بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێک کوژرا و شەش کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی دووشەمە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاس باوەجانی بە ناسنامەی “ئەیوب محەمەدی” گیانی لەدەستدا و لانیکەم شەش کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ناسنامەی کۆڵبەرانی بریندار “مەسیح مورادی، ئەیوب مورادی، مێهدی بەشارەتی، مێهران عەبدی، پەیمان وەیسی و سەمیع زارەعی”، هەموویان خەڵکی گوندی “زیران”ی سەربە ناوچەی کڵاشی جوانڕۆ بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە کە “ئەیوب محەمەدی” پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی “قودس”ی پاوە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا و شەش کۆڵبەرەکەی دیکەش لە بەشی چاودێریەکانی ئەم نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، بەفر و سەرما، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا (٨٧٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢٢٢ حاڵەت واتا (٨٢٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ زاینی، ئێمە شایەتی بەرزبوونەی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنوورری کوردستان بووین.