ڕاگەیاندنی کۆڵبەرنیوز؛ گواستنەوەی ئەرکی بازرگانی بۆ کۆڵبەری و قووڵبوونەوەی چەوسانەوە لە کوردستان

بڕیاری ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرفراوانکردنی لیستی ئەو کاڵایانەی کە لە ڕێگەی کۆڵبەری و دەریاوانییەوە هاوردە دەکرێن، لە ڕواڵەتدا لەژێر ناوی «ڕێکخستنی بازرگانیی سنووری» و «پشتیوانیکردن لە هەلی کاری سنوورنشینان» هاتووە. بەڵام هاوکاتبوونی ئەم بڕیارە لەگەڵ قەیرانی دابینکردنی کەرەستەی خاو، تێکچوونی ڕێڕەوە فەرمییەکانی بازرگانی، سنووردارکردنی هەناردەکردن و گواستنەوەی بەشێک لە هاوردەکردنی پیشەسازی بۆ ڕێگا سنوورییەکان، وێنایەکی گەورەتر لە بڕیارێکی کارگێڕیی سادە نیشان دەدات. ئەوەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ڕێنماییەکی گومرگیدا دەخرێتە ڕوو، لە ئاستێکی قووڵتردا، گواستنەوەی بەشێک لە تێچووی قەیرانە ئابووری و پێکهاتەییەکانە بۆ جوگرافیایەک کە ساڵانێکە باری بێبەشکردن، بەئەمنییەتیکردن و گەشەسەندنی نادادپەروەرانەی هەڵگرتووە.

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکەی گومرگی کۆماری ئیسلامی، بازنەی ئەو کاڵایانەی کە لە ڕێگەی کۆڵبەری و دەریاوانییەو هاوردە دەکرێن فراوانتر کراوە؛ جگە لە بەشێک لە کاڵا بەکاربەرەکان، کۆمەڵێک کاڵای پێویست بۆ بەرهەمهێنان، ئامێری پیشەسازی، پارچەی یەدەگ، مادەی‌ خۆراکی و بەشێک لە کەرەستە خاوەکانیش خراونەتە ناو ئەم لیستەوە. هاوکات لەبەر کەمیی کەرەستەی خاو و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، هاوردەکردنی بەشێک لە بەرهەمە پێترۆکیمیایی و پۆلیمەرییەکانیش لەم ڕێگایانەوە ڕێگەپێدراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم بڕیارە لە دۆخێکدا دراوە کە ساڵانی ڕابردوو نقوومی شەڕ، قەیرانی ئابووری، گوشاری بژێوی، سنوورداربوونی بازرگانیی دەرەکی و زیادبوونی نادڵنیایی کۆمەڵایەتی بوو؛ دەسەڵاتیش بۆ پاراستنی بەشێک لە زنجیرەی دابینکردن، زیاتر لە ڕابردوو ڕووی لە ڕێگا جێگرەوەکان کردووە. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: بۆچی لە کاتی قەیراندا، دیسانەوە سنوور و سنوورنشینان دەبنە مەیدانی قەرەبووکردنەوەی ناکارامەییە پێکهاتەییەکان و بۆچی دەبێ کوردستان باری بەشێک لە قەیرانە ئابوورییەکانی ناوەند (تاران) هەڵگرێت.

له‌ ڕوانگه‌ی کۆڵبەرنیوزەوە، کۆڵبەری نە کارە و نە هەڵبژاردنێکی ئابووریی ئازادانەیە. کۆڵبەری دیاردەیەکە کە لە یەک کاتدا لە هەناوی ستەمی چینایەتی و ستەمی نەتەوەییدا لەدایک دەبێت؛ لە بەستێنی بێبەشکردنی پێکهاتەیی، نەبوونی دەرفەتی یەکسان، چڕبوونەوەی سەرچاوەکان لە ناوەند، گەشەنەکردنی هاوسەنگ و بەئەمنییەتکردنی جوگرافیای کوردستاندا سەرلەنوێ بەرهەم دێتەوە.

کۆڵبەر، بەپێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمی، کەسێک نییە کە لە نێوان چەندین بژاردەی جۆراوجۆری کاردا دەستی دابێتە هەڵبژاردن. کۆڵبەر مرۆڤێکە کە بەهۆی بێبەشبوون لە شێوازێکی ژیانی بەکەرامەت، جەستەی خۆی کردووەتە دوایین ئامرازی مانەوە. ئەو نە لە بازاڕی کاری فەرمیدا جێگەی هەیە و نە لە سەرەتاییترین پشتیوانییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و یاساییەکان سوودمەند دەبێت.

کۆڵبەرنیوز ساڵانێکە جەختی لەسەر ئەم هەڵوێستە کردووەتەوە کە: بەرگری لە کۆڵبەر بە واتای بەرگریکردن لە کۆڵبەری نییە. ئێمە کۆڵبەر بە قوربانیی ئەو دۆخە دەزانین کە بەسەریدا سەپێندراوە، بەڵام خودی کۆڵبەری بە دیاردەیەکی دژەمرۆیی و بەرهەمی پێوەندییە نادادپەروەرەکان دەزانین کە دەبێ بنبڕ بکرێت. کۆتاییهاتنی کۆڵبەری، بە واتای سڕینەوەی کۆڵبەر نییە؛ بەڵکوو بە واتای کۆتاییهێنانە بەو دۆخەی کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، بار لەسەر شانی خۆی لە ڕێگا سنوورییەکاندا بگوێزێتەوە.

له‌م ڕوانگەیەوە، بەرفراوانکردنی هاوردەکردن لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە ناتوانرێت وەک بەفەرمی ناسینی کۆڵبەران یان پشتیوانیکردن لە سنوورنشینان لێکبدرێتەوە. گواستنەوەی کاڵا پیشەسازییەکان و کەرەستەی خاو بۆ سەر ڕێڕەوەکانی کۆڵبەری، بەبێ ڕەخساندنی هەلی کاری بەردەوام، بەبێ گۆڕینی دۆخی یاسایی کۆڵبەران و بەبێ لابردنی ئەو پێکهاتانەی کە ئەم دۆخە دروست دەکەن، تەنیا بە واتای بەدامەزراوەیییکردنی هەمان ئەو میکانیزمەیە کە ساڵانێکە مرۆڤ دەکاتە ئامرازی قەرەبووکردنەوەی قەیرانەکان.

له‌ شیکاریی کۆڵبەرنیوزدا، کوردستان تەنیا ناوچەیەکی سنووری نییە. کوردستان جوگرافیایەکە کە لە بیرەوەریی مێژوویی و سیاسییەکەیدا، ئەزموونی دابەشبوون، باڵادەستی، بێبەشکردن و چەوسانەوەی نەتەوەیی نەخشێنراوە؛ لە دەیەکانی ڕابردووشدا جگە لە نادادپەروەریی ئابووری، لەگەڵ بەئەمنییەتیکردنی بەردەوامیشدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەم بەئەمنییەتیکردنە تەنیا لە ئامادەبوونی سەربازی لە سنوورەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو کاریگەریی قورسی لەسەر ڕێڕەوی گەشەسەندن، کار، وەبەرهێنان، گەڕانی سەرمایە و دروستبوونی ژێرخانە ئابوورییەکانیش داناوە.

لە وەها بەستێنێکدا، کۆڵبەری ناتوانرێت تەنیا وەک ئەنجامی هەژاریی تاکەکەسی سەیر بکرێت.

کۆڵبەری بەرهەمی بارودۆخێکە کە تێیدا بەشگەلێک لە کوردستان، لەبری ئەوەی لە گەشەپێدانی بەردەوام و دەرفەتی یەکسان سوودمەند بن، بۆ پەراوێزی ئابووری پاڵنراون و «ئابووریی مانەوە» جێگەی «ئابووریی بەرهەمهێنەر»ی گرتووەتەوە.

تێچووی مرۆیی ئەم دۆخە لە ئامارەکانیشدا بە ڕوونی دیارە. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانی کەم ٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکاندا کوژراون یان بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٣٨ کەسیش بریندار بوون. بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، ٥٣ حاڵەت واتە ٧٦٪ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بووە. ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی گشتیی قوربانیان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی گیانلەدەستدان لە کۆی گشتیی قوربانییان لە ١٧٪ بۆ ٤٦٪ زیادی کردووە؛ ئەمەش ڕەوتێکە کە باس لە کوشندەتربوونی بارودۆخی کۆڵبەری دەکات.

ئەم ئامارانە تەنیا ژمارە نین. لە پشت هەر ژمارەیەکەوە، مرۆڤێک وەستاوە کە لە پێکهاتەی فەرمیی ئابووریدا جێگەی نەبووەتەوە، بەڵام لە کاتی قەیراندا، هەمان جەستە دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی دابینکردن و قەرەبووکردنەوە.

لەبەر ئەوە، پرسی ئەمڕۆ تەنیا هاوردەکردنی چەند جۆرە کاڵایەک لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە نییە. بابەتەکە ئەوەیە کە لە کاتی قەیراندا، هەمان ئەو جوگرافیایەی کە ساڵانێکە لەگەڵ بێبەشکردن، بەئەمنییەتیکردن و چەوسانەوەی نەتەوەییدا ڕووبەڕووە، دیسانەوە دەبێتە مەیدانی گواستنەوەی تێچووەکان.

کۆڵبەری ڕێگەچارە نییە. کۆڵبەری کێشەیەکە کە دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێت. بەرگریکردن لە کۆڵبەر، بەرگریکردنە لە مافی ژیان بەکەرامەت، مافی کارکردنی بەردەوام، مافی گەشەپێدانی یەکسان و مافی کۆتاییهێنان بەو میکانیزمەی کە مرۆڤ تەنیا بۆ ئامرازی باربەری و مانەوەی دادەشکێنێ. تا کاتێک کە ئەو بارودۆخەی بێبەشی، نادادپەروەری و پەراوێزخستن بەرهەم دەهێنێتەوە پاوەجێ بێت، کۆڵبەریش وەک یەکێک لە شێوازەکانی چەوسانەوە و نکوڵیکردن لە کەرامەتی مرۆیی لە کوردستاندا سەرلەنوێ بەرهەم دێتەوە.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆڵبەرنیوز

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کۆمۆنی پاریس، شکۆی ئەزموونێکی کرێکاری و وانەکانی شکستهێنانی

ش مه 23 , 2026
هەفتەی کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٦ هاوکاتە لەگەڵ سەد و پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی شکستی کۆمۆنی پاریس، ڕووداوێکی کە تەنانەت دوای زیاتر لە سەدە و نیوێک، هێشتا لە یادەوەریی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاری و عەداڵەتخوازی جیهاندا بە زیندوویی ماوەتەوە. کۆمۆنی پاریس یەکەمین ئەزموونی گەورەی چینی کرێکار بوو بۆ گرتنەدەستی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی سیاسی […]

بابەتی پەیوەندیدار