مەریوان؛ لێدان و ئەشکەنجەی کۆڵبەرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز لە سنووری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە و سووکایەتیی کراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز شەوی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی سنووریی «ئەنجیران»ی سەر بە شاری مەریوان کۆڵبەرێکیان بە ناوی «محەمەد وەیسی»، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز لە کاتێکدا کە هیچ بارێکی هەڵنەگرتبوو دەستبەسەر کرد و ئەشکەنجە و سووکایەتیان پێ کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کۆڵبەرە، بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانبار لە کاتێکدا ئازادکراوە کە جلەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بەری دەرهێنرابوو. بە پێی زانیارییە گەیشتووەکان ئەندامێکی هێزەکانی هەنگی مەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی «کەیوان موعەزەمی»، هۆکاری ئەم ڕفتارە توندووتیژانەیە ڕاگەیەندراوە.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پاوە؛ لێدان و ئەشکەنجەی کۆڵبەرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

چ ژانویه 15 , 2025
کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی بازگەی شوهەدا ملەندوو، لە سنووری پاوە لێدان و ئەشکەنجە کرا و بە سەختی برینداربوو. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بازگەی شوهەدا لە سەرایی ملەندوو لە سنووری پاوە کۆڵبەرێکیان لێدان و ئەشکەنجە کرد و لە ئەنجامدا بە سەختی […]

You May Like