مانگرتنی بەرفراوان لە کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای لەسێدارەدان

لە ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدانی “پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی”، سەندیکا و دووکاندارانی چەندین شاری کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، مانگرتنێکی بەرفراوانیان گرت. ئەم چالاکییە، لە بەرامبەر بانگەوازی حیزبە کوردییەکان و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، سەرەڕای هەڕەشە و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانییەکی بەرچاوی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سەندیکا و دووکاندارانی چەندین شاری کوردستان، لەوانە: (سەقز، کرماشان، سنە، مەریوان، بۆکان، دیواندەرە، مهاباد، کامیاران، ئیلام، بانە، ئیسلام ئاباد غەرب و پاوە) دژی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان و وریشە مورادی، دوو ژنە زیندانی سیاسی کورد، ناڕەزایەتییان دەربڕی و مانگرتنی گشتییان گرت.

سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، ئەم مانگرتنە لە زۆرێک لە شارەکاندا بە تەواوی ئەنجامدرا. لە هەندێک لە ناوچەکان هێزە ئەمنییەکان بە فڕینی هەلیکۆپتەری سەربازی و دروستکردنی کەشوهەوای ترس و دڵەڕاوکێ هەوڵیاندا ڕێگری لە تەشەنەسەندنی مانگرتنەکە بکەن. لە شارەکانی وەک سەقز، دوکانە داخراوەکان نیشانە و مۆر کران و زۆرێک لە هاووڵاتیان لە ڕۆژانی پێش مانگرتنەکەدا کورتەنامەی هەڕەشەئامێزیان پێگەیشتبوو یان بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کرابوون.
چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی مانگرتنەکەش، هێزە ئەمنییەکان شەپۆلێکی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی تۆمەتبار بە بەشداری مانگرتن دەست پێکرد کە لەوانە دەتوانین بە: «ئەمجەد گریاخیز و نەعیم دۆستی»، چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی کەمپێنی دژە سێدارەدان لە شاری سنە و «سۆهەیلا مۆتیعی» چالاکی مافی ژنان لە شاری دێولان، و ژمارەیەک لە کادبکارانی مانگرتوو ئاماژە بکەین.

سەرەڕای هەموو فشار و هەڕەشەکان، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی مانگرتنە گشتییەکەی دوێنێ ئاماژەی بە سەرکەوتنی بەربڵاوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە دەکرد.
ئەم مانگرتنە، ناڕەزایەتی بەهێز و دەنگی گەلی کوردستانی لە دژی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانی نیشان دا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ دەستبەسەرکرانی هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

پ ژانویه 23 , 2025
“هێرش زەندی ناوگران”، هاووڵاتی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەک لە شاری سنە دەستبەسەر کرا. ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە “هێرش زەندی ناوگران”، خەڵکی شاری سنە تەمەن ٣٩ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و ئەندامی کەمپینی […]

You May Like