لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕەشت “شەریفە محەمەدی” چالاکی کرێکاری بە تۆمەتی “بەغی” بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی پێنجشەمە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕەشت “شەریفە محەمەدی” چالاکی کرێکاری و مەدەنی بە تۆمەتی “بەغی” دادگایی و بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد.
ناوبراو لە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢، دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە بەندی تاکەکەسی مایەوە. لە کاتی دەستبەسەریدا، تۆمەتی ناوبراو “چالاکی تەبلیغی دژی ڕژیم” ڕاگەیەندرا. تۆمەتێک کە بە هۆکاری نادیار پاش ماوەیەک بۆ تۆمەتی قورستری “بەغی” گۆڕدرا. شەریفە محەمەدی بۆ ماوەیەکی زۆر لە فشارێکی زۆری جەستەیی و دەروونی زۆردا بوو بۆ وەرگرتنی دانپێدانان لەدژی خۆی. ناوبراو تا ماوەیەک لە بینینی بنەماڵەکەی، بە تایبەت کوڕەکەی بێبەش بووە و بۆ ماوەیەکی زۆر حەقی پێوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی نەبووە، لەلایەکی دیکەوە فشارەکانی جەستەیی و بەردەوامی ڕەفتارە خراپەکان لەگەڵ شەریفەدا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە جۆرێک بوو لەوانەیە بەهۆی مەترسی لەدەستدانی ژیانی شەریفە، بووەهۆی ناڕەزایی بەرپرسانی زیندان لەبارەی لێدان و ئەشکەنجەی ناوبراو. پاش ناڕەزایەتی بەرپرسانی زیندان، بە ئەشکەنجەدانی شەریفە، ناوبراو توانی سکاڵا تۆمار بکات و ئێستا دەرکەوتووە لەم ماوەیەدا لانیکەم دوو جار بە سەختی ئەشکەنجە دراوە. تۆمەتی ناوبراو “ئەندامێتی لە کومیتەی هەماهەنگی بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ڕێکخراوەکانی کرێکاری” کە هێزە ئەمنیەتیەکان و ئیتلاعاتیەکان ناوبراویان بەپێوەندی لەگەڵ کۆمەڵە ڕاگەیاندووە.
لەم پێوەندیەدا کەمپینی بەرگری لە “شەریفە محەمەدی” بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک دەرکرانی حوکمی ستەمکارانەی لەسێدارەدان بۆ ئەم چالاکە کرێکاریەیان مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەم حوکمە دەبێت هەڵبوەشێتەوە.