگەرە و نێرگەلە لە شوێنە گشتییەکان، شکاندنی تفەنگ و قەفەزی ڕاوکردن و ئازادکردنی باڵندەکان، وەڕێخستنی کەمپەین لە دژی ڕاوکردن و توندوتیژی لەدژی ئاژەڵان، هاریکاری و هەوڵی بەکۆمەڵ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان و هتد، وردە وردە بووەتە بووەتە فەرهەنگێکی جێکەوتوو لەم کۆمەڵگایەدا. ئەگەرچی ڕادە و ئاستی ئەو مەترسیانەی کە هەڕەشەن بۆسەر ژینگەی کوردستان، گەلێک ئەولاتر لە بازنەی چالاکییەکانی ئەم گرووپانە و ئەم ئاستە لە هەوڵەکانە، بەڵام ئەم بزاڤە لە هەمان کاتدا، کۆمەک دەکات بە پەرەسەندنی فەرهەنگی پێشڕەو و ڕەفتاری بەرپرسیارانە بەرامبەر بە ژینگە. درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر ژینگە و ژیانێکی تەندروست بۆ خەڵکی کوردستان و سەرجەم دانیشتوانی ئێران.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

میاندواو؛ گیانلەدەستدانی کرێکارێک و برینداربوونی منداڵێکی کرێکار

س مه 28 , 2024
لە کاتی ئەنجامدانی کاری بیناسازی لە بینایەکی دوو نهۆمی لە شاری میاندواو، کرێکارێک گیانی لەدەستدا و منداڵێکی کرێکاری دیکەش برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەهۆی ڕووداوێک لە شوێنی کار، لە ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، کرێکارێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناسنامەی “موتەلیب قادری”، خەڵکی گوندی “شیناوا” گیانی لەدەستدا و کرێکارێکی منداڵیش […]

You May Like