ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان (سنە، سەقز و زێویە، مەریوان و سەوڵاوا، دیواندەرە) بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

«بەناوی ژن ژیان ئازادی»

ئەمساڵ لە کاتێکدا ٨ی مارس بەرز ڕادەگرین کە بەشی زۆرینەی کۆمەڵگە لە تێڕوانینی نەریتی بۆ ژن لە بەستێنە کلتووری، یاسایی و سیاسییەکان تێپەڕیوە و بوونیی ژن دوور لە ڕوانگەی ڕەگەزی لە ڕەهەندە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووەتە پرسێکی ئاسایی و پەسەندکراو لەسەر بنەمای یەکسانی مافی ژن و پیاو. ئەم پێشکەوتنە دیسکۆرسیڤە بە بێگومان لە سایەی ساڵانێک خەباتی ژنانی پێشڕەو و پیاوانی یەکسانیخوازدا بەدی هاتووە؛ ژنانێک کە چەقۆی شەرەف لەسەر ملیان بووە و تێڕوانینی نەریتی بۆ ژن ئەوانی لە سووچی ماڵەکاندا بە بیانووی پاراستنی ڕێز و شکۆی ئەوان قەتیس کرد، ئاستیان بە نیوە و بەشیان بە نیوە هەژمارکراوە

ڕاستی ئەوەیە کە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەم تێڕوانینە دواکەوتووە، ئەو حکومەتانە بوون و هەن کە بەردەوامی و مانەوەی خۆیان بە درێژەکيشانی ئەو ڕەوتە نایەکسان و جیاکارانەی بوونیان هەیە دەزانن، هەر بۆیە ڕێگای پێشکەوتنیان لە ژنان بەست و دەرگای بەندیخانەکانیان بە ڕوودا کردنەوە تاکوو دەنگی مرۆڤانەیان بەکپی بمێنێتەوە.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە پاڵنەری گۆڕانی بنەڕەتییە و ڕێنیسانسی هزری کۆمەڵگەکانن، ڕۆڵی کاریگەریان لە گۆرانکاری کۆمەڵایەتی و گۆڕانی وتاری کۆمەڵگە هەبووە. گۆڕانی هزری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا تاقی دەکرێنەوە و هەڵدەسەنگێنرێن و ئەوەیان بەردەوام دەبێ و دەمێنێتەوە کە دەبێتە بەشێک لە ڕاستیی کۆمەڵایەتی گۆڕدراوە و دواتر هەر خۆشی دەبێتە بەستێنی گۆڕانکاری دیکەش.

لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا، گوتاری پێشکەوتنخواز و فەلسەفەیەکی پێشڕەو، وزەی بەرەوپێشبەری بزووتنەوەکە بوو کە بەپێی لێکۆڵینەوەی گۆڕەپانی باس لە گۆڕینی گوتاری کۆمەڵگە و پەسەندکردنی یەکسانی ژن و پیاو وەک ڕاستییەکی ڕەتنەکراوە لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەکات.

ئەوەی پێشکەوتنی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» دیاری دەکات ئامادەیی ئەندێشە و چالاکی ژنانی ئەم بزووتنەوەیە و بزووتنەوەکانی پێشتریشە.

ئەنجوومەنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە ئەم گۆڕانکارییانەی خوارەوە دەبێ لە ئەندێشە و نەستی کۆمەڵگە و ڕوانگە و بڕیاری دەسەڵاتداراندا جێ بگرێت:

١- ئازادی  ژنان بە پێی بڕگەکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ.
٢- ئازادی گشت زیندانیانی پیشەیی و سیاسی ژن.
٣- لابردنی سزای سێدارە بە تایبەت ژنانێک کە بەهۆی هاوسەرگیری لە تەمەنی خوارەوەدا و دۆخی ژیانی ناجێگیر تووشی تاوان بوون.
٤- قەدەغەکردنی تەواوەتی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا و ڕەچاوکردنی چاکسازی یاسایی خێرا بۆ لابردنی هۆکارەکانی ئەم دیاردە ترسناکە.
٥- دابینکردنی دۆخی جێگیر بۆ خوێندنی کچان و ڕێگری لە وازهێنانیان لە خوێندن.
٦- دابینکردنی دەرفەتی پێشکەوتنی ژنان بەپێی شایستەبوونیان بۆ گرتنە ئەستۆی باڵاترین بەرپرسیارێتییە سیاسی، یاسایی و دادوەرییەکان.
٧- پەسەندکردنی یەکسانی مافی ژن و پیاو لەڕووی پارە و سامان.
٨- هیچکەس خاوەنی ژن نییە و بەبیانووی پاراستنی شەرەف کەسێک مافی نییە کە مافی ژیان لە ژن بێبەش بکات. بۆ ڕێگری لە کوشتنی ژنان لە ژير ناوی شەرەفدا، پەسەندی یاساکانی پاراستنی ژنان پرسێکی پێویستە.
٩- ژنان مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگیان هەیە و حکومەت دەبێت ئەمە پەسەند بکات.

ئەنجومەنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە قۆناغی هەڵاواردن لە دژی ژنان چووەتە مێژووەوە و عاقڵانەترین ڕێگە بە پەسەندکردنی ڕاستی و ئەو گۆڕانکارییانە دەزانێت کە لە ناو کۆمەڵگەدا ڕوویداوە.

با هەزار (زێ) و (گادەر) و (لاوێنی) ڕوونیشمان هەبێ
تاکو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە
«مامۆستا هێمن»

ئەنجومەنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان (سنە، سەقز و زێویە، مەریوان و سەوڵاوا، دیواندەرە)
٨ مارس ٢٠٢٤
١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢(٢٧٢٣) کوردی

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

نەوسوود: برینداربوونی کۆڵبەرێک لە ڕێگای کۆڵبەری

ی مارس 10 , 2024
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە ڕێگای ڕۆشتن بۆ هێڵی سنووری نەوسوود بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە ئۆتۆمبێل بە سەختی برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی هەینی ١٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٢, «بەهمەن بەدری» گەنجێکی کۆڵبەری گوندی «مەزران»ی سەر بە شاری جوانڕۆ بەهۆی کەوتنەخوارەوو لە ئۆتۆمبێل لە ڕێگای هێڵی سنووری نەوسوود بە سەختی برینداربووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، […]

You May Like