هەورامان؛ دانانی بۆسە و لێدان و ئەشکەنجەی دوو کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە

هێزەکانی هەنگی مەرزی پاش دانانی بۆسە، دوو کۆڵبەریان لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان لێدان و ئەشکەنجە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، نیوەشەوی دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، دوو کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی سنووری تەتەی هەورامان لەکاتێکدا هیچ کۆڵێکیان پێنەبووە، کەوتنە بۆسەی هێزەکانی هەنگی مەرزی و بە مشت، شەق و باتۆمی کارەبایی لێدان و ئەشکەنجە کراون و برینداربوون.

ناسنامەی یەکێک لە کۆڵبەرانی بریندار بۆ کۆڵبەرنیوز “شادمان پایا” تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “هەڵوێزاوا”ی سەربە ناوچەی کۆماسی مەریوان پشتڕاست کراوەتەوە.

شایانی باسە کە نزیکەی ٢٠٠ کۆڵبەری دیکە لەم ناوچە سنوورییە کەوتوونەتە بۆسەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم کە تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە باری تەندروستیان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ناڕەزایەتیی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی ڕێکخراوی جیهانی کار لە ئاست مافی کرێکارانی ئێران

س ژوئن 11 , 2024
١١٢هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانی کار بە ئامادەبوونی نوێنەری دەوڵەتەکان، یەکێتییە کرێکاریی و خاوەنکارییەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕۆژی ٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤ بەرامبەر بە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣ دەستی پێکرد و تا ڕۆژی ١٤ی ژوئەن (٢٥ی جۆزەردان) بەردەوام دەبێت. ڕێکخراوی جیهانی کار یەکێکە لە دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر […]

You May Like