داوای ئازادی مەرجداری فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە کە ماوەی سزاکەی لە زیندانی ئێڤین بەسەر دەبات، ڕەتکرایەوە. هەروەها ئەم چالاکە نەخۆشی هەوکردنی سییەکانی هەیە، سەرەڕای پێویستی بە چارەسەری پزیشکی لە ناوەندە دەرمانییەکان بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بۆ دووەمین جار بە دژایەتی زابتی یاسایی، داوای ئازادی مەرجداری فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە و بەندکراوی زیندانی ئێڤین ڕەتکرایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم بەندکراوە بە هەژمارکردنی ڕۆژی دەستبەسەرییەوە، یەک لە سێی ماوەی سزاکەی بەسەر دەبات. هەروەها ئەم چالاکە نەخۆشی هەوکردنی سییەکانی هەیە، سەرەڕای سەختی نەخۆشییەکەی هێشتا لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە. لە سێزدەی خەزەڵوەر ئەم چالاکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
فواد فەتحی، پێشتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە چوار ساڵ بەندی تەعزیری، دوو ساڵ قەدەغەی ڕۆشتنە دەرەوە لە وڵات، دوو ساڵ قەدەغەی ئەندامێتی لە کۆمەڵەکان و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و نیشتەجێنەبوونی لە تاران و دەوروبەری بۆ دوو ساڵ سزا درابوو. فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری شاری سنە و دانیشتووی تاران، پێشتر بە تۆمەتەکانی وەکو ئەندامێتی لە کۆمەڵەکانی دژبەری ڕژیم و دژایەتی ئاسایشی وڵات، بە چەندین ساڵ بەندکردن سزا درا. ئەم چالاکە بەهۆی چالاکییە مەدەنیی و کرێکارییەکانییەوە چەندین جار دەستبەسەر کرا و ئازار و ئەشکەنجە دراوە. فواد فەتحی تەنیا نموونەیەکی سەرپێچییەکی فراوانی مافەکانی بەندکراوانی سیاسی لە ئێرانە. زۆرێک لە بەندکراوانی سیاسی لە ئێران لە چاودێرییە پزیشکییەکان بێبەشن و لە دۆخێکی ناتەندروست و نامرۆڤانە دەمێننەوە.