
«ئاروین عەزیزی»، کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز، لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە «سکی»یەوە برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆڵبەرێکی گەنج لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی و بەسەختی برینداربوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە: ئاروین عەزیزی، ٢٠ ساڵە و خەڵکی گوندی قورەدەرەی سەر بە سەقز، بۆ کۆڵبەرنیوز راگەیاندراوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە بەکارهێنانی چەکی جەنگی کلاشینکۆف بەرەو ئەم کوۆڵەرە تەقەیان کردووە، کە بەهۆیەوە ئاروین عەزیزی لە سکییەوە بریندار بووە.
ناوبراو دوای برینداربوون، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە ساڵی ١٤٠٤ هەتاویدا، بە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٢٦ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٣١ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٤٤ حاڵەت واتا (٧٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢ کەسیان واتا (٤٪) منداڵانی کۆڵبەری خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی عێراق (حرس الحدود) گیانی لەدەستداوە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ٦٩ لەسەدی کۆی گشتی کوژراو و برینداران لە ساڵی ١٤٠٤ بەراورد بە ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوان لە کۆی گشتی زیانەکان لە ٢٨ لەسەدییەوە بۆ ٤٦ لەسەدی زیادی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری زیادبوونێکی بەرچاوە لە بەشی کوژراوان لە کۆی گشتی زیانەکاندا و ئاماژەیە بۆ کوشندەتربوونی ڕووداوەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا.

