نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی
فرێدریک نیچە؛ ”مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بە خوێندکارانی بکات”.
بە تێڕوانینی من بەشێکی سەرەکی ئەو قەیرانەی لە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی، هزری و ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەن، ڕیشەکەی لە هەناوی سیستەمی پەروەردە و فێربووندایە. بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگەی وەکو کۆمەڵگەی کوردی کە دەرووناسی ژێردەستەی هەیە، ئەو کێشە گەورەیەی لە سیستەمی پەروەردە و فێربوونیدا هەیە، پێوەندی ئەندامی بە دنیابینی، سیستەمی هزری، ڕەوشتی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنگەری و چاندی کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. سیستەمی پەروەردەی کوردی لە ڕۆشنگەری ئایینی و پیاوسالاری و لەهەناوی ئەو سیستەمەدا پەیکەربەندی و پایەکانی خۆی داڕشتووە. ڕۆشنگەریەکە دەڵێت، ڕاستی ڕەها و پیرۆزی پێیە و دژی شرۆڤە، ڕەخنە، کرانەوە و نوێگەرییە، وەکو چۆن قەدەغەی ئایین هەموو شرۆڤە و ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی بڕیاران و چاندی ئایینە، بۆیە سیستەمی پەروەردە دژی ڕوانین و شرۆڤە و ڕەخنەیە لە نووسین و پڕۆگرامەکانی.
لە چاندی ئایینیدا ڕاڤە و شرۆڤە تەنیا مافێکە بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی و هەموو ڕوانین و شرۆڤەی دیکە، بۆ بڕیارانی ئایینەکە لەلایەن باوەڕداران تاوانی پیرۆزە. بۆیە لە سیستەمی پەروەردەدا مامۆستا و وانەبێژان خاوەنی سیستمی ئەکادیمین و ڕاستی ڕەهایان پێیە و مافی ڕاڤە و شرۆڤەی نووسین تەنیا مافێکە بۆ ئەوانە، ڕەخنە، شرۆڤە، ڕاڤە و ڕوانین لە ڕوانینی دیکەوە بۆ نووسین، پەرتوک و نامیلکە تاوانی پیرۆزە. کاری گەورەی سیستەمی پەروەردە و فێربوونی ئێمە نەهێشتنی بیرۆکەیە، لە دەرەوەی زانینی خۆی بڕوانێتە کۆی ئەو کێشە گەورانەی لە سیستەمی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، ڕەوشتی و ئایینی ئێمەدا هەن. سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکو بزوێنەری ترسناک کاردەکات تا کۆبیر و ڕوانینی فێرخواز لە درزێکی بچوکدا ڕابگرێت، بۆئەوەی درزی گەورەی سیستەم پەردەپۆش بکات.
لەناو سیستەمی فێربوونی ئێمەدا، پێوەندی مامۆستا و خوێندکار لە پێوەندی قووڵی دەسەڵاتە، هاوشێوەی پێوەندی (ئاغا و کۆیلە) هیگڵ دەڵێت؛ “بوونی ئاغا بەنده بە دانپێدانانی کۆیلەوە”. لە سیستەمی پەروەردەی ئێمەدا مەرجی باڵادەستی مامۆستا بەندە بە دانپێدانانی ئەویدیکە وەکو هێما و باوکی زانین. پێوەندی بە سیستەمی باوکسالاری هەیە، کە سیستەمی پەروەرده پایەکانی تێدا داڕشتووە. ”بەختیار عەلی” لە پەرتوکی ”خوێنەری کوشندە” کێشەکە ئەمەیە کە “پیرۆزگەرایی مامۆستا یەکسانە بە پیرۆزگەرایی زانین”. مامۆستا باوکی خەیاڵی، زانین، زانستە و ئەویدیکەی گەورەیە کە دەبێت کڕنوش و سوژدەی بۆ بەرین. ڕیشەی ئەم پێوەندییە لە هەناوی ڕۆشنگەری ئایینی باوکسالاری ترسناک دێت کە دەڵێت؛ ”گۆشتی بۆ من و ئێسکی بۆتۆ”. کە ڕیشەی ئایینی هەیە و فەنتازیای ئۆدیبە بۆ کورتکردنی وێنەی جیهان بۆ وێنەی باوکی باش و باوکی خراپ، باوکی خەسێنەر و باوکی داڵدەدەر، مامۆستای باش و مامۆستای خراپ، مامۆستای خەسێنەر و مامۆستای میهرەبان.
