ویست و داخوازییەکانی چینی کرێکار، لە دووتوێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا دەست ناکەون

ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ، وتووێژێکی حسێن حەبیبی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کانوونی باڵای شۆڕا ئیسلامییەکانی کاری وڵات، لەگەڵ پەیامنێری ئیلنا لە ژێر ناوی “کرێکاران چییان لە پزیشکیان دەوێت؟” بڵاو کرایەوە. ئەم بەناو نوێنەرەی کرێکاران لەم وتووێژەدا هەوڵ دەدات بە هەندێک گشتاندن و دانی وادەی سەر خەرمان، گوشارەکانی خەباتی کرێکاران لەسەر سەرۆک کۆمارە نوێیە دڵخوازەکەی کەم بکاتەوە. ناوبراو لەم پێوەندییەدا بە گەڕان بەناو بڕگەکانی یاسای بنەڕەتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیدا، بێهودە هەوڵ دەدات ڕێگایەک بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کرێکاران بدۆزێتەوە. بەڵام داخوازییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی کرێکاران، بابەتی مەرگ و ژیانە و خەبات لەپێناو بەدیهێنانیاندا نابێ بۆ ساتێکیش بکەوێتە دواوە. چینی کرێکاری ئێران لە ماوەی ۴۵ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەپێناو بەدەستهێنانی لانیکەمی ویست و داواکارییەکانیدا خەباتی کردووە و لە هەر شوێنێک ئاڵوگۆڕێکی هەرچەندە کەمیش لە بژێوی ژیان، بارودۆخی کار و یاسا و ڕێساکانی کاردا پێکهاتبێت، بەرهەمی هەوڵ و خەباتی ئەم چینەیە. ئەم خەباتە بە بوونی “پزیشکیان و بەبێ پزیشکیان”یش هەروا بەردەوام دەبێت. ڕەنگە بتوانین گرنگترین دروشم و داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکاران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە:

  • ئازادی دەستبەجێ و بێ‌شەرت و مەرجی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، مامۆستایان و سەرجەم چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی.
  • ئازادی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و مافی مانگرتن وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئازادیی بێ‌شەرت و مەرجی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی “خانەی کارگەر”، “شۆڕا ئیسلامییەکانی کار” و سەرجەم ڕێکخراوەکانی سەر بە حکوومەت لە ناوەندەکانی کاردا.
  • پێدانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان، دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان و سەبەتەی بژێوی بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە سەرووی هێڵی هەژارییەوە، زیادکردنی حەقدەستەکان هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان. دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییە ڕاستەقینەکان.
  • گۆڕینی سەرجەم گرێبەستە پەیمانیی، سپی واژۆ و کاتییەکان، بۆ گرێبەستی کاری هەمیشەیی و هاوکات بەهرەمەند بوون لە بیمە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شیرکەتە پەیمانکارییەکان.
  • جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی کار لە سەرجەم پیشەسازی و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان.
  • هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ١۵ی پڕۆژە یاسای گەشەپێدانی حەوتەم، کە بە جێگیرکردنی “نیزامی وەستا و شاگردی” ڕێگە بە خاوەن بونگا بچووکەکان دەدات بە پێدانی حەقدەستێکی کە لەسەر ویستی خاوەنکار لەسەری ڕێککەوتوون و بەبێ پابەندبوون بە پێدانی حەقی بیمەی بێکاری و خانەنشینی، هەر کەسێکی کە ویستیان، ئەوپەڕی بۆ ماوەی دوو ساڵ دایبمەزرێنن.
  • بەهرەمەند بوون لە بیمەی بێکاری، خانەنشینی، کەمئەندامی، نەخۆشی، ڕووداوەکانی کار، بێهداشت و دەرمان و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ هەمووان.
  • بە کاڵا نەکردنی بێهداشت و دەرمان، دامەزراندنی سیستەمێکی گشتگیری بێهداشت و دەرمانی گشتی، بێ بەرامبەر و بە کوالێتییەکی یەکسان بۆ هەمووان وەک مافێکی شارۆمەندی.
  • بە کاڵا نەکردنی نیزامی پەروەردە و خوێندنی بێبەرامبەر لە هەموو ئاستەکاندا، بەمەبەستی لابردنی باری قورسی هەزینەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیستەمی پەروەردە لەسەر بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان.
  • دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمن و گونجاو.
  • دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار بەمەبەستی پێشگرتن لە ڕووداوەکانی شوێنی کار.
  • پێدانی حەقدەستی یەکسان بە ژنان و پیاوان لە بەرامبەر کاری یەکساندا.
  • جێبەجێکردنی ئەو ویست و داواکاریانەی خانەنشینان کە بەردەوام لە ناڕەزایەتییەکانیاندا هاتۆتە ئاراوە کە بریتین لە: بەرزکردنەوەی حەقدەست و مووچەی خانەنشینی بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، جێبەجێکردنی تەرحی یەکسانکردنی مووچە و حەقدەستی ساڵانی ڕابردووی سەرجەم خانەنشینان، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی بەتایبەتی کردنی نیزامی خانەنشینی.
  • قەدەغەکردنی کاری منداڵانی خوار تەمەنی شانزە ساڵ، قەدەغەکردنی چەوساندنەوە و هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و خراپ بەکارهێنانی منداڵان لە هەر ئاستێکدا، جێبەجێکردنی بێ ئەملاو ئەولای پرسی خوێندنی ئیجباری بۆ هەموو منداڵان و تازەلاوان تا تەمەنی هەژدە ساڵی، قەدەغەکردنی توندوتیژی لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگا لە دژی منداڵان، کۆتایی هێنان بە دیاردەی منداڵانی سەر شەقام، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو منداڵان لە هەموو بوارەکانی پەیوەست بە گەشەی جەستەیی و هزری و فەرهەنگی، داڕشتنی یاسای پشتیوانی لە منداڵان بە بەشداری ڕێکخراوەکانی دیفاع لە مافی منداڵان.

