نەریمان عەزیزی کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسود ٦٠٠ گوللەی ساچمەی بەرکەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دووشەممە ١٦ ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە دەمانچە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سنووری نەوسود کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە. ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکە “نەریمان عەزیزی” خەڵکی گوندی “زیران”ی لە شاری جوانڕۆ ڕاگەیەندراوە. بە پێی ڕاپۆرتەکە، نەریمان عەزیزی ٦٠٠ گوللەی ساچمەی بەرکەوتووە.
هەروەها نەخۆشخانە و پزیشکەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان کردووە بۆ دەرهێنانی ساچمەکان لە جەستەی کۆڵبەرە بریندارەکە، کە ناوبراو نەیتوانیوە دابینی بکات.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە گشتیدا ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. لە گشتیدا ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.