“سپیدە قۆلیان”، چالاکوانی کرێکاری و زیندانی سیاسی، دوای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانیکردن ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سپیدە قۆلیان، چالاکوانی کرێکاری و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە ئێران، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا. ناوبراو بەگشتی دوو ساڵ و دوو مانگ و ٢٦ ڕۆژی لە زیندان بەسەر بردووە.
سپیدە قۆلیان لە خاکەلێوەی ١٤٠٢، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی لێ بڵاوکراییەوە کە تێیدا بە ڕەخنەی توند لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی، گرتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا. دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ناوبراوی بە تۆمەتی “سووکایەتی بە ڕێبەری” بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری محکووم کرد.
ئەم چالاکوانە مەدەنییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠١، کاتژمێرێک پاش ئازادبوونی بەهۆی دەرچوونی بەخشنامەی لێخۆشبوونەوە، لە ڕێگای شاری تاران بۆ دزفوول لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. پاشان ناوبراو بۆ گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.

