نەوسوود؛ بۆسەدانان و تەقەکردن لە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە

لە ئەنجامی بۆسە و تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی بۆ سەر کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی “کەلە قەندی”ی سنووری نەوسوود، لانیکەم چوار کۆڵبەر بریندار بوون و ژمارەیەکی دیکەش تا ئێستاش لە بەرزاییەکانی ئەم ناوچە سنوورییە گیریان خواردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی شەممە، ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی “کەلە قەندی”ی سنووری نەوسوود بۆسە و تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد، کە لە ئەنجامدا لانیکەم چوار کۆڵبەر بریندار بوون.

ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانە “حەبیب”، خەڵکی شاری کرماشان ڕاگەیەندراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بەمەبەستی چارەسەر نەخۆشخانە گواستراوەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە بریندانەی دیکە کە خەڵکی شاری کرماشانن، دەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوابەدوای بۆسەی هێزەکانی هەنگی مەرزی، کۆمەڵێک لەو کۆڵبەرانە پەنایان بۆ خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بردووە و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستاش لە بەرزاییە سنوورییەکانی نەوسوود گیریان خواردووە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، شەوی ڕابردوو گواستنەوەی ئەمبولانس و حاڵەتە فریاگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ئەم سنوورە لەڕێدا بووە.

بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.

لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

د نوامبر 27 , 2023
یاوەر وەیسی کۆڵبەری خەڵکی سەلاس باوەجانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢، “یاوەر وەیسی” کۆڵبەری خەڵکی سەلاس باوەجانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا. هێزەکانی هەنگی مەرزی […]

You May Like