ڕێکخراوی پەروەردەکارانە شوێنی بەرجەستە و فەرمی کە تێدا دەسەڵات نواندن بۆ ملکەچی خوێندکارە. سیستەمی فەرمی سیستەمی ئەویدیکەی گەورەیە، کە جێگرەوەی شتی ڕاستینەیە بە جێگرەوە. وەکو ”ژیل دۆڵۆز و فلێکس” گوتاری لە پەرتوکی ”دژە ئۆدیب” بواری زانیاری بە بەشێک لە “پێکهاتەی ئامرازی چاندی باڵادەستن”. فەیلەسوفی فەڕەنسی ”ژاک ڕانسییەر” دەڵێت، سیستەمی پەروەردەکارانە وەکو یاسایەکە، کە تێدا دەسەڵاتی زانا بەسەر نەزاندا دەدات. ڕانسییەر لە پەرتوکی ”مامۆستای نەزان” بۆ ئەفسانەی سیستەمی پەروەردە دەڵێت، ”کە سیستەمێکە بە بنەمای دابەشی بۆ دوانە درێژە بە خۆی دەدات، دوانەی زانا و دانا، تەمبەڵ و زیرەک. بە ڕوانینی ڕانسییەر هیچ مرۆڤێک لە بنەمادا تەمبەڵ نییە. ناوبراو بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی ”مسیۆ ژاکۆتۆ” هزری خۆی دەنووسێت؛ ”لە ئەنجامی فێربوونی هزری جیادا، گشت منداڵێکی مرۆڤ بەیەکسانی باشتر لە هەر شتێک فێری دەبێت، ئەو فێربوونەیە کە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بۆی بڵێت، ئەویش فێربوونی زمانی دایکییە”. ڕانسییەر گوتە ناودارەکەی ژاکۆتۆ دەڵێتەوە؛ “هیچ زانینێک لە کەلە سەرێکەوە ناگوازرێت بۆ کەلە سەرێکی دیکە”. واتا مامۆستای نەزان هیچ شتێکی نیە بیبەخشێت بەویدیکە. بە گوتەی فۆکۆ کایەی پەروەردەکارانە و زانین لە بنەمادا، بواری دەسەڵات و پێوەندیەکانێتی.
مامۆستا لە بواری زانین و مەعریفە نیە، بەڵکو بەشێکی دەسەڵات، حکومەت، ئایدۆلۆژیا و پارتە. لە بنەمادا مامۆستا ناوێک نیە کە بڕیارگەی خوێندنی باڵا و پەروەردە سەپاندوێتی و سەرقاڵی خەساندنی تواناکانی هزرمانە، بەڵکو لەڕێگەی تاریکی بەدوای بینین و دۆزینەوەین. وەکو ”جۆن هێنری نیومان” لە پەرتوکی گرنگیدا ”بیرۆکەی زانکۆ” دەڵێت؛ “پەروەردە بوار ڕەخساندنە بۆ مەترسی هزر، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی مامۆستا لە ڕێگەی پەرتوکی گەورە”. بۆ دیاریکردن و ناسینی شوناسی ڕاستینەی فێرخواز و مامۆستا پێویستە تەماشای گوتارەکەی بەختیار عەلی دەربارەی”ئارەزووی فێربوون لە نێوان دۆڵۆز و لاکان”، بە ڕوانینی بەختیار عەلی “خوێندکارێتی دۆخی بوونە، هەر بوونەوەرێک بیەوێت لە خۆی و ئەوانیدیکە تێبگات خوێندکارە”.
ناوبراو لەو تێڕوانینە ناڕوانێتە خوێندکار کە تەنیا لە ڕوانگەی پێوەندی دەسەڵات لە خوێندکار دەڕوانێت، ئەو ڕوانینەی تەنیا بوونی کۆمەڵایەتی، بکەری بچوک، شوناسی کۆمەڵایەتی تەسک و ڕاستی دەبینێت و واتای خوێندکار کورتدەکات بۆ واتای خوێندنگە، زانکۆ و تەنیا لە هاوکێشەی دەسەڵاتدا خوێندکار دەبینێت کە تێدا خوێندکار لایەنی لاواز و گوێگرە و مامۆستاش لایەنی بەهێز و قسەکەرە. ئەو ڕوانینە کۆنەی بۆ دۆخی خوێندکار لەمنداڵی لە هزرماندا هەیە؛ “خوێندکاری باش ئەو خوێندکارەیە کە بێدەنگە و گوێگری مامۆستایە”.
بە ڕوانینی بەختیار عەلی؛ “خوێندکارێتی، ئەو هەستە بوونەیە کە دەتوانین پرسیار لە تاریکی بکەین، تاریکی ناکۆتا”. پرسیار لە تاریکی لەوەی کە نایزانین. ئەو تاریکیەی پێدەڵێن؛ “گۆڕەپانی نادیار”. وەکو نەستی ”ئێرنست بلۆخ” ئەوەی هێشتا پێی هۆشیار نین. بلۆخ نەست بەسەر ئەو بابەتانە دەزانێت کە پێی هۆشیار نین.
