لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، لانیکەم ٢ کۆلبەر کوژراو و ١٣ کۆڵبەری دیکەش لەناویاندا منداڵێکی کۆڵبەر بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە نێوان ڕۆژانی ١٦ بۆ ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزە سەربازییەکانی ڕژیم بە درێژایی سنووری پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لانیکەم ٢ کۆڵبەریان کوشتووە و ١٣ کۆڵبەری دیکەش لەناویاندا منداڵ کۆڵبەرێک بریندارکردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە سەربازییەکانی ڕژیم ڕۆژی ١٧ی مانگی پووشپەڕ دوو کۆڵبەریان لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود کردە ئامانج و لە ئەنجامدا “ڕێبوار ڕەشیدی” خەڵکی شاری بانە و منداڵێکی کۆڵبەر بە ناوی”سینا نادری” خەڵکی شاری پاوە برینداربوون.
هەروەها لە ١٨ی مانگی پووشپەڕدا هێزە سەربازییەکانی ڕژیم ٨ کۆڵبەریان لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک کوژراو و ٧ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. بەپێی ئەوەش لە سنووری نەوسوود “ئەیوب موحەممەدی” خەڵکی سەلاس باوەجانی کوژرا و “مەسیح مورادی”، “ئەیوب مورادی”، “مێهدی بەشارەتی”، “مێهران عەبدی”، “پەیمان وەیسی” و “سەمیع زارەعی” برینداربوون. لەو ڕێکەوتەدا “نەوید حەسەنی” لە سنووری بانە برینداربوو.
ڕۆژی ٢٤ی پووشپەریش، هێزە سەربازییەکانی ڕژیم لە نۆدشە بە چەکی جەنگی تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “محەمەد دەری” خەڵکی شاری مەریوان بە سەختی برینداربوو.
لە ٢٥ی پووشپەڕدا هێزە سەربازیەکانی ڕژیم تەقەیان لە “ئەحمەد مەلایی” کۆڵبەری خەڵکی سەلاس باوەجانی کرد و ‘سکی” برینداربوو.
لە ٢٦ی پووشپەریش، هێزە سەربازیەکانی ڕژیم لە سنووری سەردەشت، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵیان بە ناسنامەی “کیان زەینی” کوشت و دوو برای کۆڵبەریشیان بە ناسنامەی “کیوان و پەیمان قادری” بریندار کرد.
پێشتریش کۆڵبەرنیوز بڵاویکردەوە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زایینی دا،
بەگشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا (٨٧٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢٢٢ حاڵەت واتا (٨٢٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵ ٢٠٢٤ زاینی، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ زاینی، ئێمە شایەتی بەرزبوونەی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنوورری کوردستان بووین.