ناوی کتێب: باڵادی شادی، چیرۆکە شیعر.. چاپخانەی هانا سوید

نووسین: بەکر ئەحمەد

سەفەر یانی ئازادکردنی غوربەتە لە زیندانەکانی گەڕەکێكدا و نیشتەجێکردنی ئەوە لە گەڕەکی بێ ماڵیدا.
یانی بێکارکردنی “بادی خۆش مروور”ە وەك پۆستەچی بە پەنجەی “بینێرە”ی مەیلێك.
سەفەر دەکرێ گەورەکردنی وێنەی نیشتیمان و هەڵواسینی بێت بە دیواری ناو ماڵەوە.
یان بچووککردنەوەی وێنەی گۆی زەویی و هەڵواسینی بێت بە لای پەنجەرەی نیگاوە.
فێربوونی کچەکەمە بۆ وتنی: بە بڕوای من
ڕەوینەوەی ترسی ژنەکەمە لە هەڕەشەکانی دەستی تەڵاق.
سەفەر دەکرێ ونبوونی دەمووچاوی باوکێك بێت و
دروستبوونی دەیەها دەمووچاوی دیکەی باوك بێت. [بەشێک لە قەسیدەی: “سەفەر و باپیرەم و کچەکەم” بەکر ئەحمەد]

لە ناو “لێکۆلینەوەکانی کۆچ”دا دەربڕینێك هەیە پێیدەوترێت “ئەکولتوراسیۆن”. چەمکەکە بە کورتی باس لە نیگای ئینسانی کۆچکردوو دەکات بۆ ژیان لەناو دوو ژینگەی کولتوریدا و دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت.
یەکەمییان: چەندە ئینسان دەستدەگرێت بە پێوەر و بەها کولتورییەکانی خۆیەوە و دەستبەردارییان نابێت.
دووەمیشییان: چەندە ئینسان دەیەوێ لە پەیوەندییەکی دانەبڕاودا بێت لە ناو بەها و پێوەرە کولتورییەکانی کۆمەلگای نوێدا.

ڕەنگە دەموچاوی “جانوس” کە یەکێك لە پەیکەرە یۆنانییە کۆنەکانە باشترین دەربڕینێك بێت بۆ ئەم قڵیشانە ڕۆحی و دووکەرتبوونە ناوەکییەی ئینسانی کۆچکردوو. پەیکەرەکە سیمای ئینسانێکی هەیە کە خاوەنی دوو دەمووچاوە، بەڵام پشت لەیەك. ئینسان لە هەمان کاتدا پێش و پاشی خۆیشی دەبینێ. لە دۆخی کۆچدا، بوونی نیگایەکە لەسەر ڕابردوو و هاوکاتیش نیگایەك لە ئایندە. ڕاگرتنی ئەم باڵانسە و بەئاگابوون لەوەی کە نیگا دەکرێت چۆن ڕابگیرێت، دەکەوێتە سەر هەڵبژاردنی ئەو ستراتیژیانەی کە کەسی کۆچبەر دەکرێ هەڵیانبژێرێت.

ئەکولتوراسیۆن وکۆچ
لای ” بیرڕی”، پرۆسەی ئەکولتوراسیپن دەکرێ چەند ئاراستەیەك بە خۆیەوە بگرێت، وەك ستراتیژییەکی هەڵبژێردراو لەلایەن کەسی کۆچکردووەوە.

یەکەمیان: خۆجیاکردنەوە.
لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو، بەها و پێوەرە کولتورییەکانی گرووپی خۆ لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت و هیچ پەیوەندییەکی دینامیکی لەگەڵ کۆمەڵگای نوێ و بەهاکانیدا پێکناهێنێت. بەشیکی بەرچاوی کۆمەلگای کوردی دەرەوەی وڵات ئەم دۆخە بەسەر دەبەن و دەربڕینی: ئێمە کوردین و ترادیسیۆنە کوردی و بەها کۆمەلایەتیە کوردییەکان دەپارێزین، باشترین دەربڕینێکی ئەم دۆخەیە.

