نەوسوود؛ دەستبەسەرکرانی ١٢ کۆڵبەر لەلایەن حرس الحدود

دوازدە کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود) لە هێڵی سنووری نەوسوود و “بیارە”ی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود) لە سنووری بیارەی هەرێمی کوردستان و نەوسوود ١٢ کۆڵبەری خەڵکی گوندی “دەوان”ی سەر بە شاری جوانڕۆیان دەستبەسەرکرد. تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی تەنیا پێنج کەسیان، بە ناوی “ئاریان وەیسی، سەیوان ڕەحیمی، قانع ڕۆستەمی، ئەیسار و ئارام نازری” بۆ کۆلبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە.

لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا، شایەتی بەکارهێنای توندوتیژیی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. ئەم توندوتیژییە بووەتە هۆی زیادبوونی بێوێنەی ژمارەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران. لەهەمان کاتدا هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود)یش بە هەماهەنگییەکی مانادار لەگەڵ سوپای سنووری ئێران. گوشارەکان بۆ سەر کورد لە هەردوو دیوی سنوورە ساختەکانی کوردستانیان زیاد کردووە. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەسەر لێدان و سوکایەتیکردن بە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی حرس الحدودەوە بڵاوکراونەتەوە.

خەڵکی کوردستان، لە سایەی ئەو هەلومەرجە سەختە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانی ئێران و عێراقەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، لەبەردەم جۆرێک لە ئیستغلالکردنی ئاڵۆز بەرەوڕوون. دەرئەنجامەکانی ئەم ئیستغلالکردنە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لەو دیاردە کوشندەیە کردووە کە پێی دەوترێت کۆڵبەری.

بەڵام وەک ئەوەی بەتەنها ئەم مەینەتی و سەختییە بەس نەبووبێت، کە ئێستا شاهیدی هاوبەشی ئاشکرای حکومەتە ناوەندەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکانی کوردستانین بە ئامانجی کوشتن و لەناوبردنی سیستماتیکی ئەو خەڵکە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود؛ برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان

چ مارس 27 , 2024
دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووریی نەوسوود تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا دوو کۆلبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ سەر و لاقیان […]

You May Like