نووسەر: لاوێن ئەمانی
تێناگەم ئەم ڕوانگە چەوتە چییە کە بۆ نموونە کۆڵبەر و کۆڵبەری پێ سووکایەتی بوو و دەیوت مرۆڤ لە پێناوی سەر دەمرێ نەک سک و بەو بیانووە سووکایەتی دنیایان بە کۆڵبەر دەکرد! یان بزووتنەوەی مامۆستایانیان لۆمە دەکرد لەبەر ئەوەی یەکێک لە داواکارییەکانیان داخوازی ئابووری و حەقدەست بوو و دەیانوت کەی داخوازی ئابووری پرسی ئێمەیە، وەک بڵێی کوردستان وەک کۆمەڵگا سەرەتاییەکان بە سیستەمی دان و ستانی کاڵا بە کاڵا بەڕیوە دەبرێت وا پارە و ئابووری پرسی ئەو نییە! تەنانەت باشووریشیان لەسەر ئەوەی خەڵک داوای مووچە و دەرماڵەی خوێندکاری و بژیوییان دەکرد، سەرکۆنە دەکرد!
ئێستاکەش کە دیسانەوە خەڵک لە هەندێک لە شارەکانی ئێران لە دوای گرانی و خراپتربوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی دۆخی ژیان و باری ئابوورییان هاتوونەتەوە سەر شەقامەکان، کەسانێک دیسانەوە لە ناو کورددا باس لەوە دەکەن کە ئەوان بۆ برسییەتی شەڕ دەکەن و ئێمە سەد ساڵە بۆ دیموکراسی شەڕ دەکەین (نازانم ئەمەی چۆن حەسێب کردووە) و هەر بۆیە ئەمانە پەیوەندیان بە ئێمەوە نییە. گوایە کورد فۆتۆسەنتێز دەکات و بە نان ناژیت! ئەمە بۆ سەرهەڵدانەکانی خەزەڵوەری دوو سێ ساڵ لەمەوبەریش لە پاڵ چەند پاساوی تردا دەوترا و هەر بەو پێیە ئەو کەسانەی کە هاتبوونە سەر شەقامەکانی مەریوان و دەکوژران، زۆر بێشەرمانە بە “جەوگیر” ناویان دەبردن!
تێڕوانینێکی چینایەتی گیرۆدەی ئەخلاقییاتی بورژوایی کە برسێتی و هەژاری بە سووک سەیر دەکات و پێی وایە کەسانێک کە برسی و هەژارن، کەرامەتی مرۆییان لە سکیاندا کورت بووەتەوە و ئیتر لە هەر جۆرە هزرێکی سیاسی تر بەتاڵن و ناکرێ هاوکات نانیشت بوێ و ئازادیش! (هەڵبەت ئەمە هەر تایبەت بە بەرەی ڕاست و ناسیۆنالیستی کورد نییە و هەر ئێستا ئوپوزیسیۆنی ڕاستی فارسیش خەریکە لەسەر ناوزەدکردنی ئەم ناڕەزایەتییانە بە “شۆڕشی برسییەکان” سەر لە داروبەرد ئەکوتێ…).
پاساوێکی تریش لەوەوە دێت کە پێیانوایە پرسی ئابووریش وەک پرسی ژن و هتد… ڕێگرە لە بەردەم گەیشتنی کورد بە مافە نەتەوەییەکانی و هەر بۆیە دەبێ چاوپۆشی لێ بکرێت یان نابێ ئەم داخوازییانە لە داگیرکەر بکرێت! لە حاڵێکدا تێگەیشتن لەوەی کە بە سکی برسی هیچ شتێک بەدی نایا نەک هەر مافی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، پێموانییە ئەوەندە زەحمەت بێت. یەکێک لە بنچینەکانی کۆلۆنیاڵیزم هێشتنەوەی نەتەوەی ژێردەستە لە هەژاری و دواکەوتوویی زێدەترا، بەو پێیەی دەزانێ خەڵکێک کە گرفتاری ئەوەیە بتوانێ خۆی بژیێنێ، ئەگەر کەڵکەڵەی سەربەخۆیی و ئازادیشی هەبێت، دەرفەتی ئەوەی نابێ بە کردەوە هەوڵێ بۆ بدات. کەواتە بۆ کوردێکی هەژارکراو و داگیرکراو سەرکوتکراو و بێبەشکراو لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، پرسی ئابووری لە هەر شێوازێکیدا نەک نابێ لاوەکی بێت بگرە دەبێ لە هەموو قۆناغێکدا وەک پێش مەرج و بناخەیەک سەیر بکرێت بۆ گەیشتن بە مافەکانی تریشی. لە وێنا دوور و گەورەکەشدا ئەگەر ئامانج سەربەخۆییە، هێشتاکە دەوڵەت بە تەنیا زمان و مێژوو و جلوبەرگ و ئاڵا بەدی نایەت و ژێرخانی ئابووری پشتیوانی کردەیی هەموو ئەمانەیە.
لە کۆتاییدا: نان، پرسێکی تەواو سیاسییە. لە تەواوی مێژوودا هیچ شۆڕش، ناڕەزایەتی و وەرچەرخانێکی مێژوویی نابینی کە بێ پێوەند بووبێ بە بژێوییەوە! هەر قامووسی ئەم زمانە کوردییە لێوڕێژە لە وشە و دەستەواژەی وەک هەژاری، ڕەشوڕووتی، زەحمەتکێشی، نانەسکی، بێ قووتی… و هەر ئەوە نیشان دەدات کە پرسی نان و بژیوی وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تر هەمووکات لە چەقی کەڵکەڵەکانی ئەم خەڵکەشدا بووە. کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە کە حوکمی گشتی بەسەردا بدرێ، کورد بریتییە لە چین و توێژی جیاواز بە داخوازی و ئەولەوییەتی جیاوازەوە. دەکرێ کورد بی، داخوازی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هتدت… هەبێت و ئەمە نە سەیرە و نە عەیبە. بەسە ئەو چاویلکە ئاغاواتییە لە چاو دەربێنن.