دووەمیان: تواندنەوە یان ئەسیمیلاسیۆن.
لەم ستراتیژیەدا، کەسی کۆچکردوو، هەموو پردە کولتوری و بەها ترادیسیۆنییەکانی نێوان خۆی و کۆمەڵگای یەکەمی تێکدەڕوخێنێت و لەناو پێوەرە کولتوری و بەهاکانی کۆمەلگای نوێدا دەتوێتەوە.

سێیەمیان: ئاوێزانبوون.
لەم ستراتیژییەدا تاکی کۆچکردوو لە نێوان هەردوو کولتوورەکەدا هەڵدەکات و پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگای یەکەم و دوومیدا لە باڵانسێکی ئاسایدا ڕادەگرێت.

چوارەمییان: لە پەراوێزدا بوون.
لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو هیچ پەیوەندییەك بە کۆمەڵگای کۆن و نوێیەوە ناهێڵێت. نەوجەوانانێکی بە تەنها هاتوو دەکرێ لەم دۆخەکەدا خۆیان ببیننەوە.

بێگوومان هەڵبژاردنی هەریەکێك لەم ستراتیژیانە، بە تەنها وەك خواستێکی تاکانەی ئینسانەکان چاویلێناکرێت و پێشینە کولتووری و ئینتیما ئەتنییەکانی کەسی کۆچکردوو و ستراکتۆرەکانی کۆمەڵگای نوێ بۆ دەرگاکردنەوە یان داخستن لەبەرانبەر کۆچبەردا گرنگی خۆیان هەیە.

بەوەی کە کۆمەڵگاکانی کوردستان چەندین دەیەیە ئینسانی لێهەڵدێت و روودەکەنە ئەوروپا، بە خوێندەوار و نەخوێندەواریەوە، بە نووسەر و سیاسییەکانییەوە، کەچی هێشتاکەش ئێمە لە دەرەوەی وڵات خاوەنی بەرهەمێکی نووسراوی وا نین کە ژیانی ئێرە بناغەی نووسین و تێرامانە ئەدەبییەکان بێت. بێگوومان ئەم دەربڕینەی من گشتگیر نییە و گەورەبوونی نەوەی دووەم و سێیەمی کورد لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵێك ناو و نووسەری پێگەیاندووە کە هێشتا بەرهەمەکانیان وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. لە وڵاتێکی وەک سویددا، ئینسان دەکرێت سەربەرزانە خۆی بەو نووسەرانەوە با بدات و دڵگەرم بێت بە لەدایکبوونی ئەدەبیاتێکی دیکەی کوردی کە لە زێدی یەکەمی خۆیدا گەورە نەبووە و قاچەکانی تووند لە ناو هەر دوو کۆمەلگاکەدا داکوتراوە و وەك مەلەوانێکی کارا، بە نیگایەکی ئەدەبیی سەرکەوتوانەوە، بەرهەم دەخوڵقێنێ.

نالی لە ” قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور”دا بە دەنگێك دەربڕی ئەم دۆخی دەرپەراندنەی ئینسانی کورد نیشاندەدات لە رۆژگارێکی دوورەوە، کە تا ئێستاش سەداکەی لە گوێچکەی زۆربەماندایە. ئەو لە ئەستەمبوڵەوە کونجی خانەقاکەی خۆی دەبینێ. بەڵام ئەستەمبوڵ دیار نییە.

