محەمەدمیرزا ڕەحمانی، موسا تابعی، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی، چوار هاوڵاتی شاری کامێران، بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەمە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی، دوو هاوڵاتی شاری کامێران، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەن بۆ هەر یەکێکیان لە زیندان ئازادکران. ڕۆژی پێنجشەمە ٢٣ی ڕەشەمە، محەمەدمیرزا ڕەحمانی و موسا تابعی، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەن بۆ هەر یەکێکیان لە زیندان ئازاد کرابوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم ٤ هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەریدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بینینی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەری و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییانە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ئەم چوار هاوڵاتییەی شاری کامێران، ڕۆژی چوارشەمە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوەیان بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری سنە گواسترابوونەوە.
محەمەدمیرزا ڕەحمانی، خەڵکی گوندی «لۆن سادات»، موسا تابعی، خەڵکی گوندی «لۆنەکۆن»، جەبار ئیبراهیمی، کوڕی بەهرام، خێزاندارە و باوکی ٣ منداڵە و خەڵکی گوندی «تەختی زەنگی» و هێمن ئیبراهیمی، کوڕی سەعید، خێزاندارە و خەڵکی گوندی «کۆرەدەرە»، ئەم هاوڵاتییانە دانیشتووی شاری کامێرانن.