ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە مەبەستی بەسەربردنی سزای ١٦ مانگ زیندانی خۆی ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣، ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، پاش بانگهێشتکردنی بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی سنە، بە مەبەستی بەسەربردنی سزای ١٦ مانگ زیندانی خۆی دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە ژنان و چالاکانی مافی ژنانی خەڵکی شاری سنە بە مەبەستی نیشاندانی پاڵپشتی بۆ ئەم چالاکە لە بەردەم دادگا ئامادە بوون.
لە ڕەزبەری ئەمساڵدا، ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بەتۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم» بە ساڵێک بەندکردن و بەتۆمەتی «ڕێکخستنی گرووپی نایاسایی بەمەبەستی ڕوخاندنی ڕژیم» بە ١٦ مانگ بەندکردن و بە کۆی بەگشتی بە ٢٨ مانگ زیندان سزا درابوو. هەروەها بەپێی ئەم بڕیارە، ناوبراو لە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دژبەر»، بێبەری کرا.
بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی سەبارەت بە چەندێتی ژمارەی تاوانە تەعزیرییەکان، سزای تەواو لەم حوکمەدا واتە ١٦ مانگ بەندی تەعزیری جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو لە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستگیر کرا و لە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.