دیوانی دادی ئیداری حوکمی دەرکردنی سومەییە ئەختەرشمار، مامۆستای خەڵکی شاری مەریوان پەسەندکرد

لقی ٣١ی پێداچوونەوەی دیوانی دادی ئیداری بە ڕەتکردنەوەی ناڕەزایەتی سومەییە ئەختەرشمار، چالاکی سنفی مامۆستایانی شاری مەریوان، حوکمی دەرکردنی ناوبراوی پەسەندکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە کاناڵی شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوانی سنفی فەرهەنگیانی ئێران، سومەییە ئەختەرشمار، چالاکی سنفی مامۆستایانی شاری مەریوان دەرکرا. دیوانی دادی ئیداری لە حەوتی گوڵانی ١٤٠٤، ناڕەزایەتی سومەییە ئەختەرشمار، بە ناڕەوا دیاریکرد و حوکمی دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و فێربوون بە بنەمای دەرکردنی ئەم مامۆستایە پەسەندکرد.

حوکمی دەرکردنی ئەم مامۆستایە لە ڕەزبەری ١٤٠٣، لەلایەن دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و فێربوون پەسەند کردبوو و ناوبراو لەمبارەوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە. 

سومەییە ئەختەرشمار، لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لەلایەن دەستەی سەرپێچییەکانی ئیدارەی کارمەندانی پارێزگای کوردستان، لە کار دوورخرابۆوە.

تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە چەندین تۆمەتی جیاوازن. وەکو، “بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی سووکایەتی و هەواڵی درۆ دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی” ڕاگەیەندراوە. “ئەندامبوونی چالاک لە کاناڵە نایاساییەکانی سنفی مامۆستایان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” تۆمەتەکانی دیکەی ناوبراوە. هەروەها ناوبراو بە تۆمەتی “نووسینی ورووژێنەری لە کاناڵی سنفی مامۆستایانی شاری مەریوان، سەوڵئاوا و فەرهەنگیان ئێران” بڵاوکردۆتەوە. تۆمەتێکی دیکە، “دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی بۆ پشتگیری ناڕەزایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”. تۆمەتی دیکە، «پشتگیری لە حیزبەکانی دژبەری ڕژیم و دووبارە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پێوەندیداری ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” ڕاگەیەندراوە. “بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بێ حیجابی خۆی و پشتگیری لە دروشمە جیاکارییەکان” لە تۆمەتە بڵاوکراوەکانی ناوبراوە. هەروەها، “بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بێ حیجابی خوێندکاران و دەرخستنی دروشمە پێشێلکارییەکان” تۆمەتبار کراوە. “بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کوڕەکەی بە لیباسی حیزبەکانی دژبەری ڕژیم و دەرخستنی دروشم و ئاڵای ئەم حیزبانە” بەوە تۆمەتبارکراوە. پاشان، “بڵاوکردنەوەی بابەت لە کاناڵی سنفی فەرهەنگیانی ئێران” لە تۆمەتەکانی ناوبراوە. 

سومەییە ئەختەرشمار، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٦ و خێزاندارە، حەڤدە ساڵ ئەزموونی کاری لە پەروەردە و فێربوون وەکو مامۆستای زمانی ئینگلیسی هەیە.

کۆڵبەرنیوز

You May Like