هێزە سەربازییەکانی ڕژیم لە هێڵی سنووری شاری مەریوان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەرێکیان بریندار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، بەهۆی دانانی بۆسە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم بەرەو کۆمەڵێک لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێک بە ناسنامەی “سەلاح” ناسراو بە سەلاح هالوژان، خەڵکی گوندی “هالوژان”ی سەر بە سەوڵاوا برینداربوو.
ئەم کۆڵبەرە بۆ چارەسەرکردن بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری مەریوان گواسترایەوە.
هەروەها کۆڵبەرنیوز لە ڕاپۆرتێکی هاوشێوەدا، برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکە بە ناسنامەی “پەرویز قادری”، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “نیروان”ی شاری بانە بڵاوکردبۆوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.