سۆڵماز حەسەن زادە، خوشکی محەمەد حەسەن زادە لە گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ١٤٠١ لە بۆکان، پاش ٨ ڕۆژ مانگرتنی لە خواردن بە دانانی بارمتەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی سێشەمە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆڵماز حەسەن زادە، پاش تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی کاتی ٥٠٠ ملیۆن تمەن تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگا لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا. شایانی باسە ناوبراو ٨ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەریدا لە خواردن مانیگرتبوو.
لە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆڵماز حەسەن زادە، خوشکی محەمەد حەسەن زادە لە گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ١٤٠١ لە کاتێکدا لەگەڵ باوکی لە هەوڵدابوون بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەمەد ڕێوڕەسمێک بەڕێوەببەن، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکران.
پاش ڕۆژێک، ئەحمەد حەسەن زادە لە دانانی بارمتەی ٤ ملیارد تمەن ئازاد کرا، بەڵام لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئازادی ناوبراو، کچەکەی بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە.
ڕۆژی یەکشەمە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئەحمەد حەسەن زادە و دایە عەزیمە باوک و دایکی سۆڵماز حەسەن زادە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگهێشت کران و هەڕەشەیان لێکرا و پێیان گوترا، ئەم جارە لەگەڵ پێشووتر جیاوازە و بە ئاسانی ڕزگارتان نابێت.
ئەم کەسانە لە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگهێشت کران و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە. سۆڵماز حەسەن زادە لە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە بازگەی لێکۆڵینەوەی بۆکان – سەقز لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک ئازاد کرا. شایانی باسە محەمەد حەسەن زادە هاووڵاتی ٢٨ ساڵ خەڵکی بۆکان لە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ١٤٠١، بە گوللە تەقەی لێکرا و لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ گیانی بەختکرد.