جیاوازی مامۆستا و فێرخوازیش لەوێدایە کە خوێندکار دەزانێت سنوری بچوکی زانینی زۆر بچوکترە لە سنوری گەورە و بێکۆتای زانین. بە پێچەوانەوە مامۆستا هەمیشە دەڵێت کە دەزانێت، نەزانی خۆی لە ژێر نازناو و کڵێشەی سادەی زانیندا دەشارێتەوە و لەیەک ڕوانیندا جێگیرە و مردووە. مردن بە مانای وێنەکێشی بەناوبانگ ”ئادگار دیگاس” لە شوێنێکدا دەڵێت؛ ”زۆر بەختەوەرم شێوازی خۆم نەدۆزیوە، ئەگەر شێوازی خۆم بدۆزیایە له بێزاریدا دەمردم”.
جیاوازی نێوان مامۆستا و خوێندکار ئەوەبێت، کە مامۆستا لەیەک شێواز و ڕێگەی زانین گیری خواردووە، بەڵام خوێندکار تەنیا یەک ڕێگە و ڕوانینی نیە، بەڵکو هەرجارە و ڕێگەیەک ئەزموون دەکات. وەکو بەختیار عەلی دەڵێت؛ ”دەزانێت هێشتا تێنەگەشتووە، ئەم هێشتایە هەمیشەییە و شتێک نیە لای مامۆستایەک، زانایەک و فەیلەسوفێک هەبێت بەڵکو لە مردندا ڕادەوەستێت بێ گەیشتنە وێستگەی کۆتایی. خوێندکار خوێندنگەی نیە، خوێندکار لە خوێندنگەدا ناگاتە خوێندکارێتی بەڵکو ئەو کاتە دەگات لەناو پەرتوکگەدا بمرێت، بمرێت و هێشتا ئەو پەرتوکەی نەدۆزیبێت کە بۆی دەگەڕێت. ئاستی خوێندکار لە ئاستی مامۆستا گەورەترە، مامۆستا لە جێگەی بچوکی زانیندا گیر دەخوات، زانیاری دەگەیەنێت، بەڵام هەمیشە خوێندکار شتێکی زۆرتری دەوێت لەوەی مامۆستا دەتوانێت بیبەخشێت، مامۆستایەتی هەمیشە ڕۆڵێکی کاتییە، خوێندکار دەتوانێت بۆ هەمیشە و لە هەموو جێگە خوێندکار بێت، بەڵام مامۆستا ناتوانێت هەمیشە خوێندکار بێت. کەم تا زۆر ”بەختیار عەلی” ئەم ڕوانینەی لە هزری نیچە وەرگرت کاتێک دەڵێت؛ “مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بە خوێندکارانی بکات”.
بە ڕوانینی نیچە پێویستە مرۆڤان خاوەنی شێواز و تێڕوانینی خۆیان بن بۆ ژیان، نەک لە پنتێکی ڕوانیندا چەق ببەستن. ”زەردەشت شاگردەکانی جێدێڵێت، خۆت لەمن دووربخەوە، دووربە لێم. من ڕێگەی خۆم هەیە و تۆش ڕێگەی خۆت، باشترین ڕێگە بوونی نییە، تەنیا ڕێگە بوونی نیە. هەموو ڕێگەیەک بەشێکە لە ڕێگەی ناکۆتا، هەموو بیرۆکەیەک بەشێکە لە زنجیرەی ناکۆتایی لە بیرۆکە، وەکو لاکان دەڵێت ”زنجیری دالەکان”، بۆ ئەوەی لە یەک تێبگەین، پێویستیمان بە دوو هەیە”.
من ناوی ”فێرخواز” بۆ ”خوێندکار” بەکاردێنم، فێرخواز خوازیار و ئارەزووی فێربوونە. چەمکی ئارەزوو لای لاکان ناتەواوی ئارەزووی ئەوشتەیە کە نیمانە. تێنوێتی بۆ پڕکردنەوەی ناتەواوی، خۆشی ساتی چێژ بینینیە لەو ناتەواویە. بەختیار عەلی بە هاوکاری لاکان چەمکی ”بکەری ناتەواو” ناوێکە بۆ بکەری خوێندکار بەکاردێنێت. بکەری خوێندکار ناوێکی دیکەیە بۆ بکەری کەرت و چاڵ چاڵ و کەمی مرۆڤ، خوێندکار ناوی بکەری هەمیشە کەرتە لە فێربووندا بۆ ئارەزووی نەبوو دەگەڕێت، ئارەزووی هەمیشەیی و تێرنەبووی فێربوون.
فێرخواز ئەو مرۆڤە کەرتەیە هەرگیز لە زانین تێرنابێت. وەکو قەلەڕەشی ”ئیدگار ئالان پۆ” کە پێمان دەڵێت ”نا نا هەرگیز” هەرگیز تاریکی و ناخمان تەواو نابێت. هەرگیز منێکی ساف و بێگرێ و بێپرس و بێدوودڵی بوونی نیە، خود نیە یان بوونێکی هەلا هەلایە.