شیرکۆ بێکەس، درێژترین شیعر و زۆرترین بەرهەمەکانی لە ستۆکهۆڵمی سویددا دەنووسێت، کەچی بە تەنها قاوەخانەیەکی گەرەکی “گاملستادن” دەبێت بە ئیکسسوارێکی ناو شیعر و لەولاشەوە حاجیحان و مەڵکەندی و مەهاباد و دیاربەکر بە هەموو کووچە و کۆلانەکانیانەوە ئامادەییان هەیە. نووسەرێکی کورد دەڵێ:” تا ئێستاش خەونێکم نەبینیوە زەمینەکەی سویدی بێت.” بەڵام بۆ شاعیرێکی تەمەن لەسەر و هەشتاوە، کانی ئاسکان و سنە و لەندەن و شاخەکانی وێلز لە تەنیشت یەکەوەن و خوێنەر بێ هیچ رێگرییەکی کولتوری و ڕۆحی بە ناو کووچە وکۆڵانەکانی ئەم شوینانەدا دەکرێ سەفەر بکات؛ پرسیار ئەوەیە: نیگا و تێڕوانینی ئینسان ڕوو لەکوێیە؟

باڵادی شادی” سەفەری “چاوە”ی شاعیرە بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی کۆمەڵێك خێزانی کورددا کە لە کوردستانی خۆرهەڵاتەوە دەردەپەڕێنرێن و لە سلێمانی نیشتەجێدەبن و دواتریش لە لەندەن دەگیرسینەوە. ئەوەی لەم بەرهەمەدا جێگای تێرامانی منە، ئەم جێگۆڕکێ نەسرەوت و سووڕانەوە هەمیشەییەی نیگایە لەسەر نەخشەیەك کە کۆچ و دەرپەڕاندنی ئینسانەکان کێشاویەتی.
بالادی شادی چیرۆکە شیعرێکی درێژەو لە 22 بەش پێکهاتووە.
بەڵام بەرلەوەی سەفەرێکی کورت بەناو دێرەکانی ئەم بەرهەمە شیعرییەدا بکەم، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم دەبێت لەسەر ناونیشانی بەرهەمەکە. “باڵاد” لە زمانە ئەوروپییەکاندا مێژوویەکی درێژی هەیە و سەرەتاکانی تا سەدەی ١٢ درێژ دەبێتەوە. باڵاد بەو گۆرانییانە دەوترێت کە لەگەڵ سەمادا دەچڕدرێن و بەشێکی زۆر لە چیرۆك و بەسەرهاتی ڕۆژانە لەخۆ دەگرن. مێژووی باڵاد درێژ دەبێتەوە و چەندەها لق و پۆپی دیکەی لێدەبێتەوە. لە زمانی کوردیدا، ڕەنگە حەیران نزیکترین شیوازی گۆرانی بێت کە لەگەل باڵاددا یەکبگرنەوە.

هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ ئەم بەرهەمە لەلایەن “چاوە”وە، تێڕامانێکی قوڵی لە پشتەوەیە و لەگەڵ ناوەڕۆکی بەرهەمەکەدا یەکانگیر دەبێتەوە.

شەو لە نیوە ترازا بوو، لە دیسکۆ هاتبوونە دەر

بەم گێڕانەوە کورتە و برووسکە ئاسایە، چاوە، کیشمان دەکاتە ناو دەسپێکی چیرۆکە شیعرییەکەوە. ئەویش سەرەتای یەکترناسینی دوو لاوی گەنجی لە لەندەندا گەورەبووی کوردە بە ناوەکانی “شاد” و “شادی”یەوە. ئەم یەکترناسینە کورتەی نیوەشەوێکی ناو مێترۆی لەندەن، چەندین ویستگەی تری بەدوادا دێ و دەبێتە هۆکاری یەکترناسینی دوو خێزان کە هەریەکەیان لە سوچ و کەنارێکی نیشتیمانی یەکەمی خۆیانەوە دەرپەڕێندراون و لێرە گیرساونەتەوە. “گەشە”، “دایە حەبیبە”، “شاهۆ” ، “کەسنەزان” و چەندین ناوی دیکە کە هەریەکەیان چمکێکی ئەم چیرۆکە دەکەوێتە سەرشانیان، لە بەرەو پێشەوەچوونی چیرۆکەکەدا، هەریەکەیان دێنە سەر شانۆی رووداوەکان و لایەنێك لە مێژووی خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵکی کورد و ژیانی نوێ لە هەردوو دیوی کوردستان و لەندەندا دەگێڕنەوە.

