حیسام کەرەمی و سیروان کەرەمی، دوو برای خەڵکی گوندی چرۆسانە سەر بە شاری کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، حیسام کەرەمی تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی چرۆسانە سەر بە شاری کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، هەفتەی ڕابردوو سیروان کەرەمی تەمەن ٣٥ ساڵ و براکەی حیسام کەرەمی لەلایەن هێزه ئەمنییەکانی شاری کامێرانەوه دەستگیرکراون و دوای چوار ڕۆژ له دەستبەسەرکردن و ئەزیەت و ئازار، ئازاد کراون. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی ئەم دوو برایەدا گرتووە و هەوڵیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەکاونتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوە.
حیسام و سیروان کەرەمی، ئامۆزای بورهان کەرەمی لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینان لە شاری کامێران. هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئەوەی فەرمانی دادگا دەربکەن، ئەو هاووڵاتیانەیان دەستگیرکردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوون. تا ساتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتی ئەو دوو هاووڵاتییە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بورهان کەرەمی، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی چرۆسانە و دانیشتووی شاری کامێران، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان سەر و ملی پێکرا و لە شەقامی “زەڕنە”ی شاری کامێران، گیانی لەدەست دا.