کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری مەریوان بە سەختی برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی چوارشەمە ٥ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری قامیشلەی مەریوان بە چەکی جەنگی تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «ساسان محەمەدی» ٢٨ ساڵە و خەڵکی شاری بانەیە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو دەستی چەپ و حەوزی بە گوللەی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە و بەشێوەیەک دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک هێشتا توانای جوڵاندنی دەست و قاچی نییە. شایانی باسە یەکێک لە گوللەکان لە حەوزیەوە چۆتە ناوەوە و لە سکیەوە هاتۆتە دەرەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.