هەڵوەشاندنەوەی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی، ئایینی و فەرهەنگی لە پرسی دامەزراندن و ماف و بیمە کۆمەڵایەتییەکان. بەرابەری سەرجەم کرێکاران و مووچەخۆرانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی، ئایینی و فەرهەنگییەکانی ئێران بە بێ هیچ جیاوازییەک لەسەر بنەمای مافی یەکسان بۆ کاری یەکسان.

  • کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و سوختبەران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە و هەروەها ڕەخساندنی هەلومەرجی کار و دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری بۆیان.
  • هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن لە پرسی دامەزراندنی کرێکارانی کۆچبەری دانیشتووی ئێران، پێدانی مافی نیشتەجێبوونی یاسایی پێیان و بەهرەمەند بوون لە یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەبێ جیاوازی و مافی خوێندن بۆ منداڵەکانیان لە هەموو ئاستەکاندا.
  • هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا، دوو ڕۆژ پشوو لە هەفتەیەکدا و سی ڕۆژ مەرەخەسی ساڵانە بە حەقدەستەوە بۆ سەرجەم کرێکاران و مووچەخۆران.

جێبەجێکردنی ئەم لانیکەمی گۆڕانکاریانە بەمەبەستی پێشگرتن لە وێرانبوونی باری دەروونی و جەستەیی چینی کرێکار، پرسێکی بەپەلە و هەنووکەییە. هاوکات وەدیهاتنی ئەو داواکاریانە، زەمینە بۆ لێکهەڵپێکرانی خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار لەگەڵ سەرجەم بزووتنەوە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان دەڕەخسێنێ و لێکهەڵپێکرانی خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لەپێناو ناندا، چینی کرێکار دەکات بە هەوێنی یەکگرتوویی زۆبەی هەرەزۆری جەماوەر. لە وەها پڕۆسەیەکدایە کە هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا بە خەباتێکی هاوبەش دەتوانن بگەن بە ئامانجی کۆتایی خۆیان، واتە دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە تێیدا ئازادی و بەرابەری و خۆشگوزەرانی گشتی، جێگەی کۆیلایەتی و نادادپەروەری و بێبەشی بگرێتەوە و دەرفەتی یەکسان بۆ گەشە و پشکوتنی توانایی و لێهاتووییەکانی ئینسان، بڕەخسێت. کۆمەڵگایەک کە تێیدا هەر کەس بە ئەندازەی توانایی خۆی کار بکات و بە ئەندازەی پێداویستییەکانی لە ئیمکاناتی ژیان بەهرەمەند بێت. جگە لەوە، هیچ ڕێگەیەکی‌تر بۆ ڕزگاربوون لە بەربەرییەتی سەرمایە و ستمکارە ڕەنگاوڕەنگەکانی پشتیوانی، بوونی نییە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ مەحکوومکردنی چوار چالاکی سنفی مامۆستایان بە زیندان

س جولای 9 , 2024
“ئارام موحەممەدی، تەحسین موستەفا، سەیوان سلێمانی و ئارام قادری”، لە چالاکانی سنفی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان هەر یەکێکیان بە ٤ مانگ زیندان مەحکووم کران. حوکمی ڕاگەیەندراو بۆ ئەم چالاکانە بۆ ماوەی ٢ ساڵ دواخراوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، چوار چالاکی سنفی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان بە زیندان مەحکووم کران. بەپێی ئەم […]

You May Like