هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی نەوسوود، دوای دەستبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە کۆڵبەران دەستیان بەسەر زیاتر لە ٢٠ کۆڵەباری کۆڵبەراندا گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز و بەپێی ڤیدیۆیەک کە بەدەست کۆڵبەرنیوز گەیشتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی نەوسوود، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان دەستبەسەرکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە و ئەو ڤیدیۆیەی کە بۆ کۆڵبەرنیوز نێردراوە، هێزەکانی هەنگی مەرزی هەستاون بە دەستبەسەرداگرتنی کۆڵەباری زیاتر لە ٢٠ کۆڵبەر. تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە لە چارەنووس و ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە زانیارییەک بەردەست نییە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.