«ئارمان شادیوەند» چالاکوانێکی ژینگەپارێزی خەڵکی (دەرەشار)ی سەربە شاری ئیلام بە ٢٤ مانگ زیندانی تەعزیری سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لەمدواییەدا «ئارمان شادیوەند» چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی (دەرەشار)ی سەربە شاری ئیلام لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە بە ٢٤ مانگ زیندانی تەعزیری سزا درا. بەپێی ئەم حوکمی دەرکراو ئەم چالاکوانە لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتی «داریوش پیری» بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕژیم” بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی “سووکایەتی بە خامنەیی” بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری سزا دراوە.
ڕۆژی یەکشەممە چواری سەرماوەزی ١٤٠٣، «ئارمان شادیوەند» بۆ لقی دووی دادگای گشتی و ئینقلابی دەرەشار بانگهێشت و دەستبەسەرکرابوو. دواجار ناوبراو پاش ڕۆژێک لە دەستبەسەرکرن بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.