«هیوا سەیفی زادە»، هونەرمەند و مامۆستای مۆسیقای کلاسیک، کە لە کاتی گۆرانی وتن و ئەنجامدانی کۆنسێرتێک لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازادکرا. هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی گروپی مۆسیقی ئەم کۆنسێرتە پێشتر بە دانانی بارمتە ئازادبوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هیوا سەیفی زادە، هونەرمەند و مامۆستای مۆسیقی بە دانانی بارمتە ئازادکرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لەگەڵ ئەندامانی گروپەکەی بەهۆی ئەنجامدانی کۆنسێرتەوە بەبێ مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ئیرشاد دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ بە دانانی بارمتە ئازادکران.
ناوبراو ئێوارەی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمە، لە کاتی گۆرانی وتن و ئەنجامدانی کۆنسێرتدا لە ساڵۆنی بینای «ڕووبەڕوو» لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. شایانی باسە پاش دەستبەسەرکرانی پەڕەی ئینستاگرامی هیوا سەیفی زادە بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن پۆلیسی ئەمنی گشتییەوە داخراوە.
هیوا سەیفی زادە، پێشتر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە ڕاگەیاندنی پاراستنی ناڕازییان، بەبێ حیجابی زۆرەملێ کۆمەڵێک گۆرانی بە مەبەستی هاودەنگی لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە، بڵاوکردبوو.
هیوا سەیفی زادە، لەدایکبووی ١٣٧٦، گۆرانیبێژ، مامۆستای مۆسیقی کلاسیک و مۆسیقاژەنی دەفە و لە بواری نواندنی شانۆ، چالاکی کردووە.