بەڵام “باڵادی شادی” هەر بە تەنها داستانی ڕۆژڕەشی و نەهامەتییەکانی خەڵکی کورد نیە. بەڵکو لە ڕێگەی ئەو ئاستە بەرزە لە وشیاری پاڵەوانەکاندا کە نزیکایەتییەکی قوڵیان لەگەڵ شیعر و گۆرانی کوردی و جیهانیدا هەیە، ئەم بەرهەمە دەکەنە سرود و گۆرانییەك بۆ بە باڵا هەڵدانی شیعر و گۆرانی و بەرزنرخاندنی ئەم لقە ئەدەبییانەی ناو ژیانی رۆژانەی ئینسانەکان. باڵادی شادی نەك هەر حەیرانێکی درێژە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و فارسی لە ڕیگای گۆرانی و شیعرەکانی ناو ئەم بەرهەمەوە بەم زمانانە، بەڵکو حەیرانێکی “پێشەخۆشە” لە ستایشکردنی شیعر و گۆرانیدا.

یۆسۆ ئاسکە و دەمووچاوێکی دیکە!

چاوە لەم حەیرانە درێژەدا، نەك هەر شیعر و گۆرانییە سادەکانی سەر زمانی خەڵکی و شیعرە بەناوبانگە کوردی و جیهانییەکان بەسەردەکاتەوە لە ڕیگەی ئاخاوتنی پاڵەوانەکانەوە، یاخود لە ڕێگەی منی گێڕەرەوەی چیرۆکە شیعرییەکەوە، بەڵکو ڕاستکردنەوەیەکیش بۆ ئەم مێژووە هەڵەیە دەکات کە بەشێك لە شاعیرە گوومناوەکانی کوردستان ڕووبەڕوی بوونەتەوە. ئەوەتانێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی “”عەللادین سەجادی”دا، مەرگی یەکێك لە شاعیرە جوانەکانی هەورامان “یۆسۆ ئاسکە” دوو دێڕی پێڕەوا دەبینریت: “پیاو، شاعیری خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان ( 1638ـ1592)، لە موسل مردووە.”

بەڵام لە زمانی کەسنەزانەوە کە یەکێك لە پاڵەوانە جوانەکانی “باڵادی شادی”یە، ئاواهی ئەم چارەنووسەی یۆسۆ ئاسکە دێتە گێرانەوە:
“یۆسۆ ئاسکە خۆشخوان بووە، جوانخاس بووە، دەمڕاس بووە. لە دیوەخانی خانەکەی مەشهوور بە “خانی کول خانان”، شیعرو گۆرانی وتووە، لە قسان، بە تۆمەت و تاوان بە ئەمری خان لە چینی دیواریان ناوە. قوڕیان بەدەمیا کێشاوە، تا هەناسەی لێبڕاوە. مەشهوورە تا ئاخر نەفەس، یۆسۆ ئاسکە بە شیعرەکانی هەجووی خانی کردووە تا مردووە”.

باڵادی شادی و زمان.

بەکارهێنانەکانی زمانی ئینگلیزی چ وەك شیعری شاعیرانی دیکەی ئینگلیز و تیکستی گۆرانییە ئینگلیزییەکان، بەرهەمی شاعیرانی فارس و بەکارهێنانی دیالێکتی کوردی نەوەی دووەم و سێیەمی منداڵی کوردی لە ئەوروپا گەورە بوو کە لە دراما تەلەفیزیۆنە کوردییەکاندا جێگای گاڵتەجارییە بۆ زۆر کەس، ئامادەییەکی لەڕادەبەدر و بەرچاوی دیالێکتی هەورامی و سنەیی لەم بەرهەمەدا، جوانیەکی لەرادەبەدەر بەم بەرهەمە دەبەخشێت و بێ هیچ سڵکردنەوەیەك لەوەی کە خوێنەر دەکرێ تێیبگات یان نا، لە ناو دێرەکانی ئەم بەرهەمەدا بە بێ هیچ ژێرنووس و دروستکردنی فەرهەنگۆکێك ئامادەییان هەیە.
لەپاڵ ئەم ئامادەییە گەورەیەی زمانە جۆراوجۆر و دیالێکتە پەراوێزخراوەکانی زمانی کوردیدا لەم بەرهەمەدا، زمانجوانییەك لە ناو دێرەکاندا دەدرەوشێتەوە کە تەنها لەنەوەی “چاوە” و “سوارەی ئیلخانیزادە”ی شەستەکانی سەدەی ڕابردووی کوردستانی رۆژهەڵاتدا دەکرێ بەشوێنیدا بگەڕێیت. سەیرێکی ئەم وشانە بکەن:

پێشەخۆشە، خێمپێدان، مەیمانی، وەختارێ، وەلێکان، عەلەندەوام، تەمایەر، تیتاڵی، تواشا و … هتد

جەنگی نەوەکان یان پێکەوەدوواندی یەکتری!

دەربڕینێکی سادە و جوانی منداڵێکی تورك هەیە کە دابڕانی نەوەکان لەیەکتری و ئینتیماکانییان بۆ ژینگەی یەکەمی دایك و باوك و نیشتیمانی دووهەمی دوای نیشتەجێبون لە پرۆسەی کۆچدا، جێگایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئاماژەپێدان تا بزانین چۆن چاوە لەم چیرۆکە شیعرییەدا بە دەرئەنجامی پێچەوانەی ئەم دەربڕینە دڵتەنگەی خوارەوە دەگات. دەربڕینەکە ئاواهییە: “نیشتیمانی باوکم، نیشتیمانی غەریبی منە. نیشتیمانی من، نیشتیمانی غەریبی باوکمە” .

ئەم دابەشبوونە سادە و واقعییە کە لە زمانی نەوجەوانێکەوە دێتە دەربڕین، ئەو خاڵی سنوورجیاکردنەوەیە کە ئینتیمای نەوەکان بۆ جوگرافیا جیاوازەکان و دروستکردنی پردی بەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵ و دایك وباوکدا، بە سرووەدکانی “چەند شیرینە لام” و “خوایە وەتەن ئاواکەی” دروستناکرێتەوە. ڕەنگە ئەمە وێنەیەکی گشتیگیر نەبێت، بەڵام ڕاستیەکە و زەبرەکانی کۆچ دەیهێنێتە پێش.

“چاوە” لە باڵادی شادیدا ئەم دابرانەی نەوەکان هێندە سادە دەهێنێتە پێش کە لەگەڵ بەریەککەوتنە رۆژانەییەکانی دایك و باوکاندا لەسەر پرسیارە سادەکانی ڕۆژانە، جێگایەك دەدۆزێتەوە کە نە نیشتیمانی یەکەمی دایك و باوك مەمەلکەتی غەریبی نەوەکانە و نە نیشتیمانی غەریبی دایك و باوکەکان، بە تەنها نیشتیمانی نەوەکانە. ئەو ڕایەڵەیشی کە ئەم نەوە جیاوازانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شۆرشی ژینایە کە نەك هەر بە تەنها مەراقێکی گەورەی پاڵەوانەکانە کە لە زێدی خۆیان دەرپەڕێندراوون، بەڵکو ئومێد و خەونی ئەو نەوە نوێیەشە کە بە ئومێدەکانی دایك و باوکەوە پەیوەست دەبن.

باڵادی شادی بە تەنها چیرۆکە شیعرێکی ئەو ڕووداوانە نین کە ڕوویانداوە و لە تیکستێکی ئەدەبیدا تۆمارکراون، بەڵکو وێناکێشانی دنیایەکە کە دەبێت وابێت. ئەو پرسیارەی کە خوێنەر دەکرێ بەزەینیدا بێت ڕەنگە ئەوەبێت کە ئایا ئەم پاڵەوانانەی ناو ئەم چیرۆکە شیعرییە چەند نوێنەرایەتی کۆمەڵگای دەرەوە و ناوەوەی کوردی دەکەن؟

بە بڕوای من، باڵادی شادی تێڕوانینی ئەو کەمایەتییەی کۆمەڵگای کوردییە کە بەشێکی گەورەی ئەو تێڕوانینە کولتوری و پێوەرە کۆمەڵایەتیانەیان تێکشکاندووە کە لەمڕۆدا لە ئاستی کولتور وبەها و پێوەری باڵادەستدان لە کۆمەڵگای کوردستاندا. هەر ئەم نیگایەشە کە ئەم چیرۆکە شیعرییە دەکاتە خەونێکی ئایندەییانە.

دەڵێن: لە کاتی گەیشتنی بنەماڵەیەکدا بۆ دەرەوەی وڵات، زەمەنی پێکەوەژیانی ئەندامانی خێزانێك بەم شیوازەی خوارەوە لەتدەبێت:
“باوکەکانمان لە دوێنێدا دەژین، ژنەکانمان لەمڕۆدا و منداڵەکانیش لە سبەێنێدا”

ئەگەر چرکەساتی گەیشتنی خێزانێك بەم شێوازە لەت ببێت و ئەندامانی ئەم خێزانە لە دوێنی و ئەمڕۆ و سبەێنیدا جێگا بۆ خۆیان بگرن، ئەوسا بە ڕۆشنی ئەو زەبرە سایکۆلۆژییە قورسە هەستپێدەکرێت کە پرۆسەی کۆچ و دەرپەڕاندنی ئینسانەکان لە پاش گیرسانەوەیان لە کۆمەڵگای دووهەمدا، دووچاری دەبنەوە.

بەلام چاوەی شاعیر لە بالادی شادیدا، ئەم زەبرە قورسەی تێکشکاندنی کات زۆر سەرکەوتووانە تێکدەشکێنێت و لەبری ئەوەی لە دوێنی و ئەمڕۆدا جێگایەك بۆ خۆی هەڵبژێرێت، لە سبەینێدا ڕادەوەستێت. جێگایەك بە پێی هاوکێشەکانی کۆچ دەبوایە وا نەبوایە. هەڵبژاردنی ئەم گۆشەنیگایە بۆ مامەڵەکردن بە پرسیاری کۆچ، بۆ پیاوێکی تەمەن سەر و ‌هەشتا ساڵ، باڵادی شادی دەکاتە یەکێك لەو بەرهەمە ناوازانەی کە مامەڵەیەکی زۆر مۆدیرن بە پرسی بوونی ئینسانی کورد دەکات لە کۆچیاندا. ئەگەرچی کوردستان بە هەموو ئازار و خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە لە دێڕەکاندا ئامادەیی هەیە.

لە پاش رووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ ی پۆلۆنیا کە هەڵمەتێکی “جووبێزیی” بوو و دەوڵەت لە پشتیەوە بوو، ٢٠ هەزار هاوڵاتی جوو ناچارکران پۆلۆنیا جێبێڵن. لە تەنیشت یەکێك لە ویستگاکانی وارشۆدا، کۆنە تابلۆیەك بەجێماوە و لەسەری نووسراوە: “لێرە ئەوان زیاتریان لە پاش خۆیانەوە بەجێهێشت لەوەی کە پێشتر هەیانبووە”

باڵادی شادی، گێڕانەوەی مێژووی بەشێکی کەمی خێزانی کوردە کە لە دوای کۆچیانەوە، زیاتر لەوەمان بۆ جێدەهێڵن کە پێشووتر خاوەنی بوون.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە

چ ژوئن 12 , 2024
کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی “سەرتەزێن”ی سەربە شاری بانە کرایە ئامانج و بە سەختی برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانی سنووری “سەرتەزێن”ی شاری بانە لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج و بە […]

You May Like