چیرۆکی کۆڵبەرێک لە سنورە کوشندەکان: “هیچ گەرەنتییەک بۆ ژیانمان نییە”

سەرچاوە؛ ڕادیۆ زەمانە

وەرگێڕان لە فارسی؛ ڕۆمان میرەکی

یەکێک لەو هەزاران کۆڵبەرەی کە ناچارە ژیانیان لە مەترسیدابێت کە ژیانیان دابین بکەن، لەگەڵ زەمانە باس لە ئەزموونی خۆی و ئەو دۆخە دەکات کە کۆڵبەری بەسەر کوردستاندا سەپاندووە.

لە ساڵی ١٤٠٢ لانیکەم ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنوری کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بریندار بوون یان کوژران. تەقەکردنی پاسەوانانی سنوور هۆکاری سەرەکی برینداربوون و کوژرانی کۆڵبەرانە. ئەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز بڵاوکراوەتەوە نیشان دەدەن لە ساڵی ١٤٠٢ ڕێژەی برینداربوون و کوژرانی کۆڵبەران بە ڕێژەی ٩٠% زیادی کردووە. کوشتنی ڕاستەوخۆی کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی سنووری ئێران تەنیا بەشێکە لەو مەترسییەی کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی کۆڵبەران دەبنەوە. ئەوانەی ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن لە ئێستاوە لە قەیرانی سەختی بژێوی و بێکاریدا تێوەگلاون کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی بەسەر جوگرافیای کوردستان لە ئێراندا سەپاندووە و میدیاکان ڕاپۆرتی ئاماری و گشتی دەربارەی دۆخی کۆڵبەران ڕووماڵ کردووە. لێرەدا گفتوگۆ لەگەڵ کۆڵبەرێک دەکەین بۆ ئەوەی بتوانێت ئەزمونی کۆڵبەری بگێڕێتەوە. کۆڵبەرەکە زیاتر لە ٥ ساڵە بە کۆڵبەری ژیانی دابین دەکات. توندوتیژی پاسەوانی سنووری بە چاوی خۆی بینیوە. لەبەردەم چاویدا کۆڵبەرانی برینداریان لە کیسەی نایلۆندا گواستۆتەوە و هاوڕێکانیشی گیانیان لەدەستداوە. چیرۆکی ئەم کۆڵبەرە یەکێکە لەو هەزاران کوردەی کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی کۆڵبەرییان بەسەردا سەپێندرا.

پرسیار: کەمێک باسی خۆتم بۆ بکە، تەمەنت چەندە؟ تا چ ئاستێک خوێندووە؟ ئابوری خێزانەکەت چۆنە؟

وەڵام: تەمەنم ٢٩ ساڵە و لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت لە هەرێمی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەدایک بووم. تا ئاستی دبلۆم خوێندم بەڵام بەهۆی کێشەی دارایی نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندن چونکە خێزانەکەمان گەورە بوو. جگە لە خۆم ٧ خوشک و برام هەیە و ناچار بووم کار بکەم بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستی خێزانەکەم. ئەو زەویەی لە گوندەکەدا هەمانە ئەو بەرهەمەی پێنەداین بەهۆی بچوکی ڕوبەرەکەی هۆکارە کە خوشک و براکانم نەیانتوانی درێژە بە خوێندن بدەن چونکە ئێمە توانای تێچوونی خوێندنمان نەبوو. واتە دۆخی ئابوری خێزانەکەمان ئەوەندە خراپ بوو لەبیرمە تا ساڵی پێنجەمی سەرەتایی گۆشتم نەخوارد و پێم وابوو باشترین خواردنی جیهان پەتاتەیە.

پرسیار: چۆن بوو ڕووتکردە کۆڵبەری؟

وەڵام: وەک وتم بارودۆخی ئابوری خێزانەکەم خراپ بوو نەک لە گوندەکەماندا بەڵکو تەنانەت لە شاری سەردەشت هیچ کارێک نەبوو بیکەین و لەوێ سەرقاڵ بین، براکەم کە پێشتر کۆڵبەری لە پێش منەوە دەکرد بەهۆی ئەو ڕۆشتمە سنوری بێورانی سەردەشت و لەوێ کەسێکم ناسی کە باری بۆ هەڵبگرم.

پرسیار: ئایا هیچ مەرجێکی تایبەت هەیە کە ببیتە کۆڵبەر؟ چۆن دەبیتە کۆڵبەر و بڕۆیتە کۆڵبەری؟

وەڵام: مەرجی سەرەکی چوون بۆ کۆڵبەری ئەوەیە کە بتوانیت بارەکە هەڵبگرێت؛ ئەمەش مەرجی سەرەکی بوون بۆ کۆڵبەرییە. توانای هەڵگرتنی بار واتە دەبێت بتوانیت ئەوە هەڵبگریت کە خاوەنی بارەکە دەیەوێت. بیرمە ڕۆژێک باری مەی هەبوو ڕۆشتین هەڵیبگرین کوڕێک بۆ یەکەمجار بۆ کۆڵبەری هاتبوو؛ کاتێک کارتۆنی دووەمی بارکرد وتی من ناتوانم ٢ کارتۆن هەڵبگرم. خاوەن بارەکە پێی گوت کە ناتوانی ٢ کارتۆن هەڵبگریت بۆیە مەڕۆ چونکە ئەمڕۆ دەبێت بارەکانم لە کاتی خۆیدا بگەیەنم و تۆش ناتوانیت ئەو بارە هەڵبگریت کە بۆ کەسێک هەژمارم کردووە بۆیە مەڕۆ. ئەو کەسەی ئەو کوڕەی هێنابوو هاواری کرد و گوتی کە تۆ دواتخستم ئێستا لە کوێ دەتوانم کەسێکی تر بەم خێراییە بهێنم. واتە تەنانەت بۆ کۆڵبەری ئەگەر توانای بارکردنت کەمتر بێت ئەوا بارت پێنادەن.

پرسیار: تێچووی هەر بارێک چەندە؟ وە پێویستە چەندە بڕۆیت؟

وەڵام: دەبینیت من لە سنورانی بێوران و دۆڵە لە سەردەشت و موساک لە بانە کۆڵبەریم کردووە. لە هیچ لەم سنورانەدا ئەو ماوەیەی کە دەبوو بە پێ بڕۆین لە ٢٠ کیلۆمەتر کەمتر نەبوو و ئەوەش بە ڕێگەی شاخاوی سەختدا. دەربارەی تێچوونەکان دەگۆڕێت و بەندە بە کێشی بارەکە و ئەو بارەی هەڵیدەگریت. بۆ نموونه من پێشتر به 2,500,000  تومەن بۆ هەر کارتۆنێک مەشروب وەرمدەگرت و نرخی کەرەستەی ناوماڵ و کەرەستەی دیکە نرخیان جیاوازه.

پرسیار: بەزۆری هەر کاڵایەک لەم سنورانە دەهێنرێت کە گوتت؟ مەی و کەرەستەی ناوماڵ و کەرەستەی دیکە؟

وەڵام: هەموو شتێک لەم سنورانە دەهێنرێت بەڵام لە کۆتاییدا ئەو بازاڕەی کە بڕیارە کاڵا و کەرەستەی تێدا بەکار بێت دیاری دەکات کە داوای ئەو سنوورە چییە. بۆ نمونە تەنها جارێک ڕۆشتمە سنوری بانە چونکە هەمیشە زۆر مەشروبم هێناوە. بۆ مەشروب هەمیشە لە سنوری سەردەشت دەڕۆمە کۆڵبەری چونکە زیاتر لەو ڕێگەوە مەشروب دەهێنرێت سنوری بانەش زیاتر بۆ کەرەستەی ناوماڵ و کارەباییە.

پرسیار: تا ئێستا جگە لە مەی چ بارێکت هەڵگرتووە؟

وەڵام: من نازانم چونکە براکەم ئەو کەسە بوو کە پێش من ڕۆشتە کۆڵبەری و لەگەڵ کەسێکدا کاری دەکرد کە تەنها مەی دەهێنا و ئەو کوڕە ڕۆژێک بە براکەمی گوت کە من دەمەوێت باری زیاتر بهێنم ئەگەر دەزانی ٢ کەسی متمانەدار لەگەڵ خۆت بهێنە و براکەم پێی گوتم و یەکێک لە هاوڕێکانی و منیش ڕۆشتینە کۆڵبەری.

هەر لەو ساتەی کە دەگاتە سنور هیچ گەرەنتیەک بۆ ژیانی نامێنێ چونکە هەر هۆکارێک لە پاسەوانی سنور تا بەفر و با و زریان دەتوانێت کوشندە یان کێشەدار بێت.

کاتێک بۆ یەکەمجار ڕۆشتین و سنورمان تێپەڕکرد خەڵکێکی زۆر بووین بەڵام لە سنورەکەی دیکە کە ڕۆشتین بۆ هەڵگرتنی بارەکان تەنیا ١٠ کەس بووین کە ئێمە لە کەسی پەیوەندیدار و متمانەداری خاوەن بارەکە جیا بووینەوە بۆ ئەوەی بڕۆین بارەکە هەڵبگرین. هەموومان باری مەییمان هەڵگرت لەوێ بۆم دەرکەوت کە هەرکەسێک کەرەستە دەهێنێت؛ مەی، ئامێری ناوماڵ، پارچەی ئۆتۆمبێل یان هەر شتێکی دیکە کۆمەڵێک کۆڵبەریان هەیە کە کاریان بۆ دەکەن کە هەمان بار هەڵدەگرن. ١٠ کەسمان لەگەڵ ئەو کەسە کارمان دەکرد کە لە ناوخۆی ئێران بینیم و ئەویش مەی هاوردە دەکرد.

بێگومان ئەوەی کە گوتم بەو مانایە نییە کە یاسایەک بێت لەبەر ئەوەی من مەیم هەڵگرتووە ئیتر کەس نایەوێت کەرەستەی ماڵەوەی کۆڵبەری هەڵبگرم. لە بنەڕەتدا بەندە بە توانای کۆڵبەر و بارەکەوە؛ واتە ئەگەر کۆڵبەر توانای هەڵگرتنی باری قورستر و گەورەتری هەبێت و لەو ڕۆژەدا بارێک هەبێت و پێویستی بە کۆڵبەر هەبێت ئەوا دەتوانێت هەر بارێکی دیکە هەڵبگرێت.

پرسیار: ئەو ڕووداوانە چین کە ڕەنگە کۆڵبەرێک لە ساتێکدا ڕووبەڕووی بێتەوە؟

وەڵام: هیچ گەرەنتیەک بۆ ژیانی هیچ کۆڵبەرێک لەو ساتەی دەگاتە سنور نییە چونکە هەر هۆکارێک لە پاسەوانی سنور بۆ بەفر و با و زریان دەتوانێت کوشندە یان کێشەدار بێت. جاری وابوو خاوەنی بارەکە دەیگوت پەلە بکە بنکەی سنوورم کڕیوە و پارەم پێداون؛ بۆیە کۆڵبەران بەپەلە ڕۆشتن و کاتێک گەیشتینە لوتکەی شاخەکە تێگەشتین کە هیچ شتێک نییە بۆ کڕین و خاوەن بارەکە هەژماری کەشوهەوای کردووە؛ کەشوهەوا تەماوی بوو ئەمەش وایکردبوو ئەفسەرانی بنکە بە ئاستەم ببینن. واتە خاوەنی بارەکە بەو متمانەیەی کە دەیدات بە کۆڵبەران هەندێک جار دەبێتە هۆی پەلە لە جوڵە و ئەمەش مەترسی کەوتنەخوارەوە لە بەردەکانەوە لە خراپی کەشوهەوادا هەیە.

جگە لەمەش لەو سنورانەی کە پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان هەن کە هێزی سنووری بارزانین، کۆڵبەران پارێزراو نین و ڕوویداوە کە ئەگەر کۆڵبەر بارێکی لەگەڵ خۆی بردبێت ئەوان بارەکەیان دەگرت و بە توندی لێدانی کۆڵبەریان کردووە؛ بەجۆرێک کە کۆڵبەر دەستی شکاوە، ڕویداوە کە کۆڵبەر بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کراوە. بە ئەزمونی تایبەتی خۆم و ئەوانەی دەوروبەرم لەو سنورانەی کە پەڕینەوەمان و هێزەکانی پەکەکە لە سنور بوون ئاسودە بووین کە لانیکەم لە تەقە پارێزراوین و هیچ ئەگەری قۆرخی کاڵا و لێدانمان نییە.

پرسیار: لە ماوەی کۆڵبەریتدا، ئایا هیچ ئەزموونێکی تەقەت هەیە لە برینداربوونی خۆت یان ئەوانەی دەوروبەرت؟

وەڵام: تەقە یەکێکە لەو شتانەی کە دەکرێت ڕووبدات. بۆ من خۆشبەختانە تا ئەمڕۆ هیچ ڕووی نەداوە؛ بەڵام لەبیرمە ڕۆژێک لە سنوری عێراق چاوەڕێی هەڵگرتنی بارەکان بووین کە کەسی متمانەداری خاوەن بارەکە گوتی زووبن کە پاسەوانی بنکەکە نەگۆڕاون دەتوانین بڕۆین؛ مەبەستی ئەوە بوو کە لەگەڵ بنکەکەدا هاوکارن و ئێمەش بە خێرایی بارەکەمان هەڵگرت و ڕۆشتین. کاتێک گەشتینە لوتکەی شاخەکە تەمی زۆر لە هەموو شوێنێک بوو و بەزەحمەت خۆمان ببینین. ئێمە لەم دۆخەدا بووین کە گوێمان لە دەنگی تەقە بوو زیاتر ڕۆشتین و سنورمان تێپەڕکرد. بینیم هەندێک کەس کەسێکیان خستۆتە ناو نایلۆنێکی گەورەوە و بە خێرایی دەیهێنن کاتێک ناوەوەی نایلۆنەکەم بینی کوڕێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بوو کە گولەیەک لە قاچەکانی کەوتبوو. خوێنی زۆری لێدەهات و خوێنەکە لەناو نایلۆنەکەدا بوو دیمەنێکی زۆر ترسناک بوو و هەرگیز ئەو خوێنەی ناو ئەو نایلۆنە لە مێشکم لەبیرناکەم.

پرسیار: ئایا کۆڵبەرانی بریندار دەبەنە نەخۆشخانە بۆ چارە؟

وەڵام: بەڵێ کۆڵبەرانی بریندار دەبەن بۆ نەخۆشخانە بەڵام هیچ خزمەتی پزیشکی بێبەرامبەر وەرناگرن و تەنانەت بیمەش نایانگرێتەوە. هەروەها هەر کۆڵبەرێکی بریندار کە دەبرێتە نەخۆشخانە پارەی ئەو گولەیەی کە لێی کەوتووە لێی وەردەگیرێت پاش ئەوەی نەخۆشخانە ڕاپۆرت دەکات کە کەسێک برینداربووە لە سنور هێزەکان دێن و ئەوان بەڵێنی نووسراو لە کۆڵبەر وەردەگرن کە ئەگەر جارێکی دیکە سنور تێپەڕبکات جگە لە پارەوەرگرتن سزای زیندانی دەکرێت.

پرسیار: ئایا کەسانێک دەناسیت لە کۆڵبەریدا کەمئەندام بوون؟

وەڵام: بەڵێ چەند ساڵێک پێش یەکێک لە هاوگوندیمان لە سنوردا پێی کەوتە سەر مینێک. ناوی ئەحمەدە و تەمەنی ٤٠ ساڵە و لەو کاتەوە قاچێکی نەماوە.

پرسیار: ئەم کەسە ئێستا چی دەکات؟

وەڵام: دوای ئەو ڕووداوە بەرپرسیاری داهاتی خێزانەکە کەوتە سەر شانی هاوژینەکەی و خەرجی خێزانەکەی بە چنین و کاری دەستی دەدات. بێگومان لە وەرزی دروێنەی پەتاتەدا دەچنە هەمەدان و لەوێ کار دەکەن. بیستومە ئەو کەسەی لەوێ کاریان بۆ دەکەن ئەحمەدی کردووە بە بەڕێوەبەر تا پارەی پێ بدات. ئەو کەسانەی بەم شێوەیە کەمئەندام دەبن وەک ئەحمەد هیچ ڕێکخراوێک هاوکاریان نییە بە چاکسازی و دەزگای پەیوەندیدار چونکە ئەگەری دۆسیەی دادگایی بۆ ئەوان زۆرە.

پرسیار: پێت وایە بۆچی خەڵکی ئەم خاکە ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن؟ چارەی کێشەی کۆڵبەری چییە؟

وەڵام: وەک وتم خەڵکی ئەم خاکە جگە لە کۆڵبەری ڕێگای دیکەیان نییە؛ ئەوان زەوییان نییە بۆ پێداویستی سەرەتایی مادی بۆکشتوکاڵ هەروەها ناوەندی بەرهەمهێنان نییە کە بتوانن کاربکەن. واتە ڕێگەی دیکە نییە. خێزانێکی ٨ کەسی کە زەوییەکی بچووکیان لە گوندەکەدا هەیە و پارەیان نییە تەنانەت بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە زەویەکانیان ئایا دەتوانن پارەی پەروەردەی منداڵەکانیان بدەن؟ بێگومان نەخێر بۆیە منداڵەکان ناچارن لە گوندەوە بێنە شار بۆ ئەوەی ژیانیان دابین بکەن. بۆ ئەگەری ژیانەوە دەبێت هەوڵ بدات و ئەو هەوڵەش جگە لە کۆڵبەری ڕێگەی دیکەی نییە. لەناو گەنجاندا ژیانیان نییە بەڵام پاڵنەری زۆر بەهێز هەیە بۆ ئەوەی ڕۆژانە بڕۆنە کۆڵبەری کە پاش دوو ساڵ بتوانن پارە کۆبکەنەوە و کۆچ بکەن. زیاتر لە ٢٠ کەس دەناسم کە ساڵان کۆڵبەریان کردووە و کۆچیان کرد.

پرسیار: چ ڕێگەیەکی جێگرەوە هەیە بۆ ئەوەی ئەم کەسانە ڕۆژانە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ مردندا نەکەن؟ وەڵام: یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە سەرمایەدارانی ناوچەکانمان لەبری ئەوەی ئەو پارەیەی کە هەیانە لە شوێنەکانی دیکە وەبەرهێنان بکەن کارگەی بچووکی بەرهەمهێنان دروست بکەن بۆ ئەوەی گەنجانی ئەم خاکە لەبری ئەوەی بڕۆنە کۆڵبەری و پارەی کۆڵبەری کۆبکەنەوە و بیری هەڵهاتن لەم خاکەدا لەوێ سەرقاڵ دەبوون؛ بەڵام خۆپەرستی تایبەتی و بێچارەنووسی مرۆڤان هێندە ڕەگ و ڕیشەی لەم نەتەوەیەدا داکوتاوە کە بیر لە کەسانی دیکە ناکەنەوە. ڕێگایەکی دیکە بەکارهێنانی ئەو توانایەیە کە لەم بوارانەدا هەن؛ بۆ نموونە پێویستە ئەو ناوچەیەی دەوروبەری بەنداو لە شاری سەردەشت دروستکراوە بیکەنە ناوچەیەکی گەشتیاری کە چەندین هەلی کاری هەیە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی نەماوە بۆ باشترکردنی دۆخەکەمان ئیرادەی چارەی دۆخەکەیە لەلایەن سەرمایەدار و خەڵکی ناوخۆ کە دەتوانن شتێک بۆ ئەو کەسانە بکەن چونکە ئێمە چەندین ساڵە هیچ هیوامان بە حکومەت نییە و ئێمەش بەدوای ئەوەنین کە شتێکمان بۆ بکەن.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

ی ژانویه 21 , 2024
گەنجێکی کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی!مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا کۆلبەرێکی گەنج بە ناسنامەی “حەمید ئەحمەدی “، تەمەن ٢٣ ساڵ […]

You May Like