سەعید ئەمانی
دەكرێ وەك شێوەیەك لە ئەدەب چاو لە نووسینی بیرەوەری بكرێ. لە نووسینی بیرەوەریش دا وەك هەر شێوەیەكی تری ئەدەب شگردی گێرانەوە، شێوەی دارشتن، دروست كردنی فەزا، سەرنج و كورت وێژی، دەبنە پێوانەی هەڵسەنگاندن. ئەگەر لەم گۆشەیەوە بڕوانین، نووسینی بیرەوەری وەك شێوەیەكی ئەدەبی، لەگەڵ ڕۆمان دا شیاوی بەراورد كردنە. لە گۆشەیەكی ترەوە، نووسینی بیرەوەری لەگەڵ ڕۆمان دا براورد ناكرێ. لەبەر ئەوەی كەرەسەكانی نەك لە خەیاڵا و ڕەوتی ئازادی زەین، بەڵكو لە ڕاستیەكانی ژیان پێك دێنێ. ئەگەر هەوڵی ڕۆمان، خۆڵقاندنی ڕووداوێكە دروست كراوی خەیاڵی نووسەر، بە پێچەوانە، هەوڵی بیرەوەری نووس، سەر لە نۆی دارشتنەوەی وردی ڕووداوەكانە. ڕووداو گەڵێكی كە شایەد پەیوەندی بە ڕاوبردوی دووری بگێرەوە هەیە و ئەمرۆ بە قەڵەمەكەی زیندوو یان دەكاتەوە. كەوا بوو نووسینی بیرەوەری دیسان گێڕانەوەی ڕواڵەتێك لە مێژووە كە مێژوو نووسی ڕەسمی بە ئانقەست پشت گوییان دەدا. كەوا بوو دەبێتە ڕسواكەری ڕواڵەتی دزێوی جەنایەتكاران یش.
لە نووسیی بیرەوەری دا وەك شێوەیەكی ئەدەبی، بە هۆی حزوری ڕاستەوخۆی نووسەر، تاك (فردیت) لایەنێكی بەر چاوی هەیە . جەوهەری سەرەكی نووسینی بیرەوەری ((من)) ە. نووسەر تێدەكۆشی لە بەستێنی ڕووداو دا ((من)) بە خۆێنەر پیشان بدات. لەم پرۆسەیەدا نووسەر لە دەرەوەدا دەڕوانێتە ((من)) مەودای لێدەگرێ تا لە پێش دا بیبینێ و دواتر بتوانێ بیخاتە بەر زەین و داوەری خۆینەر، بۆ خۆینەر كاتێ ڕووداوەكان هەست پێدەكرێن كە بزانێ ئاخێوەر چۆن ئەمانەی ژیاندەوە. ئەو كاتەیە كە خۆینەری توانا خۆی دێنێتە جێی ڕاوی و دەكەوێتە براورد كردن و هەڵسەنگاندن. نەك تەنیا وەك شایەدێك دەربكەوێ. لێرەدا ئەم پڕسیارە دێتە گۆرێ: بۆچی دەنووسین؟ یەكیك لە پاڵنەرە گرینگەكان لە نووسین سەبارەت بە زیندان، لەقاودانێكی سیاسی و هەستی بەرپرسی كردن دەرحەق بە كەسانێكە كە كوژراون بە بێ ئەوەی مافی داكۆكی كردن لە خۆیان پێدرابێ. ئەو، زیندانیەكی دۆێنێ، شایەدی گشت ئەو جەنایەتانە بووە، لە پاڵ كەسانێكەوە ژیاوە كە لە ئانێك دا ڕۆچنەی ژیانیان لێ بەستن و دەنگێان كپ كردن. ئەو كە بە زیندویی ماوەتەوە بەرپرسیاری و بارێك بە سەر شانیەوە قورسایی دەكات. شێوەیەك هەست بە بەئەنجام گەیاندنی ئەركێك، واتە گەیاندنی دەنگی كپ كراو و چارەنووسی هاوبەندیەكانی بە گوێی خەڵكی دنیا.
ئیستا بابەتی زیندان بەشێكی بەرچاو لە ئەدەبیاتی ئێمە، لە دەرەوەی وڵات پێك دێنێ. یادداشت، نووسینی بیرەوەری ، تەرح و داستان و گەلێك كاری توێژینەوە ، سەبارت بە زیندان، فەسلێكی لە ئەدەبیاتی ئێمەدا كردۆتەوە. زیندانی، دەبێتە پاڵەوانی داستان و شانۆ گەریەكان. ((قارەمانێكی)) كە ڕواڵەتی سەردەمەكەیەتی. ئەو، هەم زیندانی «تەعزیر» و «حەدە» كانە و هەم پاڵەوانی ڕاوەستان و هەم بەزینەكان. هەردوو كەسایەتی، دەبنە پاڵەوانی ڕاستیەكان. بەڵام تەنیا هەر لە تاراوگە نییە كە باس لە زیندانیان و بە تایبەتی زیندانیانی كۆماری ئیسلامی، بە چەشنێكی بێ پەردە و ئاشكرا دەكرێ، لە بڵاوكراوە و كتێبەكانی ناوخۆی ئێرانیش دا، ئەم بابەتە قاچاغە، خەریكە كەم كەم جێگای خۆی دەكاتەوە. حزوری ئەمانە بۆتە هۆی شكڵ گیری بابەتێك بە نێوی ئەدەبیاتی زیندان.
دەمەوێ لێرەدا هەڵویستە لە سەر نووسینی بیرەوەری زیندان بكەم. ئەم لایەنە لە ئەدەبیات، بە هۆی بایەخی موستەنەد بوونی و هەروەها لەبەر پێشوازیەكی كە لە لایەن خۆینەرانەوە لێی دەكرێ، بە شێوەیەكی بەرچاو كەوتۆتە بەرسەرنج. لە 15 ساڵی ڕابردوودا لانی كەم 23 كتێب، وەك بیرەوەری زیندان، و بە دەیان بیرەوەری كورتی دیكە لە دەرەوەی وڵات بڵاو بۆتەوە. هەر ئەم سەرنج دانە بۆتە هۆی ئەوەی كە هەر لەم ساڵانەی دوایدا چەندین كتێب و بابەتی تر لە مەڕ زیندانەكانی رژیمی پەهلەوی بڵاو بێتەوە.
نووسراوەكانی پاشماوەی زیندانیەكانی كۆماری ئیسلامی لە بەراورد لەگەڵا پێشینیان دا خاوەنی چەندین تایبەتمەندیە. نووسراوەی ئەم دەورەیە لە زیندانیەكان، نەك نەزەریەپەردازان و كەسانی بەرچاوی سەردەمی خۆیان – وەك ئەوەی بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی دەیەی بیستی هەتاوی دا دەبیندرێ – بەڵكو بەگشتی كەسانێكی بێ ناونیشانن. یەكێك لەو بەسەدان هەزار مرۆڤەی تامی تاڵی زیندان و شێڵاق ی دەسەڵات دارانی كۆماری ئیسلامییان چێشتوە. شایەد بۆ یەكەم جاریش بێ كە ئەنووسێ. بە پێچەوانەی ڕابردوو، بەشێكی بەر چاوی ئەم نووسراوانە هی ژنانن. لەگەڵا ئەمانە دا تایبەتمەندیەكی تریش لە نووسراوەكانی ئەم بەرەیەدا بەر چاو دەكەوێ. ئێمە شاهیدی گۆڕانێك لە ڕوانینی ئەم نووسەرانە سەبارەت بە ڕابردووی خۆیان ین . ئەویش حزوری چالاكانەی تاكی بگێرەوە(ڕاوی) یە. بەسەرنجدان بە نووسینی بیرەوەری بەرەی تودەییەكان، بۆمان دەردەكەوێ كە تاك لە لای ئەوان هیچ جێگاو شوێنێكی نیە و بە جێگای بەرپرسیاریە تاكیەكان، خەتاو هەڵەكان دەخرێتە ئەستۆی كەسانی تر. و هەروەها لە نووسینی هێندێك لە بیرەوەریەكانی نەسڵی تێكۆشەرانی دواتر، واتە زیندانیەكانی دەیەی 50 ی هەتاوی دا كە بەدەستەوەن، فەردیەتی ڕاوی بەتەواوی وەلانراوە. ئەم نووسراوانە، نەك وەك نووسینی بیرەوەری، بەڵكو تەنیا بە مەبەستی هەڵخراندن و لە قاودانی تاوانەكانی ڕژیمی پەهلەوی نووسراون. ئەزموونە پڕكارەساتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی دوای شۆڕشی 57 ی ئێران، لەبەریەكبڵاوبوونی ئۆردوگای، بەنێو سوسیالیستی، چوونە ژێر پرسیارەوەی زۆرێك لە ئاڕمانەكانی ڕابردو، و شكستی ڕوانگە ئیدئۆلۆژیەكان بوونە هۆی ئاڵوگۆڕ پێكهاتن لە ڕوانگەی بەشێك لە تێكۆشەرانی بەرەی ئەمڕۆیی. بەرهەمە تاڵەكەشی، دوودڵی و تەنیاییەكانە. پشتیوانەكانی دوێنێ و «ئێمە»كانی پاڵپشت، ئیترحزورە پتەوەكەی دوێنێ یان نییە. تاك تووشی سەرلێشێواوی یە و تێدەكۆشێ فەردیەتی خۆی و»من» بكاتە جێنشینی «ئێمە». لە نووسینی بیرەوەریەكانی بەرەی ئەمڕۆدا، ئێمە شایەدی هەوڵ گەلێكن باس لە قەبووڵی بەر پرسیاری فەردی لە بەرانبەر كردەوە و ئاكارەكانی خۆیدا دەكا و هەوڵێكە لە پێناو نواندی وێنەی «من» دا. بەداخەوە لە نووسینی بیرەوەریەكانمان لە زیندان ئەم ((من)) ە جار جارە حزوورێكی شەرمێونانەی هەیە و جاری وایە بە شاراوەی دەمێنێتەوە. هەڵبەت ئەمە تەنیا نووسینی بیرەوەریەكانی زیندان ناگرێتەوە. لە باقی بیرەوەری نووسینەكانی دیكەش دا، وتەنانەت لە شێعر و ڕۆمان و نوسراوەكانی تریش دا ئەم سوننەتە بەسەرماندا زاڵە. هەر ئەڵێی شتێكی ناشیاوە كە نووسەر، بە تایبەتی ئەگەر كەسایەتیەكی ناسراویش بێ، باس لە عاتفە، ناهومێدی، پەشیمانی، تاسە و نیازەكانی بكات و تەنانەت باس لە شادیەكانیشی ناكا. هەرچەند ڕووداو لە زمان یەكەم كەسی تاكەوە دەگێڕێتەوە، بە ڵام بە گشتی ئەم «منە» بێ ڕواڵەتە . یان لە هەیئەتی «ئێمە» دا ون دەبێ.
نووسینەوەی بیرەوەریەكانی زیندان دەتوانێ بە چەندین مەبەست ئەنجام بدرێ ، یەكێك لە ئەنگیزەكانی، ئەم هەستەیە كە ئەو، واتە ڕاوی، چارەنووسێكی تایبەت و بێ هاوتای هەبوە. وەها هەستێك دەیخاتە سەر ئەم باوەڕە كە ڕەنگە گێڕانەوەی سەر بردەكەی بۆ گوێگر و خوێنەر سەرنج ڕاكێش بێت. كە بابەتەكەش باس لە دنیای پڕ لە ڕەمز و ڕازی زیندانە. ئەو شتگەلێكی ناوەتە پشت سەر و ئەزموونی كردوە كە بە دژواری بە بیری كەسانی دیكە دا دێ. بەڵام ئەم هەست بە تاك بوون و تایبەتمەندییە، هەرچەند دەتوانێ هاندەر بێ بۆ بە ئاكام گەیاندنی كارێكی پڕ بایەخ، واتە نووسینی ژیانی زیندان، بەڵام بە هیچ شێوەیەك هەستێكی شادی بەخش نییە. هەستێك لەگەڵ ژان و ئازار و تەنیایی دا تەنراوە. ژیان لە كۆمەڵ و كۆمەڵگایەك دا كە ئەزمونە تاڵ و ناخۆشەكانت نەناسێ، و شایەد هەر مایل بە بیستنیشی نەبن، دەتوانێ بەرەو گۆشەگیری و تەنیایی ڕاپێچتكا.
كەوابوو نووسین سەبارەت بە دنیای یاساخی زیندان، ڵەگەڵ ئەوەی كە تۆڵە ئستاندن لە خاوەن زیندانەكانە، چەشنێك داوای هاودەردیشە. یان بەربەرەكانێ لەگەڵ گۆشەگیری و تەنیایی. بە پێی ئەو تاقیباتانەی سەبارەت بە پاشماوەكانی ئۆردوگای مەرگی نازیەكان كراوە، و هەروەها خوێندنەوەی نووسراوەكانیان، ئەم هەست بە تەنیایی و گۆشەگیریە تایبەتیە، بە ڕوونی نیشان دەدات. ژان ئامری، نووسەر، و لە پاشماوەكانی ئاشویتس، كە بیست و چەند ساڵ دوای ڕزگار بوونەكەی لە ئۆردوگا، كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دەنووسێ: ئەو كەسەی كە ئەشكەنجەی ئەزمون كردوە، هەرگیز ناتوانێ دنیا وەك ماڵی خۆی چاولێبكا.
دوورنیە نووسین سەبارەت بە زیندان، چەشنێك دژایەتی كردن لەگەڵ ئەو هەستەش بێ. دەنوسین تا نەیسەلمێنین كە جێگایەكمان لەم دنیایە دا نیە.