دیاکۆ عەزیزی، لوقمان زەنگی و سیامەند زەنگی، سێ هاوڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شنۆ، هەریەکەیان سزای ١٦ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دیاکۆ عەزیزی خەڵکی گوندی “باب خالیدئاوا”، لوقمان زەنگی و سیامەند زەنگی خەڵکی گوندی “کانی سوورەک”ی شاری شنۆ، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئەنساری” بە تۆمەتی “هەبوونی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەت، هەریەکەیان سزای ١٦ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
دادگای ئەم سێ هاوڵاتییە لە ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣دا بەڕێوەچوو و دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ ئەم حوکمەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکانی شاری شنۆ، لوقمان زەنگی، سیامەند زەنگی و دیاکۆ عەزیزیان، بەبێ فەرمانی دادگا دەستبەسەر کرد و هەر سێ کەسیان ڕەوانەی یەکێک لە دەسبەسەرگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کران. ئەم سێ هاوڵاتییە دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپرسینەوە لەگەڵیاندا بۆ زیندانی شنۆ گواسترانەوە.
دواجار ئەم سێ هاوڵاتییە بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پرۆسە یاساییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کران.