پەیام ئەحمەدی، کۆڵبەری گەنجی شاری سەوڵاوا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری “هەنجیران” لە شاری مەریوان گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەمە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی گەنج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنجیران لە شاری مەریوان گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە گەنجە “پەیام ئەحمەدی” خەڵکی گوندی “برقرو” لە شاری سەوڵاوا بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەهۆی فەزای سەربازی و سەربازیکراوی ناوچەکە گواستنەوەی تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەلایەن خەڵک بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەمە ٢٥ی پووشپەڕ ئەنجامدراوە.
شایانی باسە کە تەرمی پەیام ئەحمەدی هێشتا لە ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری مەریوانە ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە شوێنی لەدایکبوونی بەڕێوەچوو دەچێت.
پەیام ئەحمەدی خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.