«ئەنوەر چالشی»، زیندانی سیاسی تووشبووی شێرپەنجە، لە کاتێکدا لە وەرگرتنی دەرمانی پێویست بێبەش بوو، پاش پێنج ساڵ زیندانکران و بەهۆی سەختی نەخۆشیەکەی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، «ئەنوەر چالشی»، زیندانی سیاسی خەڵکی گوندی «لۆرزنە»ی سەربە ناوچەی «مەرگەوەڕ»ی ورمێ، لە کاتێکدا کە پێنجەمین ساڵی ماوەی سزاکەی لە زیندان بەسەردەبرد، بەهۆی سەختی نەخۆشی شێرپەنجە و نەبوونی خزمەتگوزاری دەرمانی پێویست، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ناوبراو کە تووشبووی شێرپەنجەی گەدە بوو، لە چەندین مانگ لەمەوپێشەوە دۆخێکی سەختی هەبوو. سەرەڕای ئەمەش، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پێدانی مەرەخەسی نەخۆشی ڕێگری کرد و پرۆسەی چارەسەرکردنی ناوبراوی ڕاگرتبوو. ئەم ناوەندە ئەمنییە پێشتریش بە گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە دژایەتی کردبوو و لە ئەنجامدا بەبێ کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەرکردنەکەی، ناوبراویان لە کاتێکدا پێبەند و دەستبەندی پێوە بەسترابوو، بۆ زیندان گەڕاندبۆوە.
«ئەنوەر چالشی»، لە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩، لەگەڵ دوو هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی «کامیل جەباروەند» خەڵکی گوندی «چریاوا»ی سەربە ناوچەی مرگەوەڕی ورمێ و «موسا ئالووسی»ی خەڵکی گوندی «وەلندەی سەرەوە»ی سەربە ناوەندی شاری ورمێ لەلایەن هێزەکانی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران دەستبەسەرە و بۆ گرتووخانەی ئەلمەهدی سوپای ورمێ گواسترابوونەوە. ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی «هەوڵدان لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی» بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێندرا.
لەم دۆسیەیەدا، «موسا ئالووسی» پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازادکرا، بەڵام ئەنوەر چالشی و کامیل جەباروەند لە ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٩، بۆ بەندی سیاسی زیندانی ناوەندی ورمێ گواسترانەوە.
بە سەرنجدان لە ڕێگریکردن لە دەرمان و نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەرپرسی ڕاستەوخۆی گیان لەدەستدانی ئەم زیندانییە سیاسییەیە.