بەیانییەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی خاتوو شلێر ڕەسووڵی

بەیانییەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی خاتوو شلێر ڕەسووڵی و حەماسەی پڕشکۆی خەڵکی مەریوان لە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢(١٤٠١)

بێگومان ئەگەر خاتوو شلێر ڕەسووڵی متمانەی بە یاساکانی دەسەڵات و فەرهەنگی پیاوسالاری کۆمەڵگا لە بەرگری کردن لە شەرافەت و کەرامەتی ببوایە قەد لە بەرانبەر ئەو پیاوەی کە دەیویست وەحشیانە دەستدرێژی بکاتە سەری هەوڵی خۆکوشتنی نەدەدا.

کۆچی دوایی خاتوو شلێر بۆ بنەماڵە و خزم و کەس و تەواوی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دڵتەزێن و تراژیک بوو، وەها تاوانگەلێک ناخهەژێن بۆ کۆمەڵگا قبووڵ ناکرێت.

ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان هاوکات لەگەل ئەوەی کە لە دڵەوە خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەی بەڕێزی خاتوو شلێر و تەواوی ژنان و پیاوانی شەریفی کۆمەڵگا دەزانین، سپاسی بەشداریی پڕشکۆی خەڵکی مەریوان، ژنانی شۆڕشگێڕ و ڕێکخراوە و کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنانی قوربانی و مەحکووم کردنی ئەم تاوانە قیزەونە. بەشداریی ئێوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز حەماسەیەکی هەتاهەتایی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و مەریوان لە ١٧ی خەرماناندا تۆمار کرد.

بێگومان شلێر ڕەسووڵی هەر وەک هەزاران ژنی بێتاوان و بێ پەنای کۆمەڵگا پێش ئەوەی لە لایەن پیاوێکی نەخۆش و وەحشییەوە قوربانی بکرێت، لە لایەن یاسا و شەریعەت و فەرهەنگی پیاو سالاری کۆمەڵگاوە قوربانی کراوە. بۆیە ڕەخنە و بەرپرسیاریەتیی سەرەکی ڕووبەڕووی یاساکانی دەسەڵات (لە بەرگریکرن لە مافی ژنان) و فەرهەنگی پیاوسالاری دەبێتەوە.

بۆ سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی مەریوان ڕوونە کە ساڵانێکی زۆرە لاتپەروەری و بوونی ئاشکرا و بێ ترسی کۆمەڵێ لاتولووت و چەقۆکێش و ڕێگر بووە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی،
بێگومان ئەوان لە سێبەری ئەمنی دەم و دەسگا ئەمنییەتییەکان و پەیوەندییەکانیان بوێری دەسدرێژی کردنە سەر دارستان و ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانیان پەیا کردووەو هەر وەها کۆمەڵێکیان لە ئەمساڵدا وەحشیانە دەسدرێژییان کردە سەر کۆبوونەوەی هێمنانەی ئەو مامۆستایانە کە بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆیان و قوتابیانیان هاتبوونە سەر شەقام.

بە داخەوە زۆربەیان لە ژێر سێبەری یاسای لاواز و بەکەڵک نەهاتوو بەو شێوە درێژە بە تاوانەکانیان دەدەن و تاونەتاوێ لە مەریوان و خەڵکی شۆڕشگێڕی قوربانی دەگرن.

بێ‌گومان حەماسەی بەشداریی هەزاران کەسیی خەڵکی مەریوان لە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠١، هاوکات لەگەل دەربڕینی پشتیوانی لە خاتوو شلێر ڕەسووڵی و قوربانییان دەسدرێژی و سەرجەم قوربانییانی دیکە لە مەریوان و کوردستان بە گشتی هەڵگری پەیامێکی جدییە بۆ سەرجەم دام ودەزگاکانی دەسەڵات کە لە ئەرکی سەرەکییان واتە بەرگریکردن لە مافی مەشرووعی شارۆمەندان کەمکاری قەبووڵ ناکرێت و بە هەموو شێوازێ ڕووبەڕوویان دەبینەوە و هەروەها ئەم بەشدارییە پڕشکۆ و مێژووییە
هۆشدارێکی جدییە بۆ دیاردەی لاتپەروەری و پاراستنی ژمارەیەکی کەم لە بەرانبەر نەبوونی ئەمنییەتی شارۆمەندانە.

ڕێکخراوه مەدەنییەکانی مەریوان
١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری سەقز لەسەر کارەساتی ژینا( مەهسا)ی ئەمینی

ج سپتامبر 16 , 2022
ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری سەقز لەسەر کارەساتی ژینا( مەهسا)ی ئەمینی جەماوەری بەڕێزی کوردستان بە گشتی وخەڵکی خۆنەویست و خۆڕاگری شاری سەقز بەتایبەتی:هەر وەک ئاگادارن لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی گەشتی ئیڕشادی تارانەوە، مەهسا(ژینا)ی ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی شاری سەقز بە بیانووی حیجابەوە دەسبەسەر دەکرێت و بە هۆی […